دواین هەواڵ

لە ململانێی هەق و باتڵەوە بۆ ململانێی نێوان هەقە ڕێژەیی و جیاوازەکان

‌ئەبوبەكر كاروانی

11/07/2024

هەق چەمکێکی ئیمانی، ئەخلاقی، یاسایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە. ئاینەکان لەوانە ش ئیسلام، بە شێوەیەکی گشتی، کار لەسەر کۆمەڵێک دووانە دەکەن، یەکێك لەوانەش دووانەی (هەق) و (ناهەق) یاخود هەق و باتڵە. هەق لە دیدەئیسلامیە گەردوونیە قووڵەکەدا، تەنها هەڵوێستێکی عەقیدەیی ڕووت و ئامرازێکی دابەشکردنی عەقیدەیی کۆمەڵی باوەڕدار و جیاکردنەوەی لە کۆمەڵی بێباوەڕ( بە پێوەرە باوەکەی باوەڕ )نییە، بەڵکوو ئاماژە یە بەڕاستی و ڕاز و حیکمەتێکی قولی خودایی لەپشت بوون و ئامانجدار بوونی گەردوون و ژیان و مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە بێهودەیی و گومڕایی و هەست بە پڕپوچی و سەرگەردانیەك لەم نێوەندەدا.

کاتێك خودای گەورە لەقورئاندا دەفەرمووێت( زەوی وئاسمانەکان وئەوەی لەنێوانیاندایە لەسەر هەق نەبێت بەدیمنەهێناون، الحجر/٨٥)، یاخود دەفەرموێت( ئاسمان و زەوی و ئەوەی لەنێوانیاندایە بە باتڵ وبێهوودە بەدیماننەهێناون)ص/٢٧)،لەسیاقی باسکردن لە بوونی ڕۆژی دوایی و ئامانجداربوونی ژیان واتاداربوونی ڕەفتار و ئازار و کۆی تەمەنی مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی بێهودەیی و پووچیە لە بووندا ئەمە دەخاتە ڕوو. لەم ئاستەشدا، هەق یەکسان دەبێت بە حیکمەت و ئامانجداربوون و بەرجەستەکەری ڕازی ژیان و بوون. بەڵکوو پاساوی بوون خۆیەتی. واتە گەردوون و دەرەوەی خودا بۆیە هەن، چونکە لەسەر بناغەی هەق بەدیهاتوون و ڕاوەستاون و ئامانج وحیکمەتی خوداییان لەپشتەوەیە. لە گەردوونەوە تاکو مرۆڤ ڕووگەدارن. مرۆڤەکان تاچەند پەی بەم ڕاستیە دەبەن ولەبەرتیشکی ئەودا ڕەفتاردەکەن و دەجووڵێنەوە، بابەتێکی ترە و هیچ لە بنەما گەردوونی وجوودییەکە ناگۆڕێت. چوونکە کێشەکە دەچێتە خانەی پەیپێبردنەوە، تەنانەت هەندێ جار ناگاتە ئاستی سەرنەکەوتوویی هەوڵی پەیبردنیش بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەق، چونکە لەهەندێ شوێن و کاتدابە هۆکاری ژینگەیی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی هەر لە بنەڕەتەوە نابێت بە خەمی مرۆڤ، کەموفتیزادە ئەمانە بە باوەرداری فیتری دەزانێت و ناودەبات. لەو سۆنگەشەوە کە ناکرێت کۆمەڵگە لەدرەوەی ئەخلاقەوە وێنابکرێت، ئەخلاقیش بەبێ بوونی پێوەر بۆ تێگەیشتن و جیاکردنەوەی (چاکە) و (خراپە) - کە ڕیشە کەلامی و فەلسەفیە قووڵە کەی ئەم دوو چەمکەش بەشێکی گەورەی لە مەسەلەی (هەق) و (ناهەق)دایە- گەڵاڵە نابێت، کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان لەم بەرگەو بەم شێوە ناڕاستەوخۆیە دەست و پەنجە لەگەڵ دەرکەوتەیەکی هەق وناهەق نەرم دەکەن.

لەئاستی دووەمدا هەق دەبێتە وەسفی قورئان و باتڵیش ئەو مەنزوومە شیرکییە و وێنا شێواوەی دەربارەی خوودا لەئارادا بووەالانبياء. سیاقی ئایاتەکە پێمان دەڵێت هەق وێناکردنی خوایە وەک ئەوەی هەیە و خۆی خۆی پێناسە و وەسف دەکات و دەخاتە ڕوو، بێگەردی خودایە لە هەموو ئەو سیفەتانەی دەدرێنە پاڵی، جا سیفەتەکان پەیوەندیان بە خودی باڵای ئەوەوە بێت یاخود بە سروشت و بە داهێندراوەکانیەوە بە گشتی وبە تایبەتیش مرۆڤ، وەک کائینێکی پەیامدار و دوێندراوو ئازاد و لێپرسراو. لەم دوو ئاستەی باسمان کرد، بەکارهێنانی هەق لەم شوێنەدا وەك ئامرازێکی دەربڕین رەوایە، گەرچی تێگەیشتنی ئێمەو جۆری گوزارشتلێدانەوە لێی بەحوکمی مرۆڤبوونمان ڕێژەیی و سنووردارە وهاوشێوەی هەقەکە رەها نییە وملکەچی رەخنە لێگرتنە، هەق لەم دووئاستەدا، واتا ئاستە گەردوونی و وەحیانییە ئیمانییەکە، پەیوەندی بە زانست و دانایی و ویستی ڕەهای خوداوە هەیە، بۆ نموونە لە دیدی باوەڕدارانەی یەکتاپەرستییەوە، گەردوون و مرۆڤ بەدیهێنراوی خووای گەورەن و ئامانجدارن ودوورن لە بێهوودەیی، لێرەشەوە ئازادی مرۆڤ بەلێپسراویەتیەکی ئیمانی و ئەخلاقی و رووگە دیاربوونەوە گرێدراوە،ناکرێت رۆژێ لەرۆژان باوەڕدارێك بڕوای وابێت گەردوون و بوون بەگشتی لەسەر بێهوودەیی دامەزراون وئامانج وحیکمەت لەپشتیانەوە نییە، یاخوود ژیان بێواتایە، لەروویەکی ترەوە خودا لای کەسی باوەڕدار زاتێکی بەدیهێنەرو بێ کەموکوڕی بێسەرەتاو هەرماوە، تاکوو تەنها و بێ نیازە، زاناو تواناو بیسەرو بیناو ،خاوەنی کۆمەڵێ ناوو سیفاتی تایبەت بەخۆیەتی، ئەم وەسف و دیدە ئیمانی و وێناکردنەی خودا لای باوەڕدارێکی یەکتاپەرست ڕاستی وهەقە، جێگەی لە نیوەی ڕێگە بە یەکگەیشتن و سازش لەسەرکردن و نەرمەبڕی و چارەسەری مامناوەندی نییە.

بەڵام ئەم ڕەهاییە خوداییە لەسەر ئاستی ئیماندا، واتای بەرجەستەبوونی رەهای لەهیچ کەس ودامەزراوەو گووتارو هێزێکدا نییە، بەرپاکردنی جەنگێکی گەردوونی ئەبەدیش دژ بە ناهەقە وێناکراوەکان و ئەو دیدە ئایینی و فەلسەفییانەش نییە کەوێنایان بۆ خودا یاخود گەردوون و ژیان و مرۆڤ بەو جۆرە نییە، لەسەر ئاستە ئیمانی و کەلامییەکەدا قورئان ئەم مەسەلەی بەجووانی بڕاندۆتەوە، ئەگەر بیر لە بانگردنیان بکرێتەوە دەبێت بەحیکمەت و ئامۆژگاری بێت، ئەگەر موناقەشەکەش کەلامی بوو، ئامرازی رەوای دەستی باوەڕداران جەدەلە، واتە بەبەڵگە رەتدانەوەی دیدی بەرامبەر بەمەبەستی قەناعەتپێکردن، یاخوود بێدەنگبوون و خۆپاراستن و رەواندنەوەی گوومانەکانی. واتە خوودا مافی ژیان و گوزارشت لەخۆدانی فەلسەفی وکەلامی بە باتڵی فەلسەفی وکەلامی داوە، فەلسەفی بەواتای بوونی دیدێکی ماددیگەرایانە رەشبینانە بۆ ژیان وگەردوون، کەلامیش مەبەست لە هەموو ئەوێنایانەی خووودایە کەلای ئێمە ناڕاستن. هەر بۆیە جەنگێش پاساوو ئامرازی دەستکاریکردنی ئەم دیدگاو واقیعە نییە، پاساوێکی گرنگی جەنگ لەسەرەتای ئیسلامدا، نەهێشتنی فیتنە، واتە ئەشکەنجەوئازاردان بووە بەمەبەستی وازهێنان لە بیروباوەرو ئاین بەوجۆرەی قورەیش دەرهەق بەهەندێ باوەردار پەیرەوی دەکرد( وقاتلوهم حتى لاتكون فتنة) بۆ هەڵکێشانی بیر و باوەڕی بەرامبەر نییە بەڵکوو بۆ ڕووخاندنی پایەکانی ئەو هێز و دەسەڵات و هەلومەرجەیە دژ بە ئازادی ئایینییە و مرۆڤەکان لە سونگەی باوەڕهێنانیان بە ئاینێ نوێ دەخاتە ژێر ئەشکەنجە و ئازارەوە.

لێرەشەوە دەتوانین وێنای دۆخی فیتنە لەسایەدەسەڵاتێکی بەئیسلام پاساودراویشدا بکەین ئەویش کاتێك بەهای ئازادی بیروباوەرو ئایب پێشێل دەکات. بەدەر لەودوو ئاستە نابێت ئەم دوو چەمکە واتە هەق و باتڵ وەك ئامرازێکی پۆڵێنکردن و ناساندن و هەڵسەنگاندن و ناسنامە پێدان و حوکم بە سەردادان بەکار بهێنرێن. خۆ ئەگەر لەبەر پێویستێکی گوتاری و سیاسی و ئەخلاقی و دینی سوودمان لێ وەرگرتن نابێت بەناوەرۆکە پێشووەکەی باسمان کرد سوودیان لێ وەربگرین. چونکە هەر وەک دکتۆر عەلی وەردی گەورە کۆمەڵناسی عێراقی دەڵێت(ململانێ لەناو کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکاندا، زۆر کەم نەبێت لە نێوان هەق و و باتڵدا نییە، بەڵکوو لە نێوان هەقە جیاواز و ڕێژەییەکاندایە)،بە جۆرێک ئەگەر هەندێ دەستکاریی گۆشەنیگای تێڕوانینمان بۆ خۆمان و بەرامبەرەکانمان کەین، تێدەگەین کە ئەوەی بە باتڵ و ناهەق دەیبینین، لێکدانەوە و تێگەیشتن و دەرکەوتەیەکی تری هەقە، لەم ئاستەدا گەڕانەوە بۆ لۆژیکی عیرفانی مەولاناش خزمەتمان دەکات کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەق ئاوێنەیەکی شکاوەو هەر پارچەیەکی بە دەست یەکێکەوەیە.

لە ڕاستیدا کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر باسی هێز و تەوژم و گرووپ ونەتەوە و دەوڵەت و شارستانییەتی و فەرهەنگەکان و ململانێ و جەنگ و سازش و ڕێکەوتن، شتێک بە ناوی هەق و باتڵ بەو دوو واتایەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد لە ئارادا نامێنێت. لەبەرئەوەی دیدگا و هەڵوێست و سیاسەت و هاوپەیمانی و بڕیارەکانی جەنگ و ئاشتی و جۆری دابەشکردنی سەروەت و چاکە و ئیمتیازاتەکان، ملکەچی بێنەوبەرە و سازش و پێکهاتن و دیاریکردنی بەرژەوەندی و پێشگریمانە و چاوەڕوانییەکانی مەحکوم بەکات و شوێن و حەز و خواست و بەرژەوەندییە جیاوازەکان وهاوکێشەی هێزن. بۆیەئێمە لەم چوارچێوەدا ئاتاجی پێداچوونەوە، ڕەخنە لە خۆگرتن، دیاریکردنی ئامانجی لە پێشینە و ئامانجەکان، گفتوگۆکردن ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان ڕێکەوتن و پێکەوەژیان و ئاڵوگۆڕکردنی بەرژەوەندییەکانیین، هیچ کام لەوانەش لە سایەی باڵا دەستی بیرکردنەوە و بە پێوەرکردنی هەق و باتڵ جێگەیان نابێتەوە و واتایان نامێنێت.

بۆیە دەبێت ئەم پرس و باس و خواستانە بخەینە چوارچێوە فکری سیاسی وحقووقی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەهاییە سروشتیەکەی خۆیانەوە، بەچەمك و دووانەیتر گوزارشت لە جیاوازی و ناتەبایی ولێکدژییەکان و خوواست وداواکارییەکان بکەین لەوانەش، (دادپەروەری) و (ستەم) (ماف) و (ئەرکێک) (میانە رەو) و (توندڕەو) و (چەوساوە)و (چەوسێنەر)و …هتد.

لەکۆتایشدا دەڵێین گرنگ ئەوە نییە چیت لاهەقە، گرنگ ئەوەیە بروات بەسەپاندنی بەسەر بەرامبەردا نەبێت. هەروەها هەموو هەوڵێك بۆ گەڕان بەدوای هەقدا گەر خاوەنەکەی پێشی نەگات بەبەرزەوە سەیربکرێت، هەرگیز ئەوەشمان لەبیر نەچێت هەمە رەنگی ژیان خودا کردە، ڕێزلێگرتنی رەنگدانەوەی هەقی خووداییە لەبووندا.

ئەو قسەی عبدولکەریمی سرووشیش گرنگە کەدەڵێت؛
(یەکێ لەپایە هەرە مەزنەکانو دیدە گەردوونی و مەزنەکانی ئیسلام ئەوەیە، جگەلەخوودا کەس خوودا نییە).

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP