دواین هەواڵ

موزایەدەی سیاسی و میدیایی بەلایەک، بەڵام...

‌توانا عوسمان

22 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەم پێشبڕکێ خێرخوازیەی ئێستا ئەگوزەرێت دیاردەیەکی باشە، بەرزکردنەوەی کلتوری خێرخوازی و توندکردنەوەی پەیوەستەگی کۆمەڵایەتیە لەکوردستاندا.

کۆمەڵگەی خۆرئاوایی دەمێ ساڵە خێرخوازی بەدامەزراوە کردوە، ساڵانە تەنها لەئەمەریکا 600 ملیار دۆلار خێر دەکرێت بەسێکتەرە جیاوازەکان، کۆمپانیا گەورەکان بەجۆرێکی ناڕاستەوخۆ ناچارن بەناوی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیەوە "CSR" ئەرک بکێشن و پارە بدەن بەکۆمەڵگە، ئەو کۆمپانیایانەش کە ڕاستەوخۆ خێردەکەن بەشێک لەباجەکانیان بەر لێخۆشبون دەکەوێت، بەمەش هەم وێنەی خۆیان لەکۆمەڵگەدا جواندەکەن هەم لە بڕی باجەکانیان دائەشکێنرێت.

لەکۆمەڵگەی نەرێتخوازیدا "ئێمە بەنمونە" خێرکردن ڕێکخراو و دامەزراوەیی نیە، هەروەها ڕێوڕەسمی یاسایی بۆنەکراوە، هەندێ دەقی ئاینی "ڕوون"یش ڕێگربوە لەوەی خێر بەئاشکرا بکرێت، هەڵبەت فەلسەفەی خێرکردنی نهێنی لەئیسلامدا "ئەوەی دەستی ڕاست کردی دەستی چەپ پێینەزانێت" حیکمەتی خۆی تیایە، بۆ ئەوەیە لەسەر ئاستی شەخسی کەسی خێرپێکراو چاوبەرەوژووری خێرکەر نەبێت، خێرکەریش پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بەشەخسی نەفرۆشێتەوە.
بەڵام ئەم فەلسەفەیە بۆ کۆمەڵگەی بچوک و قۆناغێک ڕاستە کەکەسەکان تێکرا یەکتر بناسن و میکانزمی دامودەزگایی لەئارادانەبێت.

ئەمڕۆ بەهۆی سیستەمی بانک و دامودەزگای حکومی و ناحکومیە، بەپشتیوانی میدیاش، نێوەندی جیاوازی خێرکردن هاتۆتەگۆڕێ، کاتی ئەوەهاتوە تەوژمی خێرخوازی لەکوردستان بەرپاببێت و ببێتە کلتور.

کارەساتی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری بەڵکو سەرەتایەک بێت بۆ کلتوری خێرخوازی، هەست بەبەرپرسیارێتی کردن، دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان.. هتد
موزایەدە و ئیستفزازی میدیا تێدەپەڕێت و ئەوەی ئەمێنێتەوە کلتوری هەست بەئازارکردنی یەکتری و بەهێزبونی گیانی خێرخوازی ئاشکرایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP