دواین هەواڵ

داهاتووى عێراق بەرەو کوێ ؟

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق لە مێژووى دروستکردنى زۆرە ملێی دوێنى و ئەمرۆى دواى 23 ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعس ، بە یەک لە خراپتر و پڕکێشەترین و ئاڵۆزترین جۆرەکانى حکوومڕانى لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەژمار دەکرێت ، لە نێو عێراقدا هیچ لایەنێک بچووکترین وەلا و خۆشەویستى بۆ ئاڵا و خاک و مێژوو و دەوڵەتەکە نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنى هیچ سەروەرییەک نییە ، وێراى ئەوەى خاوەن دەستوورى هەمیشەییە و سیستەمێکى فیدڕاڵى و دیموکراسىییە ، بەڵام لەلایەن چەند گروپێکى میلیشیایی و تایفییەوە بە فەرمان و دەستوەردانى دەرەکى بەڕێوە دەبرێت ، ئەوەش ئاستى متمانە و سەقامگیرى و دڵنییایی و خزمەتگوزارى گشتى لە خراپترین دۆخ دایە 
دابەشبوونى دەسەڵات و بوونى حکوومەتێکى سیبەر لە نێو حکوومەتى بەغدا دا بە ئاسانى درکى پێدەکرێت ،هەروەها بە تاڵانبردنى سەروەت و سامانى گشتى لەماوەى 23 ساڵى رابردوو و دیارنەمانى ملیاردها دۆلار  وایکردووە ، شتێک بەناوى دەوڵەتدارى عێراق بوونى نەمێنێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکاش بە ڕێگەى خۆیەوە لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنى هەژموونى ئێران و دەستڕۆیشتوویی بە سەر حکوومەتى عێراقدا ، کۆنتڕۆڵى دارایی و نەوتى عێراقى گڕتۆتە دەست ، ئەوەش وایکردووە عێراق ببێتە شوێنى ململانێی جەمسەرە ناوچەییەکانى و زڵهێزان ، هەموو ئەو هۆکارە ئەمنى و سیاسى و ئابوورییانە وایانکردووە ، شتێک بەناوى عێراقى خاوەن  سەروەرى بوونى نەمێنێت ، تەنها ئەوەى لە ئێستادا هەیە ، عێراق بووەتە شوێنى یەکلاکردنەوە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، عێراق بە لاوازترین قۆناغى خۆیدا تێدەپەرێت ، خەڵکى ئەو وڵاتەش باجى قورسى بێ دەوڵەتى و دەستوەردانى دەرەکى دەداتەوە و هەرگیز هەستى بە سەقامگیرى و دڵنییایی نەکردووە 

عێراقى میلیشیایی و پاشاگەردانى چەکدارەکان سەروەى نەهێشتووتەوە
بەدڵنییاییەوە لە پاش کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاو هاوپەیمانان ، جارێکى تر عێراق بەرەو  دەسەڵاتى میلیشیاکان و چەکدارەکان دەروات و شتێک بەناوى ئاشتى و ئارامى و یاسا بوونى نامێنێت ، هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش هەرکامیان بە لەبەرژوەندى خۆیان کار دەکەن و سەروەرى عێراق زیاتر تووشى لێکترازان و بێ متمانەیی دەبێتەوە 

عێراقى بارمتەکراوە  لەرووى دارایی و ئابوورى و هەر جوڵەیەکى هەڵە کارەساتى بەداوە دێت

عێراق لەماوەى 23 ساڵى رابردوو نەک هەر نەیتوانیی ،جگە لە فرۆشتنى نەوت و هیچ سەرچاوەیەکى داهاتى دیکە گەشەپێبکات ، و پارەى فرۆشتنى نەوتیش راستەوخۆ دەچێتە نێو بانکەکانى ئەمەریکا ، بۆیە ئەمە بەهێزترین کارت و گوشارى واشنتۆنە بۆ سەر بەغدا لە ئەگەر ڕێگە دان بە مانەوەى گروپە میلیشیا و چەکدارەکان و هەنەوەشاندنەوەیان ، ئەوەش وادەکات لەماوەى چەند رۆژێکدا ، گوشارەکانى ئەمەریکا عێراق تووشى داڕامانى قورسى ئابوورى و دارایی بکاتەوە و شتێک بەناوى سەروەرى ئابوورى بۆ بەغدا نەمێێنتەوە و واتە عێراق لەڕووى داراییەوە بارمتەکراوە و کۆنتڕۆڵکەى لە دەستى ئەمەریکادایە 
 بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێن ، چەندین ساڵە ئێران هەژموونى خۆى بە سەر عێراقدا سەپاندووە ، بەغداش بچووکترین دەسەڵاتى نییە بۆ ئەوەى خۆى لە چەنگى تاران رزگار بکات ، هەر دوو گوشارى جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ، وادەکات کە گرژى و زیانى گەورە بەر عێراق بگەێنێت ، بەتایبەتى عێراق وەک دوا سەنگەرى بەرگرى ئێرانە لەناوچەکەدا ، بۆیە داهاتووى عێراق بەهۆى نەبوونى سەروەرى سیاسى ، ئەمنى و ئابوورى و بێ توانایی لە خۆرزگارکردن لە هەژموونە ناوچەییەکان و ئێران زیانى گەورە بە عێراق دەگەێنێت و رۆژانى داهاتووش باشترین بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP