دواین هەواڵ

لەبارەی ٣١ی ئابەوە ئەم بۆچوونە بخوێنەوە و بیری لێبكەرەوە

‌كارزان گلی

پێش 3 هەفتە

گریمان كالیایێڤ، بۆ ئەوەی زۆردار و ئەژدیهایەك بكوژێت، دەمانچەیەك لە كەسێكی تەواو خراپەوە پەیدا دەكات، لە كەسێكی دز و هیچ و پووچەوە كاتێك بەڵێنی نان و پارە و ڤۆدگای پێدەدات.

ئایە كەس دەتوانێت سەرزەنشتی كالیایێڤ بكات، بەرامبەر بە ”مامەڵەكردنی لەگەڵ دزێك“دا، بۆ پەیداكردنی چەكێكی كوشندە؟ هەموو مرۆڤێكی ئاقڵ دەڵێت ”نەخێر“.

ئەگەر كالیایێڤ نەتوانێت لە هیچ جێگەیەكی تر دەمانچەیەكی دەست بكەوێت و گەر بەڕاستی نیازێكی پاكی هەبێت، لە بەكارهێنانی ئەو دەمانچەیە (بۆ كوشتنی زۆردارێك نەوەك بۆ دزێك)، ئەوا نابێت سەرزەنشتی بكرێت بۆ پەیداكردنی دەمانچەیەك بەم شێوەیە.

بەڵام گەر دزێك، لەبەر كوشتنی كەسێك لەپێناو دزیكردندا دەمانچەیەك لە دزێكی تر وەربگرێت، لەبەرامبەر پارە و نان و ڤۆدگادا، ئایە كەسێك دەتوانێت ئەم جۆرە (مامەڵەكردن لەگەڵ دز)دا، بەراورد بكات بەو جۆرە مامەڵەیەی لەلایەن كالیایێڤەوە ئەنجام درا؟

نەخێر، هەموو ئەو كەسانەی لەسەر هۆشن نەخۆشی گەڕییان نەگرتووە، ئەڵێن نەخێر نابێت ئەو جۆرە بەراوردكارییە بكرێت.

لە٣١ی ئابدا، پارتی بۆ لەناوبردنی زۆردارێك، یان هەر ناوێكی تری لێدەنێیت، چەكی لە كەسێكی خراپ و هیچ و پووچ وەرگرت، ئەو كەسەش سەدام حوسێن بوو، وەكوو ئەوەی لینین باسی دەكات، ئەگەر بەڕاستی نیازێكی پاكت هەبێت لەبەكارهێنانی ئەو چەكەدا، ناكرێت سەرزەنشت بكرێیت لەسەر وەرگرتنی ئەو چەكە، یان هێنانی هێزی سەدام، چونكە لەلایەك خاكی هەرێمت پاراست لەوەی ئێران داگیری بكات، لەلایەكی تر، لەدوای ٣١ی ئاب، ئیدی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئاساییش بۆ هەولێرییەكان هاتە دی.

هیوادارم پەیامەكە گەیشتبێت و لێی تێگەیشتبن.

تێبینی: كالیایێڤ ئای (١٨٧١_١٩٠٥)، ئەندامێكی كۆمەڵەی رووبەڕووبوونەوە بوو لە حیزبی سۆسیالیستی شۆڕشگێریدا، بەشداری چەندین كرداری تیرۆرستی كردووە. لە ٤ی شوباتی ١٩٠٥، حاكمی گشتی مۆسكۆ و دوقی گەورە س ئا رۆمانۆڤ و مامی نۆكۆلاسی ٢ی كوشت، لە ١٠ی ئایاردا لە شكلوسێربێرگ لە سێدارە درا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP