دواین هەواڵ

بۆ کەمیلا دەیباتەوە؟

‌د.سەردار عەزیز

15/08/2024

کەمیلا هاریس لە پێش ترەمپەوەیە. ترەمپ و کۆمارییەکان پەشۆکاون. بەڵام بۆ کەمیلا دەیباتەوە؟ لە ڕاستیدا کەمیلا هەمان یارییەکەی ترەمپ دەکات. یارییەکە بەم جۆرەیە، بانگەشە بگۆڕە بۆ ئاهەنگ. هەوڵبدە کە سۆزی خەڵک بجوڵێنیت و عەقڵیان بخەفێنیت. ئەمە ستراتیژی هەمیشەیی ترەمپ بوو، بۆیە ترەمپ پارتی کۆماریی کردبوە جوڵانەوە. بەڵام ئێستا کە ڕکەبەرەکەی دەیکات ترەمپ فێڵبەتاڵ بوەتەوە. ترەمپ ناتوانێت عەقلانی بێت.

کەرترین کاندید (حەشا حازری) ئەوەیە کە قسە بۆ عەقڵ بکات. کە دێتە سەر بانگەشە ئی کیو گرنگترە لە ئای کیو.

ئەو دەربڕینەی لۆبۆن دەربارەی جەماوەر هەمیشە بەزیندویی دەمێنێتەوە. عەوام تینوی ڕاستی نیە. ئەوان خۆیان لە بەڵگەکان دەدزنەوە ئەگەر لە گەڵ زەوقیاندا تەبا نەبێت، هەڵە بە باشتر دەزانن، ئەگەر هەڵە ختۆکەیان بدات.

هەرکەسێک بتوانێت تراویلکەیان پێبفرۆشێت دەبێتە کوێخایان، هەرکەسێکێش بیەوێت تراویلکەکانیان تێک بدات دەبێت قوربانیان. تاکێک لە جەماوەرێکدا وەک دەنکە لمێک وایە، کە با بە ئارەزوی خۆی دەیهێنێت و دەیبات.

ئایا کەمیلا بەردەوام دەبێت لە بردنەوە، بە تایبەتی هەتا ئێستا هیچ پلان و بەرنامەیەکی جیدی پێشکەش نەکردوە. خۆی لە دیداری قوڵ و درێژ دەدزێتەوە. جارێ کات ماوە. نەیت سیلڤەر دەڵێت کۆمارییەکان وەک ڕوبارن، یان روباریین، بەڵام دیموکراتەکان وەک گوندن، یان گوندیین. دیارە چەمکی ڤیلج جیاوازە لە جوگرافیای ڤیلیج.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP