دواین هەواڵ

ڕێگا بەرەو هیچ شوێنێک"، پشکنینی ستراتیجییەتی خۆتێکدەرانەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

2 رۆژ پێش ئێستا

دوای 7/10 لە کورتە بابەتێکمدا ڕەخنەم لە حەماس گرت، لەوەی کە یاری بە چارەنوسی هاوڵاتیانی خۆیەوە دەکات. هەڵبەت ئەو ڕەخنەیەم پێشتریش لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد گرتووە و شانازیکردن بە زۆری ژمارەی شەهیدانەوە، نەک هەر شانازی نیە، بەڵکو جۆرێکە لە سکانداڵ و دەبێت بەرپرسیارەکان لەو هەموو خوێنە بدرێنە دادگا، چونکە باکیان بە ژیان و خوێنی هاونیشتمانیانی خۆیانەوە نەبووە. ئایا ئەو پێوەرە تاچەند ڕاستە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی باکووری کوردستان؟ چۆن لەدوا چالاکی 23/10ی ئەو هێزە بڕوانین، کە بەرپرسیارێتییان گرتە ئەستۆ؟

هەوڵ و خەبات لەپێناو ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانی، یەکێکە لە بنچینە ئەخلاقییەکانی ژیانی مرۆڤ. مانەوە لەژێر دەستەیی و کۆیلایەتی، دژ بە سروشت و خواستی مرۆڤی ئازادە. بۆیەشە بەدرێژایی مێژوو، گروپە مرۆییەکان قوربانیی بەردەوامیان بۆ ئازادیی و ڕزگاریی بووە. لەو ڕووەشەوە دەیان تیۆریی جیاواز هەن بۆ پێشخستنی شەڕی ڕزگاری و شکۆی مرۆڤەکان. لێرەدا بۆ ناسینەوەی سروشتی ڕووبەڕووبوونەوە و ئەو چەمکانەی کە لە تیۆرییەکانی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەدا بەکار دەهێندرێن، ئاماژە بەچەند تیۆرییەک و پوختەی ناوەرۆکەکەیان دەکەم، دوایی لەژێر تیشکی ئەو چەمکانە شڕۆڤەی ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە و کۆی سیستمی رووبەڕووبوونەوە و پرسی شەری ڕزگاریخوازیی دەکەین.

یەکێک لە تیۆرییە هەرەباوەکان، تیۆری ماوتسی تۆنگە لە شەڕی نەتەوەدا، کە جەوهەری شەڕی ڕزگارییە، بەتایبەتیش لە ململانێ نابەرامبەرەکان، کە سێ قۆناغي سەرەکی دیاریکردوون، ئەوانەش:

قۆناغي یەکەم: خۆڕێکخستن و مۆبیلیزەکردنی دانیشتوان، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی شەڕی پارتیزانی بەرگری بەشێوەیەکی سنووردار، لەو قۆناغەدا بزووتنەوەی چەکداری کار لەسەر دروستکردنی شەرعییەت دەکات لەنێو هاوڵاتیانی خۆیدا.

قۆناغی دووەم: فراوانکردنی چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی و بەئامانجگرتنی ژێرخانی بنەڕەتی دوژمن و کارکردن لەسەر پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتر. لەو قۆناغەدا کار لەسەر لاوازکردنی هێزی دوژمن دەکرێت.

قۆناغی سێیەم: گواستنەوەی ململانێ بۆ جەنگی تەقلیدی و ڕووبەڕووبوونەوە، جەختکردنەوە لەسەر بەزاندنی دوژمن بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

لەو بارەیەوە زۆر تیۆری دیکە هەن، یەکێکی دیکەش لەوانە بریتییە لە تیۆری یاخیبوون و دژە یاخیبوونی دێڤد گالۆلا، کە جەخت لەسەر بەدەستهێنانی شەرعییەت و باڵادەستی ئەخلاقی دەکاتەوە، کە کارێکی چارەنوسسازە بۆ پشتیوانی بەرەی ڕزگاریخواز. ئەو بۆلای خۆ ڕاکێشانی (دڵ و ئەقڵ) بەگرنگ دادەنێت کە هیچی لە سەرکەوتن لە شەڕەکان کەمتر نیە.

دیارترین تیۆری تازە لەو بوارەدا تیۆری وەچەی چوارەمە (Fourth-Generation Warfare). لەو تیۆرییەدا جەختکردنەوە لەسەر "هەڵمەتی سایکۆلۆجی، پڕوپاگەندە، تاکتیک و هێرشی ئەلەکترۆنی" لەپێشەوەی ریزبەندییەکانە لەپێناو پوچەڵکردنەوەی ئیدارەی سیاسەتی داگیرکەر. بۆیە لەو تیۆرییەدا بەرەی ڕزگاریخواز دەبێت خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بپارێزێت. بەکارهێنانی میدیا و زانیاری لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. بچووککردنەوە و پوچەڵکردنەوەی ستراکتۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دوژمن بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، نەک لەڕێی هەڵمەتی سەربازیی ڕووتەوە. شەری وەچەی چوارەم، جەخت لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، هەروەها بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و سەرلێشێواندنی دوژمن بەجۆرێک بەردەوامبوون لە داگیرکارییەکەی بگەیەنێتە ئاستی مەحاڵ.

ئەوەی کە لێرەدا دەیبینین، هەردوو تیۆری ماوتسی تۆنگ و گاردیۆلا، جەختکردنەوەی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کلاسیک، لەو قۆناغەی کە هێشتا تەکنۆلۆجیا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی کە لەو ساڵانەی دواییدا وڵاتان پێی گەیشتوون، بۆیە جەختکردنەوە لەسەر ئەو شەڕە کلاسیکییە و شەڕی نابەرامبەر، جۆرێکە لە خۆکوژی و قوربانی زیاتر و مانەوە لەناو تۆنێڵێکی داخراو دا. بەڵام تیۆری وەچەی چوارەم، دەکرێت لەو قۆناغەدا بەوردی کاری لەسەر بکرێت و پێڕەوی لەهەندێک لە برگەکانی بکرێت. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکوور، تاکەی لەو تۆنێڵە داخراوەدا دەمێنێتەوە، بێ ئەوەی بستێک پاشەکشە بە هێزی داگیرکەر بکات؟ ئەی ئەگەر هیچێک لەو قۆناغانە دوای دەیان ساڵ جێبەجێ نەبوون و بە ئامانج نەگەیشتن؟ تا ڕۆژی ژیانەوە دەبێت لەهیچێک لەو قۆناغانە دەرنەچین؟ چۆن پێداچوونەوە بەشەری ڕزگاری بکەین لە دۆخی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجییای نوێدا؟

ئەگەر لەهەر یەکێک لەو تیۆرییانە و هیدیکەش وردبینەوە، دەبینین جەخت لەسەر شەرعییەت دەکەنەوە. شەرعییەت لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی. بەبێ ئەو شەرعییەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز ناتوانێت شەڕی ڕزگاریی بباتە پێشەوە و گۆرانکاری لە بونیادی ڕووبەڕووبوونەوەدا بکات. لەڕووی ئەخلاقیشەوە خوێنی هاوڵاتییان بەرپرسیارییەتێکی گەورەی سەر شانی ئەو بزووتنەوەیە. خودی ئەو بزووتنەوەیە لەپێناو ئازادی و پاراستنی گیان و کەڕامەتی هاوڵاتییانە، هەر کاتێک ئەو ئامانجە بووە مەحاڵ، دەبێت بیر لە تاکتیکەکان بکرێتەوە. بەر لەهەر هەنگاوێک پێویستە قازانج و زیان بەراورد بکرێن، ئینجا هەنگاو بهاوێژرێت، ئەوە چش لەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە شەڕەکە لەپێناو ڕزگارییە نەک بچێتە چوارچێوەی ستراتیجییەتی هێزە ناوچەییەکان و بوون بە پرۆکسی وڵاتانی دیکە، چ جای ئەوەی کە ئەو وڵاتانەش هەر داگیرکەری بەشێک لە خاک و کەڕامەتی نەتەوە بن.

شەڕ دەبێت لەپێناو ئازادی و کەڕامەتی مرۆڤەکان بێت، نەک لەپێناو ئایدیۆلۆجیا و یوتۆپیایی ئایدیۆلۆجی. خەڵك بەگشتی ژیان و ئازادیان دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانن وەکو مرۆڤەکانی دیکە بژین. چەکێک یا چالاکییەک نەتوانێت لەنزیک مەودا و دوور مەودا خزمەت بەو ئامانجە بکات، دەبێت دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەر دابندرێن. ئەوەی بزووتنەوەی گەریلاکان لە تورکیا لەو رۆژانەدا لە گەرمەی گفتوگۆی پرسی کورد لەناو پەرلەمانی داگیرکەردا ئەنجام درا، ناچێتە ناو هیچێک لەو پێوەرانە. ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7/10 ئەنجامی دا، ناچێتە ناو هیچێک لەو پێوەرانە، پێشتریش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی تامیل کەوتە ناو هەمان ئەو هەڵانەوە، تا لەبەین برا و نەتەوەی تامیلیش گەرەترین قوربانیی دا بە جینۆسایدیشەوە. زۆر بە ئاشکرا دیارە کە زیانی ئەو جۆرە چالاکییانە بەراورد ناکرێت بە دەسکەوتەکان، ئەگەر هەر دەسکەوتێکی هەبێت. ئەوە چش لەوەی کە شەرعییەتی هەردوو بزووتنەوەی باکووری کوردستان و حەماسی فەلەستینی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لەژێر پرسیار دان و نەیان توانیوە ئەو شەرعییەتە نیمچە ڕەهاییەش بەدەست بێنن کە زۆر گرنگە بۆ شەڕی هاوچەرخ.

ئەوەی کە جێگای گومانە لەو چالاکییەی 23/10 ی ئەنقەرە، دەمەوێت لە چەند خاڵێکدا وردی بکەمەوە:

یەکەم: لەکاتێکدا کە داگیرکەر لەڕووی تەکنۆلۆجییەوە، لەوپەڕی توانا و پێشەکەوتنی خۆی دایە. لەڕووی جیۆپۆلیتیکیشەوە، توانیویەتی سنوورەکانی گۆڕەپانی ململانێ ببڕێت و بەدەیان کیلۆمەتر ململانێکە لەناوخۆی سنوورەکانی دوور بخاتەوە. جگە لەوەی کە لە چیا دوورەدەستەکانیشەوە رۆژانە گەریللاکان ڕاو دەکات.

دووەم: چالاکییەکە لەکاتێکدا دێت کە گفتوگۆی پرۆسەی سیاسی لەرۆژەڤدایە و "بزووتنەوەی سیاسی نەتەوە" کە خۆی لە "دەم پارتیدا" دەبینێتەوە، لەناو ململانێ و پەرلەمان و شەقامدا بەرگەی هەموو فشارەکان دەگرێت، بەسەدان سیاسەتمەدار و چالاکوانی لە گرتووخانەکان دان. لەوکاتانەدا "توندڕەوترین هێزی شۆفینی دوژمن"، دێتە سەر خەت و شەقام و ستراکتۆری پرسی کورد دەشڵەقێنێت و جارێکی دیکە ناوی کورد و پرسی کورد دێنێتەوە ناو میدیا و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. تۆ لەو چرکەساتەدا دەرفەت بە "بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەکەت" نەدەیت و بە چالاکییەکی سنووردار هەموو ریسەکان بکەیتەوە خوری، نیشانەی زۆر پرسیاری جیددی دەوڕوژێنێت، کە تیاشیدا دوو جەوانی کورد دەبن بە قوربانی.

سێیەم: ئەو "بزووتنەوە ڕزگاریخوازە"، ئێستا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، هەوێنی ئیدارەی هەرێمێکە بەناوی "ئیدارەی خۆسەری ڕۆژهەڵاتی باکووری سوریا"، لەژێر چاودێری گەورەترین زلهێزی دونیا، دەبوایە هەموو تواناکان لەپێناو پارێزگاریی و بەدەستهێنانی شەرعییەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت بۆ ئەو هەرێمە خۆسەرییە. وەها چالاکیەک چی دێنێت کاتێک دوژمن پەلاماری ژێرخانی ئەو هەرێمەت بدات و دەیان هاوڵاتی کوردی ئەو هەرێمە بکاتە قوربانی، رێک وەکو ئەوەی حەماس کردی و بووە هۆی قوربانی نەک هەر دەیان هەزار کەس، بەڵکو خودی هەرێمەکە و گەورەترین زیان بە پرسی نەتەوەیەک؟

چوارەم: لەو دژبەرییە و کۆنتڕادیکشنە ورد ببنەوە. لەلایەک تۆ هەرێمێک بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئیدارە دەکەیت و لەژێر هەژموونی هێزێکی نێودەوڵەتی دایە و دەیپارێزێت. بەڵام هەمان ئەو هێزە بەئاشکرا لەبەرەی موقاوەمە هەژمار دەکرێت، بەرەیەک کە ڕێک دژی ئەو دەوڵەتە زلهێزەیە کە دەیپارێزێت؟ ئەم کەموکوڕییە بەدرێژایی بزووتنەوەی سیاسی کورد هەر هەبووە. سەرانی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشووریش بەردەوام چاویان لەدەستی ئەمریکا بووە، تا ئەوڕۆش رەخنە لە هێنری کیسنجەر دەگیرێت، بەوەی کە کوردی فرۆشتووە، لەهەمان کاتیشدا خۆیان بە مارکسیست/لێنینیست دەزانی و شان و خەون و خەیاڵیان لە مۆسکۆ بوو. چ جۆرە بزووتنەوەیەک ئەو جۆرە هەڵە ستراتیجییانە دەکات؟

پێنجەم: بەر لەو مێژووە و بەرلەو بگرەوبێنە سیاسییەی ناو پەرلەمانی دەوڵەتی داگیرکەر، کوان ئەو هەڵەمەتە سایبیریانەی دژ بە دوژمن، کە تێکدانی سیستمی ئەلەکتڕۆنی دەوڵەت بەرامبەر بە هەزاران سارۆخ و کاولکارییە؟ کوا ئەو شەرعییەتە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەی کە بەدەست هاتووە، ئەوە چش لە لاوازبوون و پاشەکشەکردنی شەرعییەتی ناوخۆیی؟ خۆ ئەگەر دڕندەیی دوژمن و کوردۆفۆبیا نەبوایە، ئەو دوژمنە تۆزەک مرۆڤدۆستانە لەگەڵ پرسی نەتەوەیەک مامەڵەی بکردبوایە، بەدڵنیایی شەرعییەتی ئەو بزووتنەوەیەی دەگەیاندە سفر. بۆچ بیر لەوە نەکراوەتەوە کە چەند زیانێکی گەورەیە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز ببێتە نیشانەی تیرۆر و دژەیاسا؟

لەکۆتاییدا، ئەو نوسینە، وڕوژاندنی کۆمەڵێک پرسیارە، لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئازادی و چارەنووسی نەتەوە کە دەیان ساڵە لەژێر هەڕەشە دان. بزووتنەوەی سیاسی لەباشوور، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ بە شەڕ و توندوتیژی نەیتوانی ململانێکە یەکلا بکاتەوە، تا خەڵک لە 1991 رانەپەری و لەرێی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەشێک لە هەرێمی باشوور ڕزگار کرا. ئایا ئازادی و ڕزگاری هەرێمی باکوور دوای زیاتر لە چل ساڵ لە خەبات و خوێن و فرمێسک، "ئەوە چش لە هەموو ئەو هەوڵ و خەباتەی شەست ساڵی دوای دامەزراندنی دەوڵەت و لکاندنی باکوور بەو دەولەتەوە"، بەتوندوتیژی کلاسیک چارەسەر دەبێت؟ هەروەها، هەرێمی رۆژئاواش ئەنجامی دەرفەتێکی مێژوویی بوو و دۆخەکە قۆزرایەوە و بۆ یەکەم جار کورد لەو هەرێمە هەناسەیەکی ئازادیان هەڵمشت بەچاوپۆشین لەهەموو ئەو ئاڵەنگاریانەی کە هاتۆتە بەردەمیان.

لەو ململانێیەدا ئەولەویەت و ریزبەندی بۆ ئازادی و سەرفرازی نەتەوەیە یاخود بۆ ئایدیۆلۆجیا؟ وەک ئەوەی حەماس کردی و دەیکات، کە لەکۆتاییدا جڵەوی ڕووداوەکانی خستە دەستی دەوڵەتێکی دیکە، دەوڵەتێک کە هێندەی تەماشای بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆی دەکات چارەگی ئەوەش باکی بە ژیان و گوزەرانی هەرێمی غەززە نەبووە و نیە. ئایا ئەو ئەزموونەی حەماس بەس نیە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکووریش سوودی لێ وەربگرێت و هەڵەی لەو جۆرە دووبارە نەکاتەوە؟ بۆ نەتەوەکان لە هەڵە و کەموکوڕییەکانیان سوود وەرناگرن؟ پرسیارێکە و هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP