دواین هەواڵ

فەلەستین کارەساتبارتر لە ٦٧ !

‌عەلی حەمە

02/08/2024

پێش روودان و تەنانەت دوای روداوە کارەساتبارە گەورەکەی حوزەیرانی  ١٩٦٧ کە بە کارەساتی گەورەی عەرەب دادەنرێت لە لایەن اسرائیلەوە ، شەقامی عەرەبی و ئیسلامی چ لەسەر ئاستی جەماوەری و چ لەسە ئاستی فەرمی دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر کیشەی رەوای خەڵکی فەلەستین لەو پەری بەهێزی جۆشوخرۆشیدا بوو.

کارەساتی حوزەیرانی ٦٧  ،  کاریگەری و لێکەوتەکانی چەند جەرگبر و وێرانکەر بون چ لەسەر ئاستی ناوخۆی فەلەستین و چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەوڵەتە عەرەبیە هاوسێ و لایەنگرەکانی وەک ( میسر و ئەردەن و سوریا و لوبنان ) کە تائێستاش بەشێک لە شوێنەوار و گاریگەری ئەو کارەسات و شکستە لە نێو جیهانی عەرەبیدا هەر ماوەو هێشتا بەشێک لە خاکی لوبنان و سوریاو ئەردەن و میسر هەر لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاری هێزەکانی سوپای اسرائیلدا ماوەتەوە .

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کارەسات و رووداوانەدا هێشتا جوڵانەوەی فەلەستینی و کێشە رەواکەی جێگەی گرنگی پێدان و پشتگیری و پشتیوانی بوو لەلایەن شەقامی عەرەبی و ئیسلامی و بەشێکی زۆری دەوڵەتانی عەرەبی ، ئەم هەستە ، ئەم هاوکێشیە کە رەوایەتیەکی گشتی و هەستێکی نەتەوەیی و ئاینی گەورەی لە پشتگیری و پشتیوانی بۆ دۆزی فەلەستین دەستەبەر کردبوو ، بەڵام دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و بەبارمەتگرتنی زیاتر لە ٢٤٠ کەس ، لەسەروی هەمووشیانەوە دەرکەوت کە ئەو هێرشە بەپلانێکی پێش وەختەی بزوتنەوەی حەماس ئەنجامدراوە بە هەماهەنگی چەند لایەنێکی دەرەکی ..

ئەم دەرئەنجامە وەک سەرەتایەک هەر زوو لە کەناڵەکان و راگەیاندنەکاندا تیشکی خرایە سەرو دەرکەت کە بزوتنەوەی حەماس بێ ئاگاداری و پرسی رێکخراوی رزگاریخوازانەی فەلەستینی (فتح ) و هێزو لایەنە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی تری ناو فەلەستین ئەو هێرشانەی ئەنجام داوە و ئەویش دەبێ ئۆباڵی دەرئەنجام و کاریگەریەکانی لە ئەستۆ بگرێ .

بەڵام دیارە ئەم کێشەیە دوای درێژەکێشان و کاریگەری جەرگبرانەی وەک کوژرانی زیاتر لە ٣٩ هەزار کەس و وێرانبونی تەواوی کەرتی غەزە و بێ سەروشوێن بونی زیاتر ١٢ هەزار کەس و بریندار بونی زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ، ئەمە کارەساتێکی زۆر گەورەیە ، جگە لەوەی دەیان سەرکردەو فەرمانەی باڵا و سەربازی گرنگی حەماس کوژران و تیرۆر کراون لەگەڵ ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە چەکدارەکانی حەماس کە دیارە جێگەیان هەرگیز بەئاسانی پرنابێتەوە ، هێشتا ئەوەی کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم و رەهەندی بنچینەییە کە کێشەی فەلەستینی و بزوتنەوەی بەرگری فەلەستینی لەدەستی داوە و بەئاشکرا پێوەی دیارە ئەوەیە  لاوازی و کەمی پشتگری و پشتیوانی خەڵک ، ون بون یا لەدەستدانی شەقامی عەرەبی ، نەخرۆشانی  هەستی نەتەوەیی گەلانی عەرەب لەبەرامبەر شاڵاو و پەلامارەکانی سوپای اسرائیل کە بەشێوەیەکی زۆر درندانەوە و دوور لەهەموو پێوەرە مرۆیی و یاساو رێساکانی جەنگ پەیرەوی دەکا و سیاسەتی سۆتماککردنی غەزەش باشترین بەڵگەی درندانەی ئەم هێرشانەیە ، کەچی پەچەکردارێکی جدی هەستپێکراوی وا چ لە شەقامی عەرەبی و چ لەسەر ئاستی هەستی نەتەوەیی و ئیسلامی نابینی لەناوچەکەدا ، کەئەمە کارەساتی ئەم جارە سەبارەت بە دۆزی فەلەستین قورستر و زۆر پەراویزتر کردوە و دایبڕیوە لە هەموو پشتگیری و پشتیوانیە فراوانەکەی رووداو و کارەساتەکانی پێشتر .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP