دواین هەواڵ

لە دەست دەرچوون

‌د.سەردار عەزیز

17/08/2024

لە دەست دەرچون، تەنها بۆ فیشەک و ئار بی چی و شتی تر نیە، بەڵکو دەکرێت زۆر شتی تر لە دەست دەرچێت. لێرەدا سەربوردەی پارتی نازییە نوێکانی ئەڵمانیا وەک نمونەیەک باس دەکەم. لە پرۆفایلێکی درێژدا لە ساڵی ٢٠١٤ گۆڤاری دێرشپیگل بێرند لوک Bernd Lucke وەها وێنا دەکات کە کەسێکی پارێزەرە، لە ڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە ڕەخنەی لە حکومەتی مێرکڵ هەیە. پۆلێنی پرۆفایلەکە موغازەلەی پۆپیلیزمە، نەک پۆپیولیزم خۆی.
بێرند لوک لە زانکۆی هامبۆرگ مامۆستای ئابوری بوو. دژ بە سیاسەتی هاوکاری ئەڵمانیا بوو بۆ وڵاتانی باشور، بە تایبەتی یونان. وەک زۆر ئەڵمان وەهای بیردەکردەوە کە یونانیەکان کار ناکەن و پارەی ئەڵمان دەخۆن. دیارە درۆیەکی گەورەبوو، چونکە ئەڵمان زۆر سودمەندتربوو لە قەرزپێدانی یونان لە یونانییەکان. بەڵام مەبەستی لوک ئەوە نەبوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پارتێکی سیاسی وەک بەدیل بۆ ئەڵمانیا دروست بکات.

کاتێک لوک پارتەکەی ڕاگەیاند هەر زوو بوو بە جێگای هەموو ئەوانەی کە دژ بە سیستەمی دیموکراسی ئەڵمانی ئێستان و لە ئەنجامدا لە دەستی دەرچوو بو بە یەکێک لە بەهێزترین پارتە سیاسیە نازییە نوێکانی ئەڵمانیا. بە جۆرێک لە لوک خۆی ناچار بوو بەجێی بهێڵێت.

هەست دەکەم توندڕەوی دینی لە کوردستانی باشور لەو ئاستەدایە. هێزە سیاسییە ئیسلامیەکان حەزی لێناکەن بەڵام ناچارن، چونکە کاتێک کایەی سیاسی دەبێت بە توندڕەویی ئەوا هەموو کێبڕکێ دەکەن لەوەی کە کێ توندڕەوترە. ئەمە لە سەردەمی سۆشیال میدیا و کۆلکە دیموکراسیدا زۆر خراپتر دەبێت. توندڕەو هەمیشە قوربانیەکی هەیە. کەسێک یان لایەنێکی هەیە کە دەیکات بە سەرچاوەی مەترسی. وەک ئەوەی ئێستا لە بەریتانیا دەیبینین کە چۆن موسوڵمانان بە ناهەق کراون بە سەرچاوەی مەترسی.

ئەگەر هەمومان پیاداچونەوە نەکەین بە دیدی خۆماندا، لە دەستمان دەردەچێت. توندڕەوی پێویستی بە دەریچەیە هەتا توندڕەوەکان خۆیان بەتاڵ بکەنەوە. سعودیە ساڵانە هەزاران کەس دەنێرێتە دەرەوە هەتا خۆیان بتەقێننەوە. تەنها لە عێراقدا چوار هەزار کەس خۆیان تەقاندوەتەوە.

بەڵام ئێمە هەر قانگی دەدەین و هیچ دەرچەیەکمان نیە بۆی، لە ئەنجامدا بە خۆماندا دەتەقێتەوە. هەتا ئێستا هەموان وەها دەزانن سودمەندن، پارتی یەکێتی، هەروەها ئیسلامیەکان و فەریکە ئۆپۆزسیونەکان. بەڵام ئاماژەکان ڕونن کە دۆخەکە بەرەو لە دەستدەرچون دەچێت. دین زۆر لەوە گەورەترە یاری سیاسی پێبکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP