دواین هەواڵ

ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەتوانێت كورسییەكەی ئەردۆغان بەدەست بهێنێت؟

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

هیچ كاتێك ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئەوەندەی ئێستا نزیك نەبووەتەوە لە سەركەوتن بەسەر پارتی دەسەڵات كە ئاكەپەیە، بەتایبەت كاتێك لە هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠٢٤ی شارەوانییەكان، جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، توانی ببێتە زۆرینە و ٣٧٪ی شارەوانییەكانی توركیای بردەوە و ١١ گەورە شارەوانیشی بەدەست هێنا، كە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرای تێدا بوو. بەڵام دەبێت ئەوەش باس بكرێت، هیچ كاتێك پارتی دەسەڵات، ئەوەندەی ئێستا كار ناكات بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتوو بێت، خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە خەڵك نزیك بووەتەوە و تیمێكی گەورەی پێكهێناوە تا بتوانن دەنگدەرە تۆراوەكان ئاشت بكەنەوە.

ئەگەر لە هەر هاووڵاتییەكی توركی بپرسیت، بۆچی دەنگ بە ئاكەپە نادەیت؟ بێ دوودڵی و بیركردنەوە، دەڵێت رەوشی ئابووری خراپە و هەراسان بوین بەدەست بێكاری و هەژاری گرانی خۆراك.

هەروەها لە باكووری كوردستان، قەیرانی دارایی سەختترە، بەڵام لەوێ دوو هۆكاری سەرەكی هەن كە لایەنگرانی ئاكەپە لە پارتەكەیان نیگەرانن، یەكەم پرسی چارەسەری لە توركیا فەرامۆش كراوە و دەسەڵاتیش زۆر توند بووە بەرامبەر بە دەم پارتی، هەروەها قەیرانی داراییش یەكێكیترە لەو هۆكارانەی دەنگی ئاكەپە لە باكووری كوردستان كەمی كردووە.

بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی ئەنجام دراون، ئەگەر لەمساڵدا یان لە ٢٠٢٦، توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، جەهەپە دەبێتە زۆرینە و هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەتوانن سەركەوتوو بن، بەو مەرجەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ بەربژێری جەهەپە بێت، هەروەها دەنگدەری دەم پارتی دەنگی پێبدەن، چونكە لە هەموو هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتیی، دەنگدەری كورد و بەتایبەت دەم پارتی، یەكلایی دەكاتەوە كێ دەبێتە سەرۆك و زۆرینە.

ئەردۆغان، ئەو راستییە دەزانێت كە بارودۆخی پارتەكەی باش نییە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش ئەوە روون بووەوە كە ئاكەپە دەنگەكانی ١٤٪ كەمی كردووە، بۆیە نایەوێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنیپێشوەختەوە، دەیەوێت شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، واتە لە ئازادری ٢٠٢٨ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەردۆغان دەیەوێت پارتەكەی كۆ بكاتەوە، هەروەها دەنگدەرە تۆراوەكانیش ئاشت بكاتەوە و رەوشی ئابووریی باش بكات، واتە ئەو سێ ساڵەی لەبەردەمی ماوە، هەوڵی جیدی بدات تا رێژەی هەڵاوسانی ئابووری كەم بكاتەوە و رەوشی ئابووریش باش بكات، ئەوكات بچێتە ناو هەڵبژاردن.

راستە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان جەهەپە بووە زۆرینە، بەڵام ئەمە پێوەر نییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، بەهەمان شێوە جەهەپە سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیدا، ئەردۆغان توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و هەروەها هاوپەیمانیی (كۆماری)یش بووە زۆرینەی پەرلەمان.

بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێرێكی لاواز بوو، بۆیە ئەردۆغان توانی بەسەریدا سەركەوێت، بەڵام ئەگە ئەمجارەیان ئیمامئۆغڵو ببێتە بەربژێری جەهەپە، ئەركی ئەردۆغان زۆر قورس دەبێت.

ئەردۆغان، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە خزمەتێكی گەورەی توركیای كردووە، هەموو رێگاكانی نێوان شارەكانی كردووەتە ئۆتۆبان و دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لە شارەكانی توركیا جێبەجێ كردووە، بۆیە پارتەكەی و خۆی بەئاسانی ناكەوێت، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بدۆڕێنێت، كار دەكات تا بتوانێت بەگڕوتینەوە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، بەڵام قەیرانی دارایی بووەتە بەڵایەكی گەورە بەسەر ئەردۆغان و ئەگەر چارەسەری نەكات و كوردە موحافیزكارەكان ئاشت نەكاتەوە، ئەستەمە بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی كۆمار دانیشێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP