دواین هەواڵ

ئیخوانییەکان.. قوومبەلەی تەوقیتکراو، یان ئەسپی تەڕوادە!

‌شیروان تاڵیب

16/07/2024

لە فیلمی میسری (طیور الظلام ـ ١٩٩٥)، کاراکتەرێکی فیلمەکە، کە تەمسیلی (جەماعەتی ئیخوان موسلمین) ئەکا، لەحیوارێکدا، بە هاوڕێ نەتەوەیی ـ عیلمانییەکەی ئەڵێ: سوڵطەمان ناوێ سوڵطە بۆ ئێوە، تەنیا نەقابات و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگامان بدەنێ، بەسمانە!

کە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ( ٢٠١١)، میسری گرتەوە، ئینجا حەجمی وجوودی ئیخوان، وەک بۆمبی چێنراو، لە هەناوی کۆمەڵگای میسرییدا دەرکەوت. ئینجا ڕوونتربووەوە، کە ئیخوان، لەڕێی ئەو ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییانەی تایبەت بە گەنج و طەبەقەی پەراوێزخراوی ناو کۆمەڵگاوە، کە بە زۆرزانی خۆیان و نەزانیی دەسەڵات، یان مەشغووڵبوونی دەسەڵاتداران بە شتی ترەوە، ساڵانێک بوو جێ پێی خۆیانیان تیادا کردبووەوە، چ گەرایەکیان لە هەناوی نەک هەر کۆمەڵگا، بگرە لە دڵ و جەرگی خودی سوڵطەکەشدا داناوە و ئیتر بەسەرێکی کز و دڵێکی وریاوە، هەندێکیان بەبێدەنگییەکی ترسناک لە تاریکییدا، هەندێکیشیان بەئاشکرا لەسێبەر و پاڵ سوڵطەدا، وەک مەئمووری موطیع هەڵسوڕاون بۆ ڕۆژی خۆی! کە ئەو ڕۆژەش هات، ئیتر هەردوو نەوعەکە، ماسکەکانیان فڕێدا و ڕووخسارە حەقیقییەکەی خۆیانیان، کە ساڵانێک بوو هەریەک بەنەوعێک شاردبووییانەوە، نیشاندا، هەریەک لەجێی خۆیشیەوە، بەڕووی کۆمەڵگا و بەڕووی ئامرەکانی دوێنێیاندا تەقینەوە و تا پێیان کرا، دەستیان کردەوە و دەستیان وەشاند!

ئیخوانییەکان، لەهەر جێیەک و لەناو هەر کۆمەڵگا و لە هەر وڵاتێکدا بن، بۆی هەیە لە شکڵدا تۆزيک جیاواز بن، بەس لە ئەدائو بیرکردنەوەدا، ڕێک لەیەک ئەچن!
لەپشت پێکەنینی هەر ئیخوانییەکەوە، کەڵبەیەک هەیە، کە بۆ ڕۆژی خۆی تیژی ئەکا!

لەپشت هەر داهێنان و دەستپێشخەرییەکی بەڕواڵەت مەدەنیخوازیشیانەوە، ئەجیندایەکی تەخەلووفخواز لە باطندا خۆی مەڵاس داوە و هیچ قووەتێکی ماددی و دنیایی کە ئەخرێتە بەردەست و دەمیان، لەو ڕێیەی گرتوویانەبەر لایان نادا، بەڵکوو لەدەرفەت ئەگەڕێن، تا ئەوەی بۆی هاتوون، پێی بگەن، ئەوەی بۆی تەوقیت کراون، بێ سێ و دوو، لەکاتی خۆیدا بیکەن!

ئیخوانییەکان، تەبیعەتی خۆگونجاندیان لەگەڵ ژینگە، لە وانێکەوە وەرگرتووە، چیت بوێ، ئەوان ئەوەن، چیت لێیان بوێ، بۆت ئەکەن، بەڵام لەژێر قاطە شیک و ڕیباطە ملەوەنەکانیانەوە، دشداشەیەکی قاوەیی و لەچکێکی دێز هەیە. لە بن کڵاو و جامانەکانیشیانەوە، جگە لە خەمی ( ئوممە)، خەمی هیچ شتێکی تریان نیە، مەخسووس نەتەوە و نیشتمان!

لە تەحەمولدا، کەس پێیان ناگا، لە خۆداماوکردنیشدا، ئەکتەرێکی لێهاتوون، وەی هەرئەوەندەی هەستیان کرد دەنگ دلێرن، ئیتر هاوشێوەی ئیخوانییەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ی بەردەم لقی چوار، جگە لە ( بیانسووتێنن و سەریان پەڕێنن)، هیچ زمانێکی تریان نیە قسەی پێ بکەن!

ئیخوانییەکان، ناوەکەیان بەخۆیانەوەیە، برای گیانی بەگیانین و لەهەر سەد ئیخوانییەکی بێ پلە و پۆست، یەک ئیخوانیی پلەوپۆستدار کافیە، تا بۆ هەر نەوەدونۆ براکەی تری، ببێتە چەتر، ببێتە سێبەر و ڕێ نەدا تەنانەت یەکێکیشیان بێ کار بێ، جا ئەو کارە، ئەگەر لەژێر عەرز، یان لە قوڕگی شێریشدا بێ!

لەم زەمەنی پەرتبوونەدا، کە چەمکی (کۆیی و خۆیی) تەنانەت تۆزیشی نەماوە، ئیخوانییەکان تا دێ یەکگرتووتر ئەبن! خۆ یەکێکیان لە جێیەکدا، یان لەبندەستی دەسەڵاتدارێکدا دەستی بڕوا، یەکەم شت کە ئەیکا، (برا)کانی لەخۆی کۆئەکاتەوە و لەسەر هەمان عەهد و پەیمانی (جاران)یان، یەکئەگرنەوە و ئەبنە هێزێکی یەکگرتوو! ئیتر هەم وەک زۆرینە، ڕوئیای خۆیان لەبەرامبەر هەموو ئەوانەی تر، سەرئەخەن، هەم نموونەی ( کادر)ە سەرکەوتووەکانی خۆیان وەپێش ئەخەن، تا پێمان بڵێن، ئەوە ئێمەین کە مرۆڤی ناجیح دروست ئەکەین، ئەوەش ئێوەن، کە فەشەلتان هێنا و نەتانتوانی، تاکێکی بەرهەمداری وەک ئەوەی ئێمە، دروست بکەن!

ئیخوانبوون عەقیدەیە، کۆن و تازەی نیە، چاوت لەسەریان نەبێ و یەک دەققە لێیان غافڵ بی، ئیتر هەموویان هەر ئەسپی تەڕوادەن و کارێکی وا ئەکەن، بەدەستی خۆت، بۆ ناو قەڵاکەی خۆتیان ببەی، ئینجا وا حاڵیشت ئەکەن، گوایە ئیشت بۆ ئەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوان ئیش بۆ خۆیان ئەکەن،، خۆیان، واتا ڕوئیا، واتا ئەجیندا، واتا عەقیدەی خۆیان، واتا، عەکسی ئەوانەی تۆ!

حاجی قادری کۆیی ئەڵێ:

(حاجی کەسێکە بێکەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان)
من دڵم نایەت بڵێم (بەڵا لەخۆتان)، ئەڵێم کەیفی خۆتان، یان بەدڵی خۆتان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP