دواین هەواڵ

سەرۆكی هودا پار داوای گۆڕینی دەستوور دەكات لە بەرژەوەندی كورد

‌كارزان گلی

2 رۆژ پێش ئێستا

یەك سەعات هاتە لای سەرۆك بارزانی هەستی نیشتیمانی جوڵا و لە توركیا هەرای ناوەتەوە
سەرۆكی هودا پار داوای گۆڕینی دەستوور دەكات لە بەرژەوەندی كورد


زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆكی هودا پار، داوا دەكات توركیا پەلە بكات لە گۆڕینی مادەی٤ی دەستووری توركیا، چونكە ئەوان بەتەواوەتی رەتی دەكەنەوە. ئەم گوتەیەی زەكەریا، هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە لە توركیا و داوا دەكرێت دژی بوەستنەوە و بەهیچ شێوەیەكیش دەستكاری ئەو مادەیە نەكرێت.

پەرلەمانی توركیا، چەند رۆژێكی تر دەست بەكۆبوونەوەكانی دەكات، سەرەكیترین تەوەریش گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، گۆڕینی دەستووری توركیا، كە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەردەوام دەڵێت دەستوورەكە دەستوورێكی كودەتاییە و دەبێت بگۆردرێت، كوردیش دەیەوێت لە دەستووری تازەدا دەستكەوتی هەبێت.

هودا پار، كە پارتێكی دینییە و پێشتر ناوی حیزبوڵا بوو، كوردی باكوور مێژوویەكی تاڵی لەگەڵ حیزبوڵادا هەیە، چونكە دەستیان هەبووە لە تیرۆركردنی سەدان گەنج و نووسەری كورد، لە ناویاندا موسا عەنتەر.
بەڵام هودا پار، بەئاشكرا دەڵێن، ئێمە ئەو پارتە نین كە لە نەوەدەكاندا بەناوی حیزبوڵا بوونی هەبووە، ئێمە داوای مافی كورد دەكەین، هەروەها هاوپەیمانە لەگەڵ ئاكەپە و خودی ئەردۆغان و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەنگیان بە ئەردۆغاندا.

زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، گوتی پێویستە مادەی ٤ی دەستووری توركیا بگۆڕێت، گۆڕینی ئەو مادەیەش واتە گۆڕینی مادەی ١ تا ٤، چونكە هەموو ئەو مادانە لە دەستووردا پەیوەستن بەیەكترییەوە.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، لە لێدوانێكیدا دەڵێت: ”پڕەنسپی ١ تا ٤ی مادەی دەستووری توركیا، نەگۆڕە و نابێت گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.“

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، پێیوایە گفتوگۆكردن لەبارەی مادەی ٤ی دەستووری توركیا، بەو واتایە دێت، زەكەریا دژی سیستەمی عەلمانییە لە توركیا، ئێمە دەزانین ئەو بۆچی باسی ئەو مادەیە دەكات و ئەوان درێژەپێدەری حیزبوڵان لە پەرلەمانی توركیا.

زەكەریا، وەكوو وەڵامێك بۆ ئۆزگوور ئۆزەل، لە هەژماری خۆی لە (X) دەنووسێت: ”وەك بڵێی قسە بۆ گەمژەیەك بكەم و هەموویم یەك یەك باس كرد، بەڵام هێشتان تێناگەین، ئێمە ناڵێین هەموو مادەكان بگۆڕدرێن، بەڵكوو تەنیا دژی مادەی چوارین.“

مادەی ١ تا ٤ی دەستووری توركیا چی تێدایە؟

لە مادەی یەك و دوودا نووسراوە ”كۆماری توركیا ئارامی بۆ كۆمەڵگە فەراهەم دەكات، هەروەها فیكری میللی و عەدالەت دەهێنێتە بوون، رێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و پەیوەستە بە ناسیۆنالیستی ئەتاتوركەوە و هەروەها دەوڵەتێكی سیكۆلارە و پەیوەستە بە یاساوە.“

لە مادەی سێیەمدا، باس لە مارشی نەتەوەیی توركیا دەكات، هەروەها زمانی توركی، كە لەو زمانە زیاتر هیچ زمانێكی تر ناناسرێت.

مادەی چواریش، داكۆكی دەكات لە سێ مادەی یەكەم و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت دەستكاری بكرێت و بگۆردرێت.

زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، لەگەڵ ئەوەدایە، زمانی كوردیش لە پاڵ زمانی توركی بناسرێت، هەروەها دژی سیستەمی سیكۆلارە بۆ توركیا.

هودا پار، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا لە ٢٠٢٣، توانی ٤ پەرلەمانتار بباتەوە، هەروەها دەنگەكانی نیو ملیۆن دەنگ بوو و قورسایی ئەو پارتەش لە باكووری كوردستانە.

پێشتریش سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، پێی باش بووە، دەم پارتی، هاوپەیمانیی لەگەڵ هوداپاردا ببەستێت، بەڵام بەگوێیان نەكرد.

تێبینی: بۆ خۆم نەفرەت لە حیزبوڵا دەكەم، چونكە لە نەوەدەكان دەیان گەنجی كوردیان كوشت، بەڵام ئەم زەكەریایە، بەروحێكی تر هاتووەتە پێش و دەیەوێت كوردبوون لە پێش دیندارییەوە بێت لای، بۆیە دەمیرتاشیش پێی باش بووە، كورد لێی نزیك ببێتەوە و هاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستێت، دەنگەكانیشی كەم نین زیاترە لە نیو ملیۆن دەنگ.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP