دواین هەواڵ

پەیوەندی ئیسلامیی ـ یەزیدیی لە کوردستاندا

‌ئەبوبەكر كاروانی

07/08/2024

ڕۆڵی نوخبە لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و قووڵکردنەوەی پێکەوە ژیان

لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، لێدوانێکی نەشیاو بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانان، بەناوی قاسم شەشۆ یەکێ لە فەرماندە سەربازییەکانی یەزیدییەکان بڵاوبوۆوە، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیادا لێکەوتەوە. حەز دەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ تاوتوێکردن و تۆمارکردنی هەندێ سەرنج، لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەیوەندی، زۆرینەی موسوڵمانی گەلی کوردستان و پێکهاتەیەکی تری ئەو گەلە کە یەزیدییەکان پێکیدەهێنن و ڕۆڵی چاوەروانکراوی نوخبەکانی هەردوولا، ئەویش بەم جۆرەی خوارەوە:

یەکەم ـ هەموو بیرکردنەوەیەک دەربارەی ئەوەی ئیسلام وەک ئایین لەگەڵ قڕکردن و پاکتاوکردنی یەزیدییەکاندا بووە، قسەیەکی ناڕاست و خەرافی و ناواقیعی و نامێژووییە. چونکە پێکهاتەیەکی ئایینی کەمینەی وەك ئەوان، لەنێو دەریایەک موسڵماندا، گەر ئیرادەی قڕکردنیان بە کردەوە هەبووایە، دەمێک بوو شتێ بە ناوی یەزیدیی، لانیکەم لەم ناوچەدا بوونی نەدەما و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی موسوڵمانانی ئەندەلووس دەبوو دوای فەرمانی قڕکردنیان لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکییەوە. بوونی فتوایەک و ڕەفتاری خراپی میرێ یاخود کاربەدەستێك لێرەولەوێ، ئەم ڕاستییە مێژوویی و واقیعییە ناشارێتەوە. خودی ڕوحییەتە ئیسلامیە بنەڕەتییەکەو باوەڕی بە فرەئاینییش، کارێکی کردووە، هەموو ئەو شتانە کاریگەریان کاتی و سنووردار بێت و سەر نەکێشێت بۆ قڕکردن و پاکتاوکردن.

دووەم ـ بە پشت بەستن بە خاڵی یەکەم، دووپات کردنەوەی باسی حەفتا و دوو فەرمانی قڕکردن دژ بە یەزیدییەکان لەمێژوودا، لەسەر زاری هەندێ نوخبەی یەزیدی و دەرەوەی ئەوانیش لە ناوەندە عەلمانییە کوردییەکەدا، بەکارێکی ناڕاست و دژ بە بەرژەوەندی یەزیدیەکان و پێویستیەکانی پێکەوە ژیانی ئایینی لە کوردستاندا دەیبینم. چونکە جگە لەوەی هەروەك وتمان بەکارهێنانی وشەی قرکردن هەڵەیە وە ئەگەر ئیرادەیەک بۆ قڕکردنی یەزیدییەکان لە مێژوودا هەبووایە هەرگیز توانای بە گری لە خۆکردنیان نەدەبوو، لێرەشەوە شەڕەکان دژبەوان بەشێوەیەکی گشتی دەچنە چوارچێوەی ئەو شەرە زۆر و زەبەندانەی میرنشین و مەملەکەتە موسوڵمانەکان لە ناوچەکە پێش ئەوان دژ بەیەك کردوویانە باهەندێ جار هاوشێوەی سوودوەرگرتن لە مەزهەب بۆ نێو موسوڵمانان خۆیان سوود لە وەرەقەی ئایینی وەرگیرابێت.

ئەم گوتارە بەکردەوە یەزیدییەکان بە بەنیمچە هەمیشەیی وەک جەستەیەکی نامۆ، نەخوازراو، پەراوێزخراو و ناسرووشتی بە ژینگەکەیان نیشان دەدات و دەهێڵێتەوە! لە کاتێکدا دەبێت، مانەوەی یە زیدییەکان لە ناوچەیەکی بەرچاوی کوردستاندا و پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە واقیعی کوردەواریدا، بکرێنە بنەڕەت و دۆخی سرووشتی و بناغە، پەلاماردانیان لە مێژوو ئێستاشدادا بە نامۆ و ناسروشتی و پێشێلکردنی ئەو بنەماو دۆخە سرووشتی و بنەڕەتیە لەقەڵەم بدرێن و بخرێنەڕوو. پێویستە لەم ڕووەوە یەزیدییەکان ڕێگەنەدەن ئەوان بکرێنە کەرەسەی ناوەندە عەلمانییە توندرەوەکەی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی ناسنامەی ئیسلامیی مێژوویی زۆرینەی موسوڵمان.

سێیەم ـ لە پەیوەندی بە هێرشی دڕندانەی ئەم جارەی داعش بۆ سەر هاوڵاتییە یەزیدییە بێ دیفاع و ستەم لێکراوەکانمان و هەڵوێستی زۆرینەی موسڵمانی گەلی کوردستان ئاماژەکردن بەم چەندخاڵەی خوارەوە بە گرنگ دەزانم:
١- لە ٩٩٪ و زیاتری موسڵمانانی کوردستان، دژی داعش بوون. بۆیە کارێکی هەڵە و نامەنهەجییە کەمینەیەکی لادەر بکرێنە نوێنەری ئیسلام، تەنها لەسۆنگەی بەرزکردنەوەی درووشمی ئیسلامییەوە، ئەو لەسەدا نەوەو نۆو زیاترەو ئەوانەی بەپیر ئاوارەکانەوە چوون و ئەو پێشمەرگە موسوڵمان و نوێژکەرانەی دژی داعش جەنگان و بەشێکیشیان شەهید بوون بکرێن بە نموونە و سەرمەشق! هەڵبەت ئەمە بۆ ناوەند عەلمانییە توندڕەوە کوردییەکەش ڕاستە.

٢- موسڵمانانی کوردستان و بەتایبەتیش لە بادینان زۆر موسڵمانانە و جوامێرانە دەرگای مزگەوت و ماڵەکانی خۆیان بۆ ئاوارە یەزیدییەکان خستە سەر پشت، ناوەندە ئیسلامییەکەی کوردستان و دەزگا خێرخوازییە ئیسلامییەکانیش، لەو هەڵمەتەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. ئەوەش جوانترین دیمەنی ئەخلاقی ڕەتکردنەوەی بەکردەوەی داعش و خوێندنەوە تاریک و خوێناویەکەی بوو بۆ ئیسلام. بەڵکوو پێش ئەوەش بۆ مێژوو لە هەندێ کات و کێشەدا یەکێ هەندێ لە ئیسلامییەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاویان لە کوژاندنەوەی ئاگری هەندێ فیتنەی ئایینیدا لەنێوان بەشێ لە موسوڵمانانی کوردستان و یەزیدییەکاندا هەبووە. بۆ نموونە، لەسەروبەندی کوشتنی دوعادا، خەریک بوو کارەساتێکی خوێناوی گەورە دژ بە یەزیدییەکان لەلایەن هەندێ خەڵکی موسڵمانی ئاسایی چەکداری هەندێ لە حیزبەکان ڕووبدات! یەکێ لە دۆستە یەزیدییەکانم لەو بارەوە پەیوەندی پێوەکردم و داوای یارمەتی لە من و یەکگرتوو کرد. کە ئەو کات بەرپرسیاریتیم لە حیزبەکەدا هەبوو. منیش بەڵێنم پێدان هەرچیمان پێ بکرێت درێغی ناکەین و ناهێڵێن شتی وا لە کوردستاندا ڕووبدات. خۆشبەختانەش توانیمان ڕێ بەم کارەساتە بگرین و یەکگرتووەکانی بادینان و بەتایبەتیش بەرپرسانی دهۆک ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان لەم ڕووەوە هەبوو.

چوارەم ـ پێم وایە لە کاتی ئەم جۆرە پێشهات و گرژیانەدا، نوخبەی هەردوو لا دەبێت بەگیانی لێپرسراوانەوە مامەڵەبکەن و لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و پاراستنی پەیوەندییەکاندا بن، نەك خوانەخواستە بۆ سوودی تاکەکەسی و گرووپی خۆیان بەکاریبێنن، لەم پێناوەشدا بەشەکەی خۆم دوێنێ پەیوەندیم بە بەرپرسێکی یەزیدی خوێندەوارەوە کرد، داوام لێکرد بە ناوی دەزگا و دامەزراوییەکی یەزیدییەوە، ڕوونکردنەوەیەك دەربارەی لێدوانەکەی شەشۆیی بدەن، یان بەسرووشتی حاڵ خۆی ڕوونکردنەوە بدات، بۆ ئەوەی لەسەر کۆی یەزیدەکان نەکرێت بەماڵ، سوودی خراپیشی لێ وەرنەگیرێت. خۆشبەختانەش ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی قاسم شەشۆی بۆ ناردم کە نوکولی لە لێدوانەکەی دەکات و دەڵێت ئێمە پیر و گەورەکانمان فێریان کردووین ڕێز لە ئایین و لەوانەش ئیسلام و هەستی ئایینی موسڵمانان بگرین، لێدوانەکەی منش شێوێنراوەو من باسی توندڕەوی ئیسلامی و داعشم کردووە کە ناوی محەمەد بەکاردەهێنن بۆ لێدانی ئێمە، نەك ئیسلام و موسوڵمانان کە ڕێزم بۆیان هەیە و چاکەی ئەوان لەکاتی ئاوارەبوونمان لەبیر ناکەین.. هتد. کە فۆرمێکی داوای لێبووردنە.

پێنجەم ـ لەگەڵ ستایشی بەدەمەوەچوونی ئاوارە یەزیدییەکان و خوێنی پێشمەرگە موسڵمانە شەهیدەکان و ئەو هەوڵانەش کە هەندێ لە ئیسلامییەکان لە کاتی خۆیاندا بەقازانجی ئەوان داویانە، پێم وایە وەك ناوەندە ئایینی و ئیسلامییەکەی کوردستان و زۆرینەی موسوڵمان، هێشتا وەك پێویست ئەرکمان بەرامبەر هاووڵاتیە یەزیدییەکانمان لەهەردوو ناوەندەکە جێبەجێ نەکردووە:

١- تاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە ئاستی موسڵمانی ئاساییدا، بەشێ لە موسوڵمانان جۆرێ لە هەستیاریی و بەربەستی دەروونی و بیرکردنەوەی نەرێنیان بەرامبەر ئێزیدییەکان هەیە؟ بۆ نموونە، من لە بۆنەیەکدا لە لالش بەشداربووم پاسەوانانی بەرپرسی یەکێ لە دوو حیزبەکە، لەکاتی نانداناندا وتیان مامۆستا ئێمە ئەم نانە بخۆین؟ وتم بۆچی نا، وتیان بەخوا تۆ نەڵێیت دەمی لێ نادەین و بە حەڵاڵی نازانین. دوایی من سەردانی ناو پەرستگای لالشم وەك شوێنەوارێکی مێژوویی کرد، وتیان لەمەدا بە قسەی تۆش ناکەین و نایەین. ئەمەو چەندین نموونەی تر، ئەوەش ئەگەر بەشێکی بۆ موسوڵمانێکی ئاسایی تەفەهوم کراوبێت، بەشەکەی تری لەسەروەستان و ڕاستکردنەوەی دەوێت چونکە هۆکارێکی بنەرەتی ئەم هەستە وێناکردنی مێژوویی یەزیدەکانە وەک شەیتان پەرست، کە لەڕاستیدا بەو جۆرە نییە خەڵکی ئاسایی لێیتێگەیشتوون، ئەوانیش باوەڕیان بە خودای جیهانیان هەیە و بە شێوازی خۆیان دەیپەرستن.

ڕاستیش نییە لەئێستای مێژووی جیهان و ئێمەشدا پەیوەندی منی موسوڵمان بە ئەوی دی یەزیدییەوە تەنها لێکدانەوە مێژووییە ئاینییەکان و ناسنامەی ئایینی دیاریبکات، چونکە ئێمە پێش هەرشتێك خوای گەورە بە مرۆڤ بەدیهێناوین و دەبێت مرۆڤانەش مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین، لەپاڵ ئەوەدا رەچاوی هاوبەشیی نیشتیمانی و نەتەوەیش بکەین و رۆڵیان لە داڕشتنی پەیوەندییەکاندا هەبێت.

٢- پێم وایە ناوەندە ئیسلامییەکەش گەرچی پەیوەندییان یەزیدەکانەوە نەپچڕاندووە بەتایبەتیش یەکگرتوو، بەڵام هەست دەکرێت بە گوێرەی پێویست بە ڕوویاندا نەکراونەتەوەو قەرەبووی بەشێ لەو زەبرە مەعنەوی و دەروونیەیان بۆ نەکردوونەتەوە، کە داعش بە ناوی شەریعەت و دینەوە لێی داون! بە ڕاشکاوی و دەنگی بەرزەوە لە یاد و بۆنەکانیان وقسەکردن لەسەر کەیسەکانیان لەسەر خەت نین. کە بە ئەزموونی خۆم کاریگەری زۆری دەبێت و باوەشی واڵای بۆ دەکرێتەوە. لەباریشیدایە بەشێکی بەرچاو لە بەدگومانی و هەستە نەرێنییەکانیان کەم بکاتەوە و وێنە شێواوەکانیش، زیاتر ڕاست بکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP