دواین هەواڵ

چەند سەرنجێک لەبارەی ئەگەری جەنگی نێوان ئيسرائيل و ئێران

‌رەنج نەوزاد

05/08/2024

هەرچەند ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خودی ئێران نایانەوێت جەنگی ئیسرائیل و ئێران ڕووبدات، بەڵام گریمان ئێران لە خاکی خۆیەوە وەڵامێکی ڕاستەقينە و کاريگەر ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات. ئایا جەنگ هەڵدەگیرسێت؟ ڕێگرییەکانی بەردەم ئەو جەنگە چین؟ شێواز و سیناریۆی جەنگەکە چۆن دەبێت؟

ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە ئەوەیە کە ئێران ناچارە و هەر دەبێت وەڵامی ئيسرائيل بداتەوە. لەبەرامبەردا جارێ ڕوون نييە ئيسرائيل کاردانەوەی چۆن دەبێت بۆ وەڵامەکەی ئێران. بە گشتی ئەوەی دەرکی پێدەکرێت ئەوەیە کە ئيسرائيل بە پێی قەبارە و کاريگەری هێرشەکەی ئێران بڕيار دەدات. ئەگەر وەک جارەکەی پێشوو بێت، لەوە دەچێت ئيسرائيل یان وەڵام نەداتەوە، یان وەڵامێکی سنووردار وەک هێرشەکەی یەکەم بداتەوە. ئەگەر هێرشەکەی ئێران کاريگەری و زیانێکی گەورەی هەبوو، ئەوا بە دڵنياییەوە ئيسرائيل وەڵامی توند دەداتەوە.

تا ئێستا لەسەر ئاستی فەرمی، نە ئێران نە ئيسرائيل باس و هەڕەشەی ڕاگەياندنی جەنگ ناکەن. ئایا لە پشتی پەردەوە ئیسرائیل بە نیازی چییە و بڕیاری چی دەدات؟ ڕوون نییە (گومان زۆرە لەم بارەیەوە). ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە ئێران هەموو هەوڵێکی دا و دەدات خۆی بە دوور بگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئيسرائيل هەر دەيهێنێتەوە بۆ بەردەم ئەو ئەگەرە. ئەوەی پێيوایە گوایە ئيسرائيل دەترسێت لە وەڵامەکەی ئێران، هەڵەیە، چونکە ئيسرائيل خۆی چەندين مانگە بەردەوام پلان و هەوڵی ئەوەی هەیە کە ئێران ناچاری ئەو وەڵامدانەوەیە بکات. کووشتنی هەنييە لەناو تاران لە ماڵی خامنەیی، مانای ئەوەیە نەتانياهۆ زۆر مەبەستی بوو ئەم دۆخە درووست بکات، نەک گوایە ئێستا دەترسن و داوا دەکەن ئێران وەڵام نەداتەوە...

لە ئەگەری ئەوەی هەردوو وڵات بە یەک هێرشکردنە سەر یەکتر نەوەستان و بەردەوام بوون لە هێرشەکان، ئەوا مانای وایە بە ئەگەری زۆرەوە جەنگ ڕادەگەیەنرێت. چونکە ئێران دەوڵەتە و خاوەنی سوپایە، وەک حزبوڵا و حووسییەکان ناتوانێت شەڕێکی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراو بکات لەگەڵ ئیسرائیل، سوپا ناچێتە تونێل و ژێرزەمین و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان و شەڕی پارتیزانی بکات. بنکەی سەربازیی سوپای دەوڵەت، ناشاردرێتەوە هاوشێوەی شوێنی چەک و تەقەمەنییەکانی حەماس و حزبوڵا. واتە کاتێک گورز لە سوپای ئێران دەدرێت، ئەوا سەربازگەیەکی گەورە یان فڕۆکەخانە و بەندەرەکان دەکرێنە ئامانج، نەک خانوو و شوێنی بچووکی شاراوە وەک ئەوانەی غەززە و باشووری لوبنان. بۆردمانکردنی سەربازگەی گەورە و فڕۆکەخانە و شوێنەکانی پڕۆژەی ئەتۆمی، واتە دۆخی جەنگ.

بەپێی تێڕوانینی پسپۆڕەکانی بواری سەربازی، ڕێگرییەکی سەرەکی هەیە لەبەردەم هەردوو دەوڵەت کە بتوانن جەنگێکی تەقلیدی ئەنجام بدەن. بەو مانایەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران هاوشێوەی جەنگی عێراق و ئێران، یان ڕووسیا و ئۆکڕانیا نابێت. فاکتەری جوگرافی ڕێ بەوە نادات. لە جەنگێکی وادا، ئەستەمە هێزی زەمینی بەکاربێت، جەنگەکە زیاتر ئاسمانی دەبێت، واتە بە فڕۆکە و مووشەکی بالیستی.

سەبارەت بە مووشەکی بالیستی، ئەوا مووشەکەکان بە ئاسمانی سێ وڵاتدا تێدەپەڕن، عێراق و ئوردن و سووریا. ئەمەش وا دەکات ئەو سێ وڵاتە، بە تایبەت ئوردن ناڕەزایەتی دەرببڕێت و فشارێکی نێودەوڵەتی دروست بکات. لەوانەیە فشارکردن بۆ وەستاندنی جەنگەکە بەرز بێت و شەڕەکە زوو کۆتایی پێبێت. جگە لەوەی مووشەکەکان دەکرێت بە هەڵە بکەونە وڵاتانی ترەوە، بە تایبەت ئەوانەی ئێران، ئەمە ناڕەزایەتی گەورەی لێ دروست دەبێت. لە ڕووی چەندایەتییەوە ژمارەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران زۆر زیاترە لە هی ئیسرائیل، لە ڕووی کوالێتییەوە ئەوانەی ئیسرائیل پێشکەوتووتر و بەهێزتر و وردترن. ئێران لەکاتێکدا دەتوانێت گورزی گەورە لە ئیسرائیل بدات کە بە یەک جار ژمارەیەکی زۆر مووشەک ئاڕاستە بکات، ئێران ئەم توانایەی هەیە. چونکە بە دڵنیاییەوە زۆربەی دەخرێنە خوارەوە بە سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل. ئێران سیستەمی بەرگرییەکەی بەراورد ناکرێت بە هیی ئیسرائیل.

سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەکانی ئێران ناگەنە ئیسرائیل. ئەوانەی ئیسرائیل دەگەنە ئێران، بەڵام بۆ وەشاندنی چەند گورزێک، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بە بەردەوامی لە ڕێگەی فڕۆکەوە هێرش بکات، دەگوترێت پڕکردنەوەی فڕۆکەکان بە سووتەمەنی ڕێگرییەکی گەورەیە. بە تایبەت فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ناتوانن فڕۆکەخانەکانی ئوردن و عێراق و سووریا بەکاربهێنن. بێگومان ئەمریکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. درۆنەکانی ئێران دەتوانن بگەنە ئیسرائیل، بەڵام کاتێکی زۆریان پێویستە، زیاد لە شەش سەعات، ناوچەکەش پڕە لە دژە مووشەکی ئەمریکا، جگە لەوەی ئیسرائیل خاوەن چوار جۆر لە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریین لە جیهاندا. درۆنەکانی ئیسرائیل دەتوانن لە ناو ئێران بدەن. هاوکات ڕێگریی سیاسی و یاسایی هەیە، چونکە فڕۆکەکانی هەردوو دەوڵەت دەبێت بە ئاسمانی سێ یان چوار دەوڵەتدا تێپەڕن.
تەنیا ئەمریکا دەتوانێت سوپا بنێرێت بۆ وڵاتێکی دوور و جەنگێکی تەقلیدی بکات و هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانیش بەکاربهێنێت بەبێ ئەوەی کێشەی لۆجستی و ڕێگری جوگرافی هەبێت، وەک لە عێراق و ئەفغانستان کردی.

سیناریۆی نزیک ئەوەیە لە دۆخێکی وادا ئێران زیاتر پشت بە حزبوڵا و حووسییەکان و ملیشیاکانی لە سووریا و عيراق ببەستێت. میلیشیاکان دەتوانن تەنیا زیانی سنووردار و سەرئێشە دروست بکەن، ناتوانن هەڕەشەی جددی و گەورە لە ئیسرائیل بکەن. لە بەرانبەردا ئیسرائیل شار و ناوچەکانی ئەو میلیشیایانە کاول دەکات هاوشێوەی غەززە، ئەمەش بۆ دەیان ساڵ لێکەوتەی خراپی دەبێت لە هەموو بوارەکاندا، جگە لە ناڕەزایەتی ناوخۆ. بۆ نموونە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، زیاتر لەسەر ئاستی فەرمی و میدیاکان جەنگە، لە ناوەڕۆکدا جەنگ نییە. پێش زیاد لە نۆ مانگ ئیسرائیل جەنگی ڕاگەیاند، تا ئێستا ژمارەی ئەو سەربازانەی لە غەززە کوژراون ناگاتە ٣٥٠ سەرباز. لە کاتێکدا ئیسرائیل نزیکەی ١٧٠ هەزار سەرباز و ٤٦٥ هەزار یەدەگی هەیە. بۆ سوپایەکی لەم قەبارە و کوالێتییە، لە شەش مانگ جەنگ تەنیا ٣٥٠ سەربازی بکوژرێت، مایەی باس نییە و بە جەنگ هەژمار ناکرێت.

لە سیناریۆی ئەوەی لە ئێران و لوبنان و سووریا و غەززەوە مووشەک و درۆن ئاڕاستەی ئیسرائیل بکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ و ئیسرائیل بکەوێتە بەردەم هەڕەشە و زیانی گەورە، ئەوا ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بە خێرایی جەنگەکە بوەستێنێت. ئەگەر نا، بەشدار دەبێت لە لێدانی ئێران و میلیشیاکانی. هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵێکی زۆر دەدات جەنگێکی وا بەرپا نەبێت. لەم سیناریۆیەدا، ئیسرائیل زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە دەستکراوە دەبێت و بە دڵنیاییەوە چەند غەززەیەکی تر لە لوبنان و سووریا دووبارە دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆر گەورە لە بەرەی بەرانبەر دەکووژێت، جگە لە گورزی ستراتیژی لە ناو ئێران.

خاڵێکی تر کە وا دەکات ئێران جەنگی نەوێت و ئیسرائیل ئامادەیە، ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ دوژمنی زۆرە، لە کاتی جەنگێکی وادا عەرەبەکان و کورد و بەلوچ لە ئێران زۆرینەی پشتگیری ئیسرائیل دەکەن. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی هەبوونی دیموکراسییەوە خەڵکی ئیسرائیل دەکرێت فشار لە حکوومەت بکەن جەنگ بوەستێنێت، لە ئێراندا ئەوە نییە. لەم ڕەهەندەوە ڕژێمی ئێران فشاری کەمتر لەسەر دەبێت لە کاتی جەنگێکی وادا.

بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، ئەگەر ئەو جەنگە ڕووبدات، لوبنان و حيزبوڵا دەبنە نوێنەری سەرەکی بەرەی ئێران، کاريگەری و هێزی ڕاستەقينەی ئێران لە جەنگێکی وادا، تەنيا لە باشووری لوبنانەوەیە. چونکە بەشار ئەسەد هەوڵدەدات سووريا تێوەنەگلێت لەو جەنگە، تا ئێستا ئەو هەوڵەی بە ڕوونی ديارە و سەرکەوتووش بووە. حەشد و حووسييەکان لەبەر فاکتەری جوگرافی و هەبوونی ڕێگری یاسایی و سەروەری دەوڵەتانی تر، ناتوانن هێرشی کاريگەر و بەردەوام بکەنە سەر ئيسرائيل. خودی ئێران و ئيسرائيليش لەبەر ئەو فاکتەرانە ناتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام هێرش بکەنە سەر یەکتر. بۆیە ئەو جەنگە ڕووبدات، باشووری لوبنان و باشووری بەيروت دەبنە غەززە. بە ئەگەری زۆرەوە حەسەن نەسروڵا دەکووژرێت. زیانێکی گەورەش بەر ئيسرائيل دەکەوێت، بەڵام بە براورد بە دووژمنەکانی، زیانێکی گەورە نابێت.

پێشبينی کردن بۆ جەنگ کارێکی ئەستەم و ئاڵۆزە، چونکە چەندين فاکتەر و ويستی جياواز کارلێک دەکەن، دەکرێت لە ئەنجامدا شتێک ڕووبدات کە هيچ کام لە لایەنەکان چاوەڕوانی نەبوونە. دەکرێت بێ ئەوەی ئێران و ئيسرائيل مەبەستی ڕاگەياندنی جەنگيان هەبێت، دۆخێک یان هەڵەیەک ڕووبدات جەنگ ڕابگەيەنن. هەر چەند جارێ ئەگەری هەڵگيرساندنی جەنگێکی فراوان زۆر نييە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ئەگەرە زیاتر دەبێت. لە ماوەی ئەم ١٠ مانگە، هيچ کات ئەگەری جەنگی نێوان ئيسرائيل و ئێران وەک ئێستا بەرز نەبووە، لەگەڵ ئەوەی جارێ دەرەفەتی ڕوونەدانی زیاترە وەک لە ڕوودانی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP