دواین هەواڵ

پەڕلەمان و ھێزی میانڕەویی ئاینی!

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

پێش 4 هەفتە

خەڵکانێک بەناوی حاجی و مەلا، تەلەبەی تەجویدی کۆن و فەقێ، لەدەرەوەی ئەو بەرە میانڕەوە ئیسلامیە خەریکی گەمەی سیاسین بۆخۆیان، خەریکن بەناوی ئەخلاق و دینداریی عەوامزەدەوە، بەناوی حەج و عەمرەو بەرەنگاری زوڵم و ستەمەوە ئەو بەرە ئیسلامیە میانەڕەوە ھەم شەق بکەن و ھەم قۆرخ بکەن بۆخۆیان بۆ چوونە ناو پەڕلەمانەوە. 

ئەو تایپە دین و میمبەرو شەعیرەکانی بەکاردێنن تەنھا بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و مەبەستی سیاسیی ئینتیخابی دیماگۆگی، زۆر جاریش بە نەتیجە ھەموو قورسایی و خزمەتەکانیان دەخەنە بازنەی دەسەڵات و ئیئتیلافە پەڕلەمانیەکانیان، ھەموو ئەو دۆخە بەھۆی نەبوونی ڕوانگەو بەرنامەو میدیای ھاوچەرخ و  گوتاری بەرە ئیسلامیە میانڕەوەکە دروست بوون و دەنگی خەڵک دەماشنەوە، بەرە ڕەسەنەکە نەیانتوانی خۆیان ڕێک بخەن و خەڵک ئاراستە بکەن و ھەمیشە بەو کەمە ڕازیی بوون کە ھەیە ئەوەش کۆتایی گوتاری ڕکابەریی سیاسیە.

▪️خاوەنە ڕەسەنەکەی میتۆدی ئیسڵاح و میانڕەویی خەریکی چین؟

بێگومان خەریکی گرفتە ناوخۆییەکان و درەوشانەوە بچوک و نەرجسیەکانی خۆیانن، قولاپیان گیرکردوە لەومشتە تەنزیماتەی خۆیان و دەرگاکانیان قەپات کردوە بەڕووی ئەوانیترداو وادەزانن دەنگی تەنزیمی مونتەزەم تا موجاھید و ئیسلامیە ئاینخوازەکانی نوێژی جومعەو جەماعەت کافییە، دەی ئەوە ھەڵەو پێشبینییەکی ناڕاستە، ئەو فۆکەسە بۆ ھەڵبژاردن دروست نیەو دەبێ بیگۆڕن تا خەڵکانیتر بەو میتۆدە سوار دەنگی خەڵکی ئیسلامدۆست نەبن بەرەو پەڕلەمان.

ئاخر ھەر حیزبێکی مۆدێرن لە ھەڵبژاردن بەتەنھا پشتی بە تەنزیم و دەنگی مسۆگەرو نەرجسیەتی خۆی بەست، بێگومان دۆڕاوە، حیزبی نوێ لە ئێستای پرۆسە دیموکراسیەکانی ھەڵبژاردن، دەبێ حیزبی دەنگدەرو میکانیزم و تاکتیکە ئینتیخابیەکان و ھێزی شەقام بێت و بەڕووی ئەوانی تردا بکرێتەوە وەک نەھزەی تونسی و ئاکەپەی تورکی و ئیسلامی مالیزیی و ڕەفاھی ئەندۆنوسی.

ئیسلامی میانڕەو کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕابەرایەتی دەکا، خاوەن کەرەستەکانی نارەزایەتی و خستنەڕووی دیدێکی ڕەخنەیی واقیعین بۆ گۆڕانکاریی، لێ نابێت گوتاری ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و ھێڵی میانەڕەوی خۆی تێکەڵ بە ئەجێندای ئۆپۆزسیۆنی ساختەو پۆپۆلیزم بکات، نابێ لە سێبەری ئەوانیتردابن، دەبێ ئازادانە ھاواربکەن و گوتارێکی سیاسی نەگۆڕو نەتەوەیی ئاینی ڕاقیی بەرھەم بھێنن، تەواو جیاکەرەوەبن، بەڵام ھێشتا ترس زاڵە لەھەناوی تەبلیغاتیی و کەرەستە ئایدۆلۆژیەکانی ئەم ڕەوتە، ھێشتا بێمنەتن لە ھەڵھاتنی کارەکتەرو داعیە بەھێزەکانیان، زۆرترین ڕەمزەکانی ئەم بەرە ئیسلامییە یان سەرگەردانن بەدەست میتۆدی ئیشکردنەوەو نازانن چۆن خۆیان نمایش بکەن یان عاجزو بێزارن لەو جۆرە کارکردنە تەقلیدی و تاقەتپڕوکێنە، دواجار نەشیانتوانیوە خۆیان نوێ بکەنەوە و قبوڵی کاراکتەرو سەرکردەی نوێ و گەنج و خاوەن ڕوانگە بکەن، ئەگینا ئەم ھێزە ڕاقیە مێژوویی و داھێنەرەی میانڕەویی دەبێت بە بیست کورسیەوە لەپەڕلەماندا بێت نەک کەمتر.
 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP