دواین هەواڵ

جیاوازییەكانی پارتی و یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا

‌كارزان گلی

پێش 1 هەفتە

_ پارتی لە لوتكەیە، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنە هەر لە لوتكە بمێنێتەوە و شەڕی ئەوە دەكات لوتكە نەداتە دەستی هیچ پارتێك.

بەڵام یەكێتی بۆ خۆی رایگەیاندووە، كە دەیانەوێت بگەن بە لوتكە، واتە نەیانتوانیوە بگەنە لوتكە، بەو مانایەی پێگەی جەماوەری و عەقڵییان نەگەیشتووەتە پارتی.

_ دەكرێت بڵێین پارتی وەكوو هەڵۆیەك هەڵسوكەوت دەكات، بەدرێژایی مێژووش هەروای كردووە، بۆ نموونە، زۆرجار كەوتووە، كەوتنێك ئەگەر بە هەڵۆی بچوێنین، زۆرجار هەڵۆ ناتوانێت ئەوەندەی مریشكێك بفڕێت، بەڵام دواجار هەڵۆ خۆی كۆكردووەتەوە و بەرەو لوتكە هەڵفڕیوە.

هەرچی یەكێتییە سیفاتی مریشكی هەیە، لەدوای راپەڕین و شەڕی ناوەخۆ، هەر ئەوەندەی مریشكێك توانیویەتی مەترێك بفڕێت و لەوە زیاتر توانای نییە، ئەرێ بینیوتانە مریشك ئەوەندەی هەڵۆ بەرزەفڕ بێت؟ كەوایە گەیشتنی یەكێتی بەلوتكە ئەستەمە.

بەكورتی، ئاساییە رۆژانێك بێت، هەڵۆ ئەوەندەی مریشكێك بفڕێت و پاشان بەرەو لوتكە هەڵفڕیوە، بەڵام نەبیستراوە و نەبینراوە مریشك، ئەوەندە هەڵۆ بەرزەفڕ بێت.

یەكێتی بیری لەوە نەكردووەتەوە، كە بردنەوە لە هەڵبژاردن سەركەوتنی گەورە نییە، مەستت بكات، بەڵكوو ئەوەی گرنگە، كاتێك دۆڕایت چۆن هەستیتەوە و سەركەوتن بەدەستبهێنێت. یەكێتی لە كەركووك ٥ كورسی هێنا، ئیدی لەبیری چوو كە سەركەوتنی گەورە ئەو پێنج كورسییە نییە، سەركەوتنی گەورە ئەوەیە، كاتێك لە هەڵبژاردنی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان دۆڕا، چۆن بتوانێت هەستێتەوە.

_ بەلای پارتی سیاسەت بەرزترین هونەرە بۆ كۆمەڵگە، واتە دەبێت هونەرمەندانە سیاسەت بكەیت، وەكوو چۆن هونەرمەندی باڵا هونەری باڵات پێشكەش دەكات، كە دەڵێین سیاسەت بەرزترین هونەرە، واتە سیاسەتێكی باڵات پێشكەش بكات.

هەرچی یەكێتییە، واتێگەیشتووە سیاسەت هونەرێكی باڵایە، بۆیە دەبێت هونەرمەند بەربژێر بكات بۆ پەرلەمان، واتە لە مانای سیاسەت بە جوانی نەگەیشتووە.

_ پارتی خاوەنی دەیان سەروەریی رابردووە لەڕووی خزمەتگوزاری و بەردەوامیشە، واتە خزمەتگوزاری زۆری پێشكەش بە خەڵك كردووە، سەرەڕای تێبینی و كەموكورتییەكان، لەبەرامبەردا یەكێتی لەوڕووەوە هیچ سەروەرییەكی نییە.

_ رەنگە لەشەڕی دەروونی هەڵبژاردندا، یەكێتی لە پارتی باشتر بێت و شەڕێكی دەروونی سەختی دەستپێكردووە، كە ئەو شەڕە دەروونییە ئاساییە و لەهەموو هەڵبژاردنێكی جیهانیدا هەیە، بۆیە پارتی دەبێت لەڕووی شەڕی دەروونییەوە زیاتر هەوڵ بدات و شارەزایانە كاری بۆ بكات.

_ پارتی دەنگەكانی جێگیرن، واتە ئەگەر لایەنگری پارتی لە پارتیش نیگەران بێت و بڵێت دەنگی پێنادەم، دەنگ بە پارتێكی تر نادات. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، بەشێكی موحافیزكارەكان دەنگیان بە ئاكەپە نەدا و لێی نیگەران بوون، بەڵام دەنگیان بە پارتێكی تریش نەدا و نەچوونە سەر سندوق، بۆیە ئاكەپە هەوڵ دەدات، ئەو دەنگە ناڕازییانە ئاشت بكاتەوە، دەكرێت پارتیش ئاشتیان بكاتەوە، كە رێگەی ئاشتبوونەوە زۆرە و لە داهاتوو باسی دەكەم.

بەڵام دەنگی یەكێتی پەرت و بڵاوە، ئەوانەی لە یەكێتی نیگەرانن، یان دەنگ بە بەرەی گەل دەدەن، یان نەوەی نوێ، ئەمەش دەنگی یەكێتی كەم دەكات.

_ پارتی لە یەكێتی كۆكەرەوە ترە، سەنتەریزم لەناو پارتیدا پتەوترە، یەك سەرۆكیان هەیە و هەموو لەژێر چەتر و فەرمانەكانی ئەودان، بێگومان جەنابی سەرۆكیش بەڕاوێژ بڕیار دەدات. بەڵام یەكێتی سەنتەریزم نییە، راستە دەڵێن ئێمە یەك سەرۆكمان هەیە، بەڵام تاوەكوو ئێستاش ئەوانەی سەر بە بنەماڵی بەڕێز كۆسرەت رەسوولن، پێیان عەیبە بڵێن سەرۆكی ئێمە باڤڵ تاڵەبانییە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت. بۆ نموونە، چەند مانگێك بەر لە ئێستا، لە كاك عەدنان موفتیان پرسی كێ بە سەرۆكی خۆت دەزانیت، گوتی سەرۆكی من كاك كۆسرەتە.

_ یەكێتی گرنگی بە پۆلیستی دەدات، واتە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە پۆپۆلیستانە سیاسەت بكات، تا بتوانێت دەنگێكی زۆر بهێنێت، دیارە سوودی لەو راستڕەو و پۆپۆلیستەكانی ئەم دواییەی هەڵبژاردنی ئەورووپا و ئەمریكای لاتین وەرگرتووە، كە پۆپۆلیستەكان سەركەوتوو بوون تێیدا، بەڵام پارتی بڕوای بە پۆپۆلیستبوون نییە، رەنگە یەك تا دوو بەربژێری پۆپۆلیست بن، بەڵام وەكوو ستراتیژی پارت، پۆپۆلیستبوون گرنگی پێنەدراوە.

_ یەكێتی وەفای بۆ سەركردە بەئەزموونەكانی خۆی نییە، ئەوانەی دامەزرێنەری یەكێتی بوون و تەمەنی خۆیان لەسەر ئەو حیزبە دانا، یەك یەك لەناو دەبرێن، وەكوو چۆن حیزبی تۆتالیتار لە جیهاندا، كار لەسەر لەناوبردنی كەسە نزیكەكانی ناو حیزب دەكات، یەكێتیش هەمان رێگەی گرتووەتە بەر، دیارترین نموونە مەلا بەختیار و مامۆستا جەعفەر و فەرەیدوون عەبدولقادر و سالار عەزیز و زۆری تر.

پارتی بەپێچەوانەوە، حورمەت و رێزێكی زۆر بۆ سەركردە بەئەزموونەكانی دادەنێت، تەنانەت ئەنجوومەنی تێكەشەرانی دامەزراندووە، بۆ ئەو سەركردانەی بەئەزموون و تەمەنێكیان لەناو حیزب بەڕێكردووە، لەو ئەنجوونە كار بۆ حیزب دەكەن و رۆڵی راوێژكار دەبینن.

ئەم جیاوازییانە و زۆری تر، لە هەڵبژاردندا بەرەو رێگەی سەركەوتنت دەبەن.

تێبینی: ئەو وتارانەی دەینووسم بۆچوونی خۆمە، مەبەستیشم ئیستفزاز یان سووكایەتی بە یەكێتی نییە و هەرگیز رێگە بەخۆم نادەم سووكایەتی بە هیچ پارتێكی سیاسی بكەم، رێزم بۆ یەكێتی هەیە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. وەكوو شڕۆڤەكارێك و ئەندامێكی پارتی، تەنیا بۆچوونی خۆم دەنووسم و دەیگەیەنم، ئەمەشم بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەمە تا بەشێوەیەكی تەندروست و ژیرانە، جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستدا بمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP