دواین هەواڵ

عیراق لە سەردەمی ساڤایادا

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

هەر کە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی لە عیراق هێنا، کاری مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، دەستیپێکرد و بڕیارە بەم زووانە بگاتە عیراق. پەیامەکە زۆر ڕوونە: عیراق لە چاودێری نێودەوڵەتی دەرهێندرا و خرایەوە ژێر چاودێری ئەمریکا. لە سیاسەتی ئەمریکادا، نێردەی تایبەت هەمیشە بۆ ئەو شوێنانە دەنێردرێت کە قەیران تیایدا گەیشتووەتە بنبەست. ساڤایا، سێیەمین نێردەی ئەمریکایە دوای برێمەر و ماکگۆرک. یەکەمیان عیراقی لە قەیرانی بێدەوڵەتی ڕزگار کرد و دووەمیش عیراقی لە شەڕی داعشدا ئاراستە کرد. ئەرکی ساڤایا بریتییە لە یەکلاکردنەوەی ئەو قەیرانانەی کە لە کاتی ئەرکی هەردووکیان و بگرە پێشتریش دروست بوون.

عیراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، دەوڵەتێکە کە تیایدا شیعەکان دوای هەشتا ساڵ توانیان دەسەڵات بگرنە دەست و دوای پێنج سەدەش بەغدا کرایەوە بە پایتەختێکی شیعی. یەکەم ئەرکی ساڤایاش هەر پەیوەستە بەم بابەتەوە. پەیامەکانی ڕوو بە شیعەی عیراق زۆر ڕوونن: یان حوکمێکی غەیرە ئێرانی لە بەغدا دەکەن، یان حوکم ناکەن! ئەوەی ساڤایا دەیەوێت، تەنها داماڵینی چەک نییە لە گرووپە چەکدارەکانی موقاوەمە، بەڵکو داماڵینی سیاسەتی عیراقیشە لەوان.
هێشتا نێردەکەی ترەمپ نەگەشتبووە عیراق، ئەوەی یەکلاکردەوە کە گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتوو و تەنانەت پەرلەمانیش جێگەیەکیان نابێت. ئەم پەیامەی ساڤایا، گرنگترین پرسیارێک کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت ئەوەیە: ئاخۆ لە هەنگاوەکانی داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانە دەکرێت کە لەناو پەرلەمان کەمینە نین؟ بەتایبەتی هێزگەلێکی وەک سادیقون کە قەیس خەزعەلی ڕابەرایەتی دەکات و یەکێکیشە لەو هێزانەی هێڵی سوور بەسەر ناویاندا کێشراوە. ئەمە جگە لە پرسیاری ئەوەی ئاخۆ چۆن سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی ئەو میلیشیایانە پێکدێت و چۆن زۆرینەی دەنگی بۆ کۆدەکرێتەوە.

لێرەدا گریمانەی ئەوەی ئاخۆ تا کوێ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی بەردەوام دەبێت، باسێکی زێڕینە، بەتایبەت دوای قسەکانی بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حیزبوڵای عیراق، ئەبوعەلی عەسکەری، کە تیایدا دوو خاڵی گرنگی خستەڕوو: یەکەمیان ئەوەیە هەندێک هێز لەژێر مێزەوە خەریکی ڕێککەوتنن لەگەڵ ساڤایا و ئەوی دووەمیش بەڵێنێک بوو بەوەی بە زەلیلی ساڤایا بنێرنەوە ئەمریکا! هەردوو قسەکە دەلالەتی زۆر ڕوونی هەبوو بۆ ئەوەی لە ماڵی شیعیدا چ ترسێک لە هاتنی ساڤایا هەیە.

سوننەکان، ساڤایا وەک دەرفەت بۆ خۆیان دەبینن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو سووریا گەڕایەوە باوەشی عەرەبی خۆی و لەو کاتەوە وەک دەوڵەتێکی ئومەوی خۆی نیشان دەدات نەوەک عەلەوی کە لە سەردەمی ئەسەددا هەیبوو. ئەوان نە سیاسیی دیاریان لە لیستی بلۆککراوەکانی ساڤایادا هەیە و نە وەک مەترسی لێی دەڕوانن. بۆ سوننە، ساڤایا لەو شوێنەوە دەبێتە مەترسی کە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران. ئەم خاڵە بۆ شیعەنیش گرەوە، چونکە نێردەکەی ترەمپ کەمترین ئەزموونی سیاسیی هەیە و گەورەترین کاری پێسپێردراوە.

پەیوەست بە کوردەوە، لە دوو خاڵدا ساڤایا دەکرێت وەک چانس ببیندرێت: یەکەمیان ئەوەیە کە پەیوەستە بە نەهێشتنی میلیشیاکان و دەسەڵاتیان و دووەمیش، ئەو سیاسەتە ئابووری-میحوەرەیە کە لە ئەجێندای ساڤایادا هەیە. بۆ لەمەودوا ساڤایا دەکرێت وەک نێوەندگیر و داوەر لە هەمان کاتدا لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ بگێڕێت. ئەجێنداکانیشی پەیوەست بە نەوت و گاز هەر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.

بەڵام لە هەمان کاتدا، بەشێکی دیاری ئەم بارگرانییە دەکەوێتە سەر چۆنییەتی کارکردنی کورد و بەرنامە و تێڕوانینەکانی لە بەغدا. ئەم خاڵە، تەحەدای گەورەی لەپێشە، چونکە هەم بەشێکی کورد دەستی لە گیرفانی تارانە و هەم قەدەری جوگرافیاش کوردستانی عیراقی بە ئێرانەوە گرێداوە.

لە هەر بارێکدا، تەحەدای گەورە لە شێوازی کاری ئیدارەکەی ترەمپدا گەورەترە. سیاسەتی (America First)، جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکاتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە هەر پشتگیرییەک بۆ کورد بەند دەبێت بەوەی تا چەند خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکات. ئەمە جگە لەوەی ئیدارەی ترەمپ بەوە ناسراوە کە هەندێک جار بڕیاری کتوپڕ دەدات. بۆ نموونە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٩، کە کوردەکانی ئەو وڵاتەی خستە مەترسییەوە، نیشانەیەکە لەسەر ئەوەی کە سیاسەتەکان دەکرێت بە خێرایی بگۆڕدرێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP