هەموو قوتابخانە، رێباز و ئیزمەکان بە هۆکارگەلی ماتریالیستی و دنیاویستی رەهاوە، سەبارەت بە پرسی ژینگە، بێ بەرنامە و تێکدەرانە بریار ئەدەن و دەتوانین بە جورئەتەوە بڵێین کە بە هۆی ئاوڕ نەدانەوە لە ژینگە و سرووشت، هەموویان خاوەنی کورتی و کەمایەسین. قوتابخانەکانی سەردەم بە هۆی مرۆڤ تەوەری و گرنگی دانی لە رادەبەدەر بە پرسی ئابووری و داهات و کۆکردنەوەی سەرمایەوە سەبارەت بە پرسی ژینگە گەندەڵ و چەواشەکار و بێ بەرنامەن. دەست پێوەگرتن و رەچاوکردنی دۆخی ژینگە بانگەشەی بۆ نەکراوە و بیرمەندانی سەردەم زیاتر پەرژاونەتە سەر پلان و تاکتیکەکانی سەر کەڵک وەرگرتن لە وزە و سەرچاوە سروشتییەکان. یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووستبوونی ئەو دۆخە ئەوەیە کە باری مەعنەویی تەواو لاواز بووە. مەعنەویی بوون یانێ رەچاوکردنی بارودۆخ و حاڵی بەرانبەرەکەت چ مرۆڤ بێ یا ئاژەڵ و ژینگە. مرۆڤی مادی لە ئیستەدا ناتوانێ مرۆڤی مەعنەویی بێت. کاتێک مرۆڤ بەشی سەدساڵی داهاتوو سەرمایەی کۆکردۆتەوە و دەرحەق بەو بوون و سەرمایەش ناسپاسە بە خودا و ژینگە و دیسان چاوچنۆکانە لە هەوڵی زیاتر دایە، سایکۆۆژی و باری دەروونی مرۆڤی سەردەم بە راستی لە سەرخۆ و ئاسایی نیە.
گەرچی هندێکجار بە هۆکاری سیاسی و راکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی لە میدیاکاندا باسی دەسپارێزی و دەستپێوەگرتن دەکرێ بەڵام ئەو بانگەشەیە هیچ دەورێکی نیە چوونکا لە کاتێکدا باسی ژینگەدۆستی دێتە ئاراوە کە مرۆڤ لە نێو سەرمایە و خۆشبژێوییدا خنکاوە و ئیمکانی نیە لەو بارودۆخەدا هەستی بەزەیی و رەحمی سەرهەڵبدات و دەست لە کۆکردنەوەی سەرمایە هەڵبگیرێت.
کاتێک بە هەزاران کارگە و کارخانە گەرما و دووکەڵ بەر ئەدەنە هەوا، ئیتر ناشتنی نەمام و درووستکردنی شینایی و چیمەن چ دەورێک دەبینێ. کاتێک ساڵانە بە ملیۆنان تۆن مادەی کیمیایی لە کەرتی کشتوکاڵدا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی زیاتر دەرخواردی زەوین و دار و درەخت و گژوگیا ئەدرێت، ئایا ژینگەدۆستی مانای دەمێنێ. هەڵکۆڵین و کەنەوەکردنی زەوی و ناخی زەوی و گوازتنەوەی لەم لا بۆ ئەولا و هەروەها کێبەرکێی جەمسەرە ئابوورییەکان و لە ئاکامدا سەرهەڵدانی شەری بەردەوام و گەورەتر دواین هەوار و ویستگەی گەورەی مەخلووقات دەبێ لەم سەدەیەدا. هزری مرۆڤی مادی هزرێکی تێکدەرانەیە لە چوارچێوەی دیسیپلین و بەرنامە و هونەر و جوانکارییدا. یەکێ لە بیرمەندان دەڵێ کە پێشکەوتن و زانستی مرۆڤ تا ئیستا تەنیا هەڵوشینی یەکێ لە کیشوەرەکانی( قارە) جیهان بووە و بەس. ئەگەر لە رابردوودا جەمسەرەکانی زەوی ، ئاوی سوێری ئەقیانووسەکان، کەژ و کێو و رووبارەکان، دارستانەکان، وەرزەکانی ساڵ و،،، باڵانس و هاوکێشی ژینگە و سرووشتیان راگرتبوو ئەوە لەوە بەدوا دەبێ چاوەرووانی رقوقینی سرووشت و قامچی باو و بۆران و هەورە تریشقە و شاڵاوی گەرما و لافاو بین. هەموو مرۆڤەکان لە کاولکردنی ژینگەدا وەکوو یەک بەشدارین. کاتێک منی ژینگەپارێز دوو دەست خانۆم هەیە، بیست جووت پێڵاوم هەیە، بێ هیچ هۆکارێک شەوانە سەد گڵۆپ دادەگیرسێنم، هەموو سەر ساڵێک کەلوپەلی ناوماڵ دەگۆرم و ،،، ئیتر با دەیان نەمامیش بروێنم ئایا لەو باروودۆخەدا منیش هۆکارێک نیم بۆ گەراندنی چەرخی کاولکاری ژینگە.
هزری چەپ و راست و بلووکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەر هەمووی لە سەر حەسابی ژینگە و سرووشت خۆیان کاریزما و پیرۆز کردووە ئەگینا هەموویان هیچن.
کاتێک لە دەیان ئایەت، حەدیس و فەرموودەی پیاو چاکاندا گەندەڵی، دەست پێوەنەگرتن و ناسپاسی بە هۆکاری نەبارینی بەفر و باران و روودانی لافاو و بوومەلەرزە و سیاساڵی و ،،، دەزانن ئایا ئەوە بۆچوونی دواکەوتووانە و کۆنەپەرەستانەیە یا کارگەیەک کە دووکەڵی مازوت لە سرووشتدابڵاو دەکاتەوە. دواکەوتوویی ئەوەیە سەرچاوە سروشتییەکان بنەبڕ بکەیت و بیری نەوەی داهاتووت نەبێ. کونفرانسی ساڵانەی پاریس سەبارەت بە ژینگە هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنی بە دواوە نابێ چوونکا چەرخی پیشەسازی بە خێرایی کارەبا لە کێبەرکێ و پێشەوەچوون و گەڕان دایە.
کۆتا باس ئەوەیە کە پرسی ژینگە هێڵی سووری بەزاندووە و هەر رۆژێک هەواڵی کارەساتێکی سرووشتی وەک لافاو، بوومەلەرزە، خۆڵبارین، کەم ئاوی، گەرما، پیسبوونی ئاو و هەوا و ،،،، ئەبیسین کە هۆکاری سەرەکی لە ئێمرۆدا مرۆڤ و هزری مرۆڤە. تەنیا رێکارێک کە لە ئیمرۆدا دەتوانێ وڵامدەری حاڵی ژینگە بێت ئەوەیە کە بە راهێنان و بردنە سەری ئاستی وشیاری ژینگەیی هەموو گەڵاڵە و پلان و بەرنامەکانی ژیان هەر لە ئاستی تاکەکەسییەوە هەتا ئاستی نیشتمانی و نێونەتەوەیی تێکەڵ بە بیر و هزری ژینگەپارێزی و ژینگەدۆستی بکەین و لە سەر ئەو بنەمایە هەموو کاروبارەکان رێک بخەین.