دواین هەواڵ

ناپێویستیی چەپی نوێ

‌د.سەردار عەزیز

08/08/2024

لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، شەپۆلێک لە ناڕەزایی و ڕوداو نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکریی ئەوروپا دەگۆڕن. ئەوەی کە بە زەقی گەشتوەتە دونیای ئێمە ڕوداوەکانی شەست و هەشتی پاریسە. فیکری فەرەنسی زۆر زاڵە بە سەر خیتابی ئێمەدا. هەتا ئەمڕۆش ناوەکانی ئەو سەردەمە ڕێبەری بیرکردنەوەی دونیای ڕۆشنبیری ئێمەن، وەک ئەوەی دونیا لە شەستەکاندا کۆتایی هاتبێت.

بەڵام جوڵانەوەکانی شەستەکان جگە لە ئەوروپا ئەمریکاشی گرتوبوەوە. یەکێک لەو وەرچەرخانانە کە لەو سەردەمەدا رودەدات دەرکەوتنی چەپی نوێیە. چەپی نوێ زیاتر قوتابیان و خوێندکاران ڕابەرایەتی دەکەن. مامۆستایانی زانکۆ تیوریزەی دەکەن، ئەم دوو خەسڵەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە قاڵبی دەدەن. بۆیە چەپی نوێ جودا لە چەپی تەقلیدی، خۆی زیاتر سەرقاڵی دەسەڵات و جەستە دەکات. یەکێک لە دروشمەکانی چەپی نوێی ئەمریکی ئەوەبوو کە هەرگیز باوەڕ بە کەسێک مەکە تەمەنی لە سی ساڵ زیاتر بێت.

چەپی تەقلیدی کرێکار پاڵەوانی بوو، بەڵام چەپی نوێ کاراکتەرە سەرەکیەکەی چینی ناوەڕاستە، کە بە سروشتی ڕقی لە پاڵەوانێتییە. چەپی تەقلیدی ئابوری پرسی سەرەکی بوو، تەنانەت میتۆدی ڕاڤەکردنی دونیاشی بوو. بەڵام چەپی نوێ نەخۆشە بە دەسەڵات. لە ناوەڕاستی پەنجاکان سی ڕایت مل کتێبە ناسراوەکەی دەنوسێت بە ناوی دەسەڵاتی نوخبە. بە لای ئەوەوە دەسەڵات لە دەستی سێ گروپدایە، سیاسییەکان، خاوەن کۆمپانیاکان لە گەڵ هێزی سەربازیی. ئەم سێ گروپە بە دیدی ئەو دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن چونکە دژایەتی لە بەرژەوەندییەکانیدا نیە. ئەمە لە ئەمریکا، لە بەریتانیا چەپی نوێ خۆی لە گۆڤاری ڕانانی چەپی نوێدا دەبینێتەوە، کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە. گۆڤارێکی بە سودە جار جار، بەڵام خەڵکانی وەک تاریق عەلی و ئەوان زیاتر بەرەو ترۆتسکیەتیان برد و پاشان پۆستکۆلۆنیالیزم و ئینجا شوناسگەرایی.

لە ماوەی ڕابوردودا دەستەواژەی چەپی نوێ لە کوردستانیش ئاماژەی پێدەدرێت. ئەم ناو و ناوازەیە، بە هەموو رەهەندەکانیەوە هەڵەیە.

بە گشتی چەپی نوێ، گەرچی فۆکەسی سەرەکی لە سەر دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵاتخوازنیە، بەو مانایە لە خۆی ڕانابینێت کە پەیڕەوکەری دەسەڵات بێت، بەڵکو لە ڕوانگەیەکی زۆر تەسکەوە، ڕەخنە یان گلەیی لە دەسەڵات دەکات. جیاوازییەکی ئێجگار گەورە هەیە لە نێوان ڕەخنە و گلەییدا. نە ڕەخنە گلەییە و نە گلەیی ڕەخنەیە. ئەگەر چەپی نوێ وەک ئەوانیتر نوێ بێت، ئەوا کورد پێویستی پێی نیە.

خەسڵەتەکانی چەپ بریتین لە توڕەیی، ساویلکەیی، یوتوپیایی و نەکردن. کوردستان پێویستی بە زۆر شتە بەڵام بە هیچ کام لەمانە نیە. ئەم خەسڵەتانە چەپی بە هەڵەدا برد لە تێگەیشتن لە دونیا و خۆیان. لە کاتێکدا ماو تسی تۆنگ بە ملیونان خەڵکی دەکوشت، چەپی نوێ وەک سیمبولی ئازادی دەبینینی. بە هەمانشێوە چەپی نوێ لە ئەمڕۆدا باوەشی بۆ ئیسلامی سیاسی کردوەتەوە.

دونیا بەرەو چەپ ناچێت، بەڵکو بەرەو ململانێی هێز و ناسیونالیزم دەچێت. لە مێژوی نوێدا گەورەترین هێزی ناسیونالیزم پارتی کۆمۆنیستی چینی بوە. ئەمڕۆ پوتین پاڵەوانی زۆر لایەنی چەپە، بەڵام بە هەمانشێوە فاشیستەکانیش.

دەکرێت بوترێت لە مێژوی کوردا هێزێکی سیاسی، بەمانا مۆدێرنەکەی سیاسەت، بونی نەبوە. ئەوانەی هەبوون گروپی شەخسی و تیرەیی و خێڵەکی و ناوچەیی بوون، زیاتر جەبری جیوپۆلەتیکی ئاراستەی کردوون نەک واقیعی کۆمەڵایەتی. ئەم هێزانە کاتێک هەڵیاندەماڵیت بە جوانی لە ژێرەوە خەسڵەتە تیرەگەرێتی و شەخسێتیەکانیان دەبینیت لە بڕی کارکردن لە سەر ئایدیا و جوڵە و شەرعیەت و دەسەڵات و پانتایی گشت و سودی هەمواندا.

هێز و گروپی کوردی دەتوانێت ناو و ناتۆرەی زۆر لە خۆی بنێت، بەڵام بە ئەستەم دەتوانێت نوێ بێت، چونکە ناتوانێت دونیابینی و مەعریفە بونیادبنێت. لە ئەنجامدا نە لە خۆی و نە لە دونیا تێناگات.

بێگومان بە زاڵبونی ئایدەلۆجیای بازاڕ، دیدی چەپ وەک ڕەخنە و بارتاقە پێویستە. بەڵام بە تێگەیشتن لە جەبر و توانای بازاڕ، هەر ناوێکت هەبێت تەنها دەبیتە یەکێکی تر لە کاڵا سیاسییەکانی سەردەمی بازاڕ. سەرەتا دەبێت لە فەلسەفەی بازاڕ بگەین، هەتا دیدی جیاواز لە بازاڕمان هەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP