سەیری دوو عەقڵیەتی حکومڕانی جیاواز بکەن
لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان دوو رووداوی گرنگ و پڕمانای بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا جیاوازیی جەوهەری لە نێوان دوو قوتابخانەی جیاوازی سیاسەتکردن و بەڕێوەبردن دەرکەوت. ئەم بەراوردکارییە تەنها خوێندنەوەیەک نییە بۆ رووداوەکان، بەڵکو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە چۆن لایەنێک چەمکی تۆڵە و ململانێ دەگۆڕێت بۆ وانەیەکی ئەخلاقی و نیشتمانی، لە کاتێکدا لایەنەکەی تر هەموو توانای خۆی بۆ تێکدان و ئاژاوە تەرخان دەکات.
سەرەتا ئەگەر سەیری دۆسیەی لاناز و لاجان بکەین، بە ڕوونی بینیمان کە یەکێتیی نیشتمانی و دەزگا ڕاگەیاندنە فەرمی و سێبەرەکانیان، چۆن بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاریان لەسەر بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان کرد. ئەوان لە جیاتی هێورکردنەوە، هەموو ئامرازەکانیان خستە گەڕ بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە رق و کینە، تا ئەو ئاستەی هاندەر بوون بۆ توندوتیژی، کوشتن، بریندارکردن و تەنانەت پەلاماردان و سووتاندنی دامەزراوە حکومییەکان کە موڵکی گشتین. ئەوان لەم سیناریۆیەدا پەنایان بۆ هەموو کارتێک برد، تەنانەت کەسانی گوماناوی و مێژوو لەکەداریان وەک ڕەمز بەکارهێنا بۆ لێدان لە شکۆی پارتی و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. ئامانجەکە روون بوو کە دەیانویست لە ڕێگەی شەڕێکی دەروونییەوە دۆخەکە لە دەست دەربچێت و عەشیرەتە ڕەسەنەکانیش تێوەبگلێنن.
بەڵام لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان نموونەیەکی بەرزی لە دانبەخۆداگرتن و بەرپرسیارێتی نیشاندا. پارتی نەچووە ناو ئەو گەمە مەترسیدارەی کە بۆی دانرابوو، بەڵکو بە عەقڵییەتێکی دەوڵەتداری و شارستانیانە مامەڵەی کرد. سەرەتا دۆخەکەی کۆنترۆڵ کرد، گوێی لە داواکاری خەڵک گرت و چارەسەری پێویستی خستەڕوو. ئەم مامەڵە ژیرانەیە وایکرد ڕاستییەکان بۆ هەمووان ئاشکرا ببن؛ دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکان خۆڕسک نەبوون و دەستێکی تێکدەر لە پشتەوە بوو. هەر ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆر لەوانەی کە سەرەتا بەشداری گرژییەکان بوون و سەر بە یەکێتی بوون، ڕیزەکانی ئەو حزبە جێبهێڵن و ڕوو لە پارتی بکەن، هاوکات عەشیرەتە بەڕێزەکانی وەک هەرکی تێگەیشتن کە یەکێتی دەیەوێت ناوی ئەوان تەنها وەک ئامرازێک بۆ مەرامی تەسک بەکاربهێنێت، بۆیە ئەوانیش هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ نیشتمان و پاراستنی ئارامی یەکلاکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە و وەک دیوە ئەرێنی و پرشنگدارەکەی وێنەکە، کارەساتی لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی چەمچەماڵ، تەکیە، شۆڕش، گەرمیان و کەرکوک هاتە پێشەوە. لێرەدا پارتی باشترین و جوانترین جۆری تۆڵەکردنەوەی تۆمار کرد، کە ئەویش تۆڵەکردنەوە بوو بە خزمەت و بەدەنگەوەچوون. لە کاتێکدا ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ئیداریی یەکێتیدان و کارەساتەکە دەرخەری لاوازیی ژێرخان و کەمتەرخەمیی ئیداریی ئەو زۆنە بوو، پارتی دەیتوانی ئەمە وەک دەرفەتێک دژ بە رکابەرەکەی بەکاربهێنێت و پەنجەی تۆمەت بۆ شکستە ئیدارییەکانیان درێژ بکات، بەڵام پارتی ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد.
پارتی بە خێرایی و بە گیانێکی نیشتمانییەوە دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماوان درێژ کرد. دەزگا ڕاگەیاندنەکانی پارتی لە جیاتی تەشهیر، هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییان دەستپێکرد، دەزگا خێرخوازییەکانی هەولێر زۆر پێش ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خۆیان تەکبێری حاڵەکە بکەن، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. ئەمە پەیامێکی روونی تێدابوو کە بۆ پارتی، ئازاری هاووڵاتییان لە هەر شوێنێک بێت گرنگترە لە ململانێی حزبی. ئەم هەڵوێستە نیشانیدا کە کێ خاوەنی عەقڵییەتی حوکمڕانییە و کێش هێشتا لە بازنەی پاساوهێنانەوە بۆ شکستەکان دەخولێتەوە. لە کاتێکدا یەکێتی خەریکی دۆزینەوەی پاساو بوو بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆی لاببات و زۆر بێباکانە سەیری ماڵوێرانی خەڵکی دەکرد، پارتی بە پەلە خۆی گەیانە ناوچە کارەساتبارەکان بۆ هاوکاری لێقەوماوان و سەلماندی کە حزبی کردار و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە.
ئەم بەراوردکارییە وانەیەکی گرنگە بۆ ئێستا و داهاتوو؛ پێمان دەڵێت کە جیاوازییەکە لە نێوان دوو ئاراستەدایە: ئاراستەیەک کە تەنها قسە دەکات، ئاژاوە دەنێتەوە و دەیەوێت خەڵک بەلاڕێدا ببات، لەگەڵ ئاراستەیەک کە بێدەنگ کار دەکات، خزمەت دەکات و لە کاتی تەنگانەدا دەبێتە فریادڕەس. پارتی لەم تاقیکردنەوەیەدا سەلماندی کە تۆڵەی راستەقینە ئەوەیە کاتێک بەرامبەرەکەت دەیەوێت کینە پەخش بکات و وێرانکاری بکات، تۆ بە ئاوەدانکردنەوە و مرۆڤدۆستی وەڵامی بدەیتەوە. ئەمەیە کۆدی جیاوازیی دوو عەقڵیەتی حوکمڕانی جیاواز لە هەرێمی کوردستان.