دواین هەواڵ

ریفۆرمخواز لە مەیدانی پاوانخوازە یا...؟

‌فەرەیدوون پەروازە

08/07/2024

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا بە پێی مادەی 110 لە ژێر چەتر و سێبەری رێبەری و ویلایەتی فەقیدایە هەر بۆیە بمانەوێ و نەمانەوێ چوارچێوەی بریار و ئەرکەکانی بەرتەسک و لاوازە. بەو حاڵەشەوە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەو چاخەدا گرنگایەتی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدەکرێ. دیارە بارودۆخی ئیستای ئێران کەس یا رەوتێکی نەرم و نیانی دەوێ کە بتوانێ دۆخەکە ئاسایی و ئارام بکاتەوە، هەر بۆیە پاوانخوازانیش بۆ خۆیان حەزیان بە سەرکەوتنی کەسێکی وەک مەسعوود پزشکیان ئەکرد. بەربژێر بوونی چەن کەسێکی پاوانخواز لە بەرامبەر کەسێکی ریفۆرمخوازدا نیشانەی ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پزیشکیان لە لایەن حاکمیەتەوە ئەندازیاری کراوە.

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێراندا خاوەن هندێک تایبەتمەندییە لە ئاستی ناوخۆ و جیهانییدا کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدەکرێ. 

* سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای شەری هەشت ساڵەوە لە سەر بنەمای " نیگا بەرەو رۆژهەڵات " واتە هاوپێوەندی ستراتیژیک لە گەل روسیا و چین دارێژراوە و هەر دەوڵەتێکی پاوانخواز یا چاکسازیخواز هەتا ئیستە هاتبێتە سەرکار مەجبوور بووە رەچاوی ئەو سیاسەتە بکا. 

* هێزی سەربازی کۆماری ئیسلامی(ئەرتەش ) گەرچی پێکهاتەیەکی وەزارەتیە بەڵام بە پێی یاسای گشتی، فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکان چ سپا و چ ئەرتەش، رێبەری کۆماری ئیسلامییە. 

* پرسی داهات و ئابووری وڵات لە ژێر دەست و چاوەدێری پاوانخوازان دایە و دیاریکردنی بودجەی ساڵانەش بە دەسەنە و شێوەی بەرتەسک دیاری دەکرێ. 

* روسیا و چین بە سەرکەوتنی بەرەی چاکسازیخواز دڵخۆش نین و پێیان وایە کە ئەو رەوتە هۆگری بەلای رۆژئاوا و ئەمریکادایە و پێدەچێ رۆژێک  بتوانێ سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بەلای ڕۆژئاوادا بگۆرێ. 
* پێدەچێ  هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوو لە ئەمریکادا کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنی سەکۆماری ئێراندا ببێ هەر بۆیە بە پێی ئەو ئیحتماڵ و پێشبینییانە لە ئێراندا ئەندازیاری هەڵبژاردن کراوە. بۆ نموونە هەر کات لە ئەمریکادا دیموکراتەکان لە سەر کار بووبن لە ئێراندا پاوانخواز و توندرەوێک لە سەرکار بووە و بە پێچەوانەش هەر کات لە ئەمریکادا کۆماریخوازان لە سەر کار بووبن لە ئێراندا ریفۆرمخوازێک هەڵبژێردراوە. ئەو فرمۆڵە بۆ هەر دوولا بدە و بستێنەی تێدایە و لە ئاکامدا لە بەرژەوەندی هەردوولادا جۆرێک هاوکێشی و باڵانس درووستبووە. 

* لە ئاستی ناوچەییدا هەم شەری ئۆکراین و هەم شەری غەزە بە تایبەتی، بێجگە لە تێچووی ماڵی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی جیدی خستۆتە بەردەم مەترسی شەرەوە هەر بۆیە رەوتی چاکسازیخواز دەتوانێ وەک  نێوبژیوانێک کۆماری ئیسلامی لە مەترسی هەڵگیرسانی شەرێکی گەورە  دوور بخاتەوە. 

* لە ئاستی ناوخۆشدا هەڵبژێرانی رەوتی چاکسازیخواز دەتوانێ بۆشایی و ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات کە بە هۆی خۆپیشاندانەکانی چوار ساڵی رابردو(شۆرشی ژینا ) و دۆخی شپرزەی  ئابووری وڵات و تاد،،،  سەریهەڵدابوو، تا رادەیەک چارەسەر بکات. 

* پرسی دیموکراسی و ئازادی رادەربرین، ئازادی پێکهاتە نەتەوەیی، ئاینی و هزرییەکان و،،، پرسێکە لە بەردەم سەرکۆماری تازە هەڵبژێراو و رەوتی چاکسازیخوازاندایە و ئەگەر سەبارەت بەو پرسانە نەتوانێ وڵامدەر خەڵک بێت ئەوا روونە کە ئەوانیش کاراکتێر و یاریزانێکن لە مەیدانی پاوانخوازادا. 

*ریفۆرمخوازی لە ئێراندا هەتاکوو ئەم برگەیە لە مێژوو پاشگری دەسەڵات بووە و کەمایەسییەکانی پاوانخوازانی پینە کردووە.لە راستیدا لە جیهاندا رەوتی ریفۆرمخوازی لە هەموو بوارە هزری و ئایدۆلۆژییەکاندا جیاوازی لە گەل دەسەڵاتدا هەیە و دەیهەوێ شۆرشێکی هێمن و بە دوور لە تووندتیژی وەرێبخات. ریفۆرمخوازانی ئێران ئایدۆلۆژیای سەرەکی دەسەڵاتیان قەبووڵە و بەرنامە و پلانێکی ئابووری، سیاسی، کلتووری و ،،،تاد جیاواز لە حاکمیەتیان پێ نیە. ریفۆرمخوازیی راستەقینە دەرەتان بۆ پاوانخوازان ناهێڵێتەوە کە جارێکیتر لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بهێننەوە. 

سەرئەنجام: 

هندێک لە شرۆڤەکان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی بە خستنە مەیدانی چاکسازیخوازان دەیهەوێ خۆی لە قەیران دەرباز بکات. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو روانگەیە لە ئارادایە کە ریفۆرمخوازی ئیستە جیاوازە لە سەردەمی خاتەمی و رۆحانی  و ئیتر نایانهەوێ ببنە گۆچانی پاوانخوازان. ئەگەر جەبر و گوشارەکان حاکمیەتی گشتی هاندابێت بۆ ئەوەیکە چاکسازیخوازان بێنە گۆرەپانەوە ئەوا دەتوانین بڵێین کە پاوانخوازان بەراستی پاشەکشەیان کردووە و لە بەرامبەریشدا لە چاو جاران ئەختیارات و دەرەتانی چالاکییان زیاترە.

ریفۆرمخوازان باش دەزانن کە خەڵکی لەوانیش نارازییە هەر بۆیە هەوڵ ئەدەن زیاتر لە جاران چالاکتر

بن و  خاوەنی بریار و قسەی سەربەخۆی خۆیان بن. 
دەسەڵات لە ئێراندا بە جۆرێک بەدەنە و جمگەکانی

سیستمی کونترۆڵ کردووە کە ناتوانن ببنە پشتیوانی هیچ رەوتێکی دیکە بێجگە لە پاوانخوازان، هەر بۆیە تەنیا پشتیوانی چاکسازیخوازان بەرەی خەڵک و جەماوەرە. مەسعوود پزیشکیان لە دوای هەڵبژاردن لە قسەیەکدا دەڵێ لە گەل خەڵکم بە مەرجێک لە کاتی هەستیاردا پشتم بەر نەدەن. دیارە مەبەست لە کاتی هەستیار کاتی هەڵبژاردن نیە چوونکا تا چوار ساڵی دیکە هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئەنجام نادرێت. لە وڵاتی ئێراندا رەوتی چاکسازیخواز سەردەمێک هەم پارلەمانی بە دەستەوە بوو هەم جەماوەری خەڵک بەڵام سەر ئەنجام لە هەڵبژاردندا دۆراندیان، کە هۆکارەکەی تەنیا پۆپۆلیست بوونی ئەو رەوتە بوو. دوو رێکار و تایبەتمەندی دەتوانێ ریفۆرم بە سەر ریفۆرمخوازاندا بێنێ .یەکەم:  سیاسەت و تاکتیکی نوێ و جیاواز لە بازنەی حاکمیەت ۰ دووهەم: بوێری و نەترسی 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP