دواین هەواڵ

!دۆزەخ یا بەزەیی داگیرکەر

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

16/02/2025

داگیرکەر کار لەسەر نیشتمانسازی خۆی دەکات، دەیەوێت هەموو هاووڵاتییان بە داگیرکراوەکانیشەوە وەکو گەنم بە دەستاڕ بهاڕێت. لە پرسی زۆر بچووکەوە دەست پێ دەکات، ئەها هەژماری بانک ناو دەنێت (توطین)، کە واتاکەی لە بەنیشتیمانییکردن نزیکە. لەکاتێکدا هەژماری بانک لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو، پرسێکی تاکە کەسییە و هەر کەس بۆ خۆی هەژمارێک لە بانک دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئەو دائیرەی کاری تێدا دەکات و موچەکەی ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری ئەو بانکەی کە دڵخوازی فەرمانبەرەکە خۆیەتی، ئینجا ئەو بانکە ئەهلی بێت یان حکومی، بچووک بێت یا گەورە.

بۆیە داگیرکەر ئەگەر لەدیوی دەرەوەشی ڕەحمەت بێت، لە دیوی ناوەوەی عەزاب دێت، دەزانێت چۆن داگیرکراو بهاڕێت و بیتاوێنێتەوە. ئەوانەی کە تەنها خاکیان داگیرکراوە هەست بەو جیاوازییە دەکەن، بەڵام ئەوانەی لەپاڵ خاکەکەیان، ئەقڵ و هۆشیشییان داگیرکراوە هەست بەو جیاوازییە ناکەن، ڕێک وەکو کەسێک گێژ بێت، یان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە پەلەقاژێدا بێت. ئەوانە بە ئاسانی دەچنە باوەشی تاوانبارێکیش.

چارەسەر بۆ گەیشتن بە ژیانێکی خۆشگوزەران، داگیرکەر نییە، دەسەڵاتی داگیرکەر نییە، پایتەختی داگیرکەریش نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانیی. خۆڕێکخستن و نیشتیمانسازییە. دوورکەوتنەوەیە لە شارچێتی و گەڕەک و خێڵ و ناوچەگەرێتی. نیشتیمان هی هەموومانە با داگیرکراویش بێت، بەڵام داگیرکەر دوای ئەوەی نیشتیمانمان تەعریب دەکات، ئەقڵەکانیشمان دادۆشێت و خۆفرۆشتن بەرامبەر دەکات بە پاروێک نان. ئەمە قسەیەک و بانگەشەیەک نییە، ئەمە مێژووی سەدان ساڵەی ئەزموونی نەتەوەکانە. داگیرکەر هەرگیز نەبووە بە فریادڕەس و قەتیش نابێت بە فریادڕەس.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP