دواین هەواڵ

پەڕلەمان و هێزی میانڕەویی ئاینی!

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

پێش 3 هەفتە

خەڵکانێک بەناوی حاجی و مەلا، تەلەبەی تەجویدی کۆن و فەقێ و موستەعیدی نەخوێندەوار، لەدەرەوەی ئەو بەرە میانڕەوە ئیسلامیە خەریکی فێڵ و گەمەی سیاسین بۆخۆیان، خەریکن بەناوی ئەخلاق و دینداریی عەوامزەدەوە، بەناوی حەج و عەمرەو بەرەنگاری زوڵم و ستەمەوە ئەو بەرە ئیسلامیە میانەڕەوە هەم شەق بکەن و هەم قۆرخ بکەن بۆخۆیان بۆ چوونە ناو پەڕلەمانەوە. ئەو تایپە دین و میمبەرو شەعیرەکانی بەکاردێنن تەنها بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و مەبەستی سیاسیی ئینتیخابی دیماگۆگی و زۆر جاریش بە نەتیجە هەموو قورسایی و خزمەتەکانیان دەخەنە بازنەی دەسەڵات و ئیئتیلافە پەڕلەمانیەکانیان، هەموو ئەو دۆخە بەهۆی نەبوونی ڕوانگەو بەرنامەو میدیای هاوچەرخ و گوتاری بەرە ئیسلامیە میانڕەوەکە دروست بوون و دەنگی خەڵک دەماشنەوە، بەرە ڕەسەن و ئەسڵیەکە نەیانتوانی خۆیان ڕێک بخەن و خەڵک ئاراستە بکەن و هەمیشە بەو کەمە ڕازین ئەوەش کۆتایی گوتاری ڕکابەریی سیاسیە.

خاوەنە ڕەسەنەکەی میتۆدی ئیسڵاح و میانڕەویی خەریکی چین؟

بێگومان خەریکی گرفتە ناوخۆییەکان و درەوشانەوە بچوک و نەرجسیەکانی خۆیانن، قولاپیان گیرکردوە لەومشتە تەنزیماتەی خۆیان و دەرگاکانیان قەپات کردوە بەڕووی ئەوانیترداو وادەزانن دەنگی تەنزیمی مونتەزەم تا موجاهید و ئیسلامیە ئاینخوازەکانی نوێژی جومعەو جەماعەت کافییە، دەی ئەوە هەڵەو پێشبینییەکی ناڕاستە، ئەو فۆکەسە بۆ هەڵبژاردن دروست نیەو دەبێ بیگۆڕن تا خەڵکانیتر بەو میتۆدە سوار دەنگی خەڵکی ئیسلامدۆست نەبن بەرەو پەڕلەمان.

ئاخر هەر حیزبێکی مۆدێرن لە هەڵبژاردن بەتەنها پشتی بە تەنزیم و دەنگی مسۆگەرو نەرجسیەتی خۆی بەست، بێگومان دۆڕاوە، حیزبی نوێ لە ئێستای پرۆسە دیموکراسیەکانی هەڵبژاردن، دەبێ حیزبی دەنگدەرو میکانیزم و تاکتیکە ئینتیخابیەکان و هێزی شەقام بێت و بەڕووی ئەوانی تردا بکرێتەوە وەک نەهزەی تونسی و ئاکەپەی تورکی و ئیسلامی مالیزیی و ڕەفاهی ئەندۆنوسی.

ئیسلامی میانڕەو کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕابەرایەتی دەکا، خاوەن کەرەستەکانی نارەزایەتی و خستنەڕووی دیدێکی ڕەخنەیی واقیعین بۆ گۆڕانکاریی، لێ نابێت گوتاری ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و هێڵی میانەڕەوی خۆی تێکەڵ بە ئەجێندای ئۆپۆزسیۆنی ساختەو پۆپۆلیزم بکات، نابێ لە سێبەری ئەوانیتردابن، دەبێ ئازادانە هاواربکەن و گوتارێکی سیاسی نەگۆڕو نەتەوەیی ئاینی ڕاقیی بەرهەم بهێنن، تەواو جیاکەرەوەبن، بەڵام هێشتا ترس زاڵە لەهەناوی تەبلیغاتیی و کەرەستە ئایدۆلۆژیەکانی ئەم ڕەوتە، هێشتا بێمنەتن لە هەڵهاتنی کارەکتەرو داعیە بەهێزەکانیان، زۆرترین ڕەمزەکانی ئەم بەرە ئیسلامییە یان سەرگەردانن بەدەست میتۆدی ئیشکردنەوەو نازانن چۆن خۆیان نمایش بکەن یان عاجزو بێزارن لەو جۆرە کارکردنە تەقلیدی و تاقەتپڕوکێنە، دواجار نەشیانتوانیوە خۆیان نوێ بکەنەوە و قبوڵی کاراکتەرو سەرکردەی نوێ و گەنج و خاوەن ڕوانگە بکەن، ئەگینا ئەم هێزە ڕاقیە مێژوویی و داهێنەرەی میانڕەویی دەبێت بە بیست کورسیەوە لەپەڕلەماندا بێت نەک کەمتر.

ئایا میانڕەویی لە پاشەکشەدایەو ئایکۆنی بەربەری و گەعدەچی و تیکتۆکچی و فیگەری بازاڕیی جێگای گرتۆتەوە؟
#تکایە گفتوگۆ بەهێمنی نەک قسەی جادەو گیرفان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP