دواین هەواڵ

بافل تاڵەبانی، مۆدێلی سیاسی نوێ!

‌ئاسۆ حاجی

پێش 2 هەفتە

 

لەیبوک(موهەڕیج) یان ئەوەی بە زمانی بازاڕی پێی دەڵێن (قەشمەر-لەوچە) کەسێکی نیە بتوانێت هاوکێشە قوڕسەکان بگۆڕێت، لە باشترین دۆخدا نمایشێکی پێکەنیناوی یان خەمبار دەکات، بۆ ئەوەی خەڵک پێی پێبکەنن یان فرمێسکی بۆ بڕێژن. لەیبوک هەوڵدەدات سەرنجی خەڵک لە سەر خەمەکان لابدا و شتێکیان بداتێ پێی پێ بکەنن. ئەوە باشترین شتە کە دەتوانێت بیبەخشێت.

لە کوردستان ئەوانە زۆرن، سۆشیال میدیا دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون، گوتاری پۆپۆلیستی هانیان دەدا و کارئاسانیان بۆ دەکات، وەرگری بەدبەخت و نەزانیش دەبێتە دەستێک و لایکیان بۆ دەکات یان چەپڵەیان بۆ لێدەدات، هەندێکجاریش جوێنیان پێ دەدات. ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ لەیبوک (موهەڕیج) هەردوو کاردانەوە جێی دڵخۆشین، بەوەی ژمارەی شۆپێنەرەکانیان(فەلۆوەر) زیاد دەکات و بابەتەکانیان دەبنە ترێند.

لە کایەکانی هونەر و ئاین و کۆمەڵایەیی و میدیا ئەزموون و نموونەی زۆرمان هەیە، کەسانێک کە ناوبانگیان پەیدا کردووە و هەندێکیشیان پارە، لە هزری هەر یەکێکمان چەندین ناو ئامادەیە، مۆدێل بێت یان مەلا، حیزبی بێت یان نا حیزبی، چاکسازی کۆمەڵایەتی بێت یان تێکدەری کۆمەڵایەتی، هونەرمەند بێت یان هونەردز، شێخ بێت یان شێت، ئێستا سیاسیشی هاتۆتە سەرێ جا ئەو سیاسیە سەرۆک بێت یان بنۆک.

دیارترین سیاسی کە ئەو ڕێبازەی بۆ گەیاندنی پەیامە سیاسییەکانی گرتۆتەبەر کاک بافل تاڵەبانیە، زیرەکانە وشە و دەستەواژەکانی هەڵدەبژێرێت، پەیامەکەی لە چێوەی (سیاق - کۆنتێکست) دادەڕێژێ و ئامانجەکەی لە خاڵێکدا دەپێکێ، کە نەیار و ڕکابەرەکانی دەخاتە دۆخی کاردانەوە و لە جیاتی ئەو و میدیای حیزبەکەی، لایەنی ڕکابەر دەبنەوە بڵندگۆی پەیامەکەی و لە فراوانترین و بە باشترین شێوە بۆی بڵاودەکەنەوە و  ئەو چەند وشەی فڕێی دەدات دەبنە ترێند، هەر ئەوەیە مەبەستی سەرەکی بافل و ئەو کەسانەیە کە فێری دەکەن.

کاک بافل لە و دنیا مەجازیەی ئەنتەرنێت، لە ڕاکێشانی سەرنجی یار و نەیارانی سەرکەوتوو بووە. لە ڕێگای ئەو گوزارشت و دەستەواژانەی کە بەکاریان دەهنێ و مەبەستی سیاسیان لە پشتەوەیە. بەڵام ئایا لە دونیای حەقیقی دا سەرکەوتو دەبێت، ئەوە ڕۆژی دەنگدان وەلامەکە وەردەگرینەوە. 

ژمارە و داتاکان، ناوی لایەنە ڕکابەرەکان و شوێن پێ و هێزی جوگرافیان، ئەوەمان پێدەڵێن، کە لەوە ناچێت ئەنجامەکەی بە دڵی بافل و حیزبەکەی بێت. چوونکە بە کورتی و بە کوردی و ڕاستەقینەکە ئەوەیە: 

- بافل تەنها درێژکراوەی مێژووێکە کە هەرگیز لە ڕکابەرەکەی نەبردۆتەوە.
- لە سەر ئاستی کوردستان نا بەڵکو لە سەر ئاستی ئەو جوگرافیایەی کە لە ژێر کۆنتڕۆلی حیزبەکەیدایە، لەوە ناچێت بافل بتوانێت ببێتە زۆرینە.

- بافل هەوڵدەدات سەرنجەکان بباتە دەرەوەی سلێمانی، کە زیاتر لە سی ساڵە بە دەست خراپی حوکمڕانی و ئیدارەی حیزبەکەی و بنەماڵەی دەناڵێنێت.

- بافل هەوڵدەدات شەڕەکە بخاتە هەولێر، کە نوێنەرایەتی هێلی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستانی دەکات و ئەو پاڵپشتیە دەرەکیەی لە بافل دەکرێت بۆ شکست پێهێنانی هەولێرە نەک سەرکەوتنی بافل.

لە ڕووی میدیا و سۆشیال میدیاوە بافل سەرکەوتووە، نەک لەبەر ئەوەی قسەکانی گرنگ و کاریگەرن، نەخێر! بەڵکو تەنها هۆکار ئەوەیە کە نەیار و ڕکابەرەکەی بافل کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆ ئەو هەڵبژاردنە، نە گوتارێکی سیاسی ڕوون و بەهێزی هەیە، گوتاری میدیایشی ئەوەندە لاوازە، کە تەنها بریتیە لە کاردانەوە و تەنها نوزەیەکە و تەنانەت پارتیەکانیش نایبیستن.

لە باشترین حالەتدا بافل تاڵەبانی دەچێتە ڕیزی کەسە بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیای کوردی، لە نموونەی مام ڤاندام، ئەبو چیچۆ، حەمکۆ، مەلا عەلی کەلەک و کارەی بەرخە سپی و کەسانی دیکە. هەروەها دەبێتە یەکێک لەو ناوانەی کە هەوڵیاندا بە خۆڕادەستکردن بە داگیرکەران، بەسەر پارتی و بارزانی سەرکەون، بەڵام خەونەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆڕ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP