دواین هەواڵ

لە سایەی جنێودا

‌د.سەردار عەزیز

09/08/2024

لە پەنجاکان و شەستەکان، بیرمەندی جوو هەنا ئارێنت، پاش هەڵدانی ڕۆکێتی سپۆنتیک، لەوە نیگەران بوو کە، تەکنەلۆجیا، دۆخێکی وەها دروست دەکات، کە جۆرێک لە بیرکردنەوە ببێت بە مۆدێلی زاڵ، زۆرینەی مرۆڤەکان پەراوێزبخات، لە ئەنجامدا کۆتایی بە ئەو دۆخە بهێنێت کە مرۆڤەکان بتوانن هاوبەشییەکی مانا بەخش لە نێوانیاندا بەرهەم بهێنن.
دۆخی ئێمە ئێستا، بە هۆی سۆشیال میدیاوە، گەشتوەتە ئاستێک کە تەنها بێڕێزی و جنێو و سوکایەتی و بوختان و درۆ و ئەم شتانە بەرهەم دەهێنین. ئەمانە دەرەکی و نامۆنین، بەڵکو بە داخەوە بەشێکن لە ناخ و ئاگایی و دۆخی عەقڵی ئێمە.

جنێو، تەنها لە وەڵامی پیرۆزییەکاندا نیە، بەڵکو بەرامبەر هەموو ڕەخنەیەکە کە لایەنی بەرامبەر بە دڵی نەبێت. جنێو مانا نابەخشێت بەڵام بە داخەوە توانای ئەوەی هەیە مانا لە هەموو بەهایەک داماڵێت. لە دۆخێکی وەهادا زۆر لە دەست دەدەیت، بەڵام هیچ بە دەست ناهێنیت.

ئێستا دۆخی کوردستان دۆخی سروشتییە. دۆخێک کە هیچ بەرگریی و ڕێگرییەک نیە لە بەرامبەر ئەوەی هەموو کەسێک، بە هایەک، بونێک، دیدێک ڕسوا بکرێت. لە نەبونی هیچ ڕێگریی و بەرگریی و یاسا و دەسەڵاتێکدا، ئەم دۆخە وەها دەکات کە هەموو کەس ئەویتر وەک نێچیرێک ببینێت هەتا ڕاوی بکات.

جنێو چێژبەخشە بە تایبەتی بۆ مرۆڤە لاوازەکان. کردەیەکی ئاسانە بۆ سفرکردنەوەی هەموو شتێک. بەڵام جنێو کارتی سەرکەوتنە لە کایەی دیموکراسی نەخۆشدا.

ئێستا جنێو بوە بە دەریچەیەک بۆ خۆ بەتاڵکردنەو، لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆرینە هەست دەکەن هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان نیە.

مرۆڤ بە گشتی لە ناو ئاپۆرەدا بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە دەکات. بون لە ئاپۆرەدا بە گشتی سۆز زاڵ دەکات بە سەر ئاوەزدا، بۆیە دروستبونی ئاپۆرەی مەجازی زۆرێک دەهێنێت حاڵ.

بۆ ئەوەی دەنگی عەقڵ زاڵ بێت لە کۆمەڵگایەکی سەرەتایی وەک کۆمەڵگای کوردیدا، دەبێت زەمینەی بۆ بسازێنرێت، هانبدرێت، خەمی بۆ بخورێت.

دۆخی ئێمە ئاڵۆزە و کاتێک لێمان تێک دەچێت، هیچ بەهایەک و بنەمایەک نەماوە هەتا بۆی بگەڕێینەوە.

کە پەرت دەبین، جنێو کۆمان ناکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP