دواین هەواڵ

پشکی کورد لە زانستی جیهانییدا

‌فەرەیدوون پەروازە

06/06/2024

خراپترین هەژاری بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا هەژاری هزر و بیرە. لەو بارودۆخە هەژارییەدا مێشکی مرۆڤەکان بەتاڵە و زەخت و گوشاری ژیان لە سەر لەش و ماسولکەیە. لە ڕابردودا هەموو وڵاتێک بە هزر و بیر و وشە هەژار بووە، مرۆڤەکان تەنیا چەن سەد وشەیان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار و ئەرکەکانی ژیان پێویست بووە. دەرەتانی خوێندن بۆ هەموو کەس نەڕەخساوە. ئەو زانستانەی کە لە ناوەندەکانی خوێندندا ئاراستەی خوێندکاران کراوە بە شێوەی بەرتەسک لە بوارەکانی پزیشکی، هەسێرەناسی، ئەدەبیات، فەلسەفە و ئەدیاندا بووە و زانستی ئاین کە باسی ئیخلاق، سۆفیگەری و عیرفانی کردووە، پێوەندی بە دنیای دەروون و مەتافیزیکەوە هەبووە و هەمووان لێی حاڵی نەبوون. مادام ژیان لە ڕابردوودا لە سەر هەوڵ و زەحمەت و کارکردن دابین بووە ئیتر بابەت و چەمکە هزرییەکان دەورێکی وەهایان نەبووە.

لە ڕابردودا هەموو کۆمەڵگای مرۆڤانی  تاڕادەیەکی زۆر وەک یەک لە هەژاریدا ژیاون، کاتێک نەخۆشینێکی وەک سوورنجە و تاعوونەڕەشە سەریهەڵداوە و بە دەوڵەمەند و هەژارەوە هەمووی لە نێو بردووە، ئیتر ئەوە پێوەندی بە هەژاری فەرهەنگییەوە هەبووە لە ڕابردوودا. بە کورتی "هەژاری فەرهەنگی یانێ بێبەری بوون لە لانیکەمی نیازە سەرەکییەکانی ژیان، لە بوارە فەرهەنگییەکانی وەک خۆشبژێوی، ڕاهێنان و پەروەردە، دەرمان و تەندرووستی، کاتەکانی پشوو و ڕابواردن، کار و تاد،،،،"[۱]. لە دنیای ئیمڕۆدا کە جیهان بۆتە گوندیلەیەکی بچووک، هەژاری فەرهەنگی دەرئەنجامی خراپ و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. کلتووری هەر وڵاتێک هەژار و لاواز بێت لە لایەن کلتووری دەوڵەمەند و باڵادەستەوە هەڵدەلووشرێ و لە سەر نەخشەی جیهاندا بۆ هەمیشە دەسڕێتەوە. لە هندێک ڕوانگەوە هەژاری بە مانای نەبوونی داهات نیە. بۆ نموونە هندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی سەرمایەدان بەڵام لە هندێک بواری هزری و فەرهەنگییدا لە هەژارییدا ئەژین. سەنگاپوور وەک بچوکترین وڵاتی ئاسیا بە بەرهەمهێنانی تۆڵاشەی کامپیۆتری بووە بە یەکێ لە ئابوورییەکانی جیهان."سلینالینگ بە گرتنە پێشی سیاسەتی (وڵاتی زیرەک)، پێیوایە بۆ ئەوەیکە وڵاتەکەی ببێ بە جەمسەری هەناردەی ئیلکترۆنیک لە ئاسیادا، دەبێ ئابووری دیجیتاڵ، دەوڵەتی دیجیتاڵ و کۆمەڵگای دیجیتاڵ وەک سێ ڕەهەندی سەرەکی ڕەچاو بکرێت."[۲]. 
هیندوستان سەردەمێک بە هەناردە کردنی پزیشک بۆ وڵاتانی دیکە هەم کاری بۆ هاوڵاتییانی خۆی پەیدا ئەکرد و هەم سەرمایەی بۆ وڵاتەکەی ڕادەکێشا، یا ئەوەیکە وڵاتانی پێشکەوتوو بەرهەمە نەوتییەکان، بە دەیان بەرابەر قازانج و سوودی زیاتر لە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە ئێمەی وڵاتانی خاوەن نەوتی دەفرۆشنەوە و،،،تاد .

هەموو ئەو نموونانەی کە باسمان کرد نیشانەی چالاکبوونی مێشکی ئەوان و بەتاڵبوونی مێشکی ئێمەیە. وڵاتانی جیهانی سێهەم سەبارەت بە بیرۆکەی ڕۆژ، زۆر هەژارن. شایەد زۆر کەس بۆ خۆ دەربازکردن لەو باسە، هەژاری فەرهەنگی بە ئاین یا ئایدۆلۆژیاکانەوە گرێ بدەن، بەڵام خۆ هیندوستان، ژاپۆن و زۆرێک لە وڵاتان، پابەندی داب و نەریت و ئاینە دێرینەکانی خۆیانن و تەنانەت ئەحزابی دیموکرات مەسیحی، سۆسیالیست مەسیحی و،،، تێدا بەدی ئەکرێ کە هندێکجاریش دەبنە دەسەڵات و دەوڵەت، یا ئەوەیکە بە چەندین دەوڵەتی وەک وینزۆئیلا، کۆریای باکوور و تاد،،، هەن کە بە رواڵەت چەپ و سۆسیالیستن لە حاڵێکدا لەوپەڕی هەژاری فەرهەنگییدا ئەژین. زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، وەکوو تایوان، مالزیا، فیلیپین، کۆریای باشوور، ئەفریقای باشوور و ،،، لە دە ساڵی ڕابردودا بە ڕاسان و وەرچەرخانێکی سەردەمیانە، خۆیان لە هەژاری فەرهەنگی دەرباز کردووە. لێرەدا خۆمان لە حەساب و کیتابی دەوڵەتان دەبوێرین و ئاوڕێکی کورت لە هۆکارەکانی هەژاری کلتووری کۆمەڵگای کوردستان ئەدەینەوە و ڕێکاری تۆکمە و لۆژیکی بۆ چارەسەری دیاری دەکەین. وڵاتی ئێمە لە ناوەڕاستی ڕۆهەڵاتی ناوین و ناوەندی ڕوداوەکاندا هەڵکەوتووە.

ئەو وڵاتە خاوەن چەندین فاکتی ئەرێنی و نەرێنییە، کە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، هەر کامیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان لە بەرەو پێش بردن و لاوازکردنی دۆخی هەمەلایەنەی کورددا هەبووە. کورد خاوەن سەدان مرۆڤی ئاکادیمی و نوخبە و هەڵکەوتووە. بیرمەندان کە سەرمایەی مەعنەوی کۆمەڵگان، ئەرکی گرانی ڕێنوێنی و ئەندازیاری کۆمەڵگاکەی خۆیان لە سەر شانە. سەردەمی ئێمە سەردەمی کێبەرکێی زانستی و بەرزکردنەوەی ڕادەی بەرهەمهێنانی هزری و فەرهەنگییە. بە پێی ئامارەکان" لە ساڵی ۲۰۱۸دا  نزیک بە ۲.٥٥ ملیۆن  وتاری زانستی لە جیهاندا بڵاو کراوەتەوە، لەو ڕێژەیە ٥۲۸۲٦۳ وتار پێوەندی بە وڵاتانی ئاسیایی و ٤۲۲۸۰۸ وتار لە وڵاتانی ئەمریکای باکوورییدا بڵاوکراوتەوە. ئەمریکا، چین، ڕوسیا، هیند، ئاڵمان، ژاپۆن و بریتانیا خاوەن زیاترین ڕێژەی وتاری بڵاو کراوەن لە ساڵدا "[۳]. گرنگتر ئەوەیە کە ڕێژەی وتارە زانستییەکانی تایبەت بە کیمیا، ژینگەناسی و،،، لە هەموو بابەتێکیتر لە سەرترەوە بووە. دیسانەوە لە بواری چاپی کتێبدا" ئەمریکا، چین و بریتانیا، هەر یەک بە ڕێژەی چین ٤۷۰هەزار، ئەمریکا ۳۳۸۹۸٦ و بریتانیا ۱۷۳هەزار بەرگ کتێبیان لە ساڵدا بڵاو کردۆتەوە "[٤].

دنیای هێز و دەسەڵات یانێ ئەوە. هەموو پیشەکان لەو وڵاتانەدا پسپۆڕی و بڕوانامەی دەوێ. لە لای ئێمە هیچ خاوەن پیشەیەک، چ دوکاندار، باخەوان، دارتاش، بەننا و،،،تاد، نەک بڕوانامەی پیشەییان نیە، تەنانەت ئامادەش نین چەن وتار و کتێبێک لە بواری پیشەکەیاندا بخوێننەوە. لەوە هەژاری فەرهەنگی؟؟ دنیای زانست دنیای هێزە. هێشتا بەشێک لە زانست شاراوە و نەهێنییە و لێکۆڵەران ئامادە نین بە ئاسانی لێکۆڵینەوە و دەسکەوتە زانستییەکانیان بخەنە بەر دەستی گشتی.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە هۆی دیمۆکراسی و پێدانی مافی پەنابەرییەوە، پێشوازی لە بیرمەندانی وڵاتانی جیهانی سێهەم و دواکەوتوو دەکەن و بە ڕێزەوە هەموو دەرەتانێکیان پێ دەبەخشن. بودجەی زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە بیسنوورە. نووسەران و لێکۆڵەران خاوەن سەندیکا و مووچەی تایبەتن. ناسیوناڵیزمی زیندو یانێ ئەوەیکە تۆ بە زمانەکەی خۆت خاوەن کتێبخانە و زانکۆ و ئارشیڤی دەوڵەمەندی زانستی بیت. لە ڕاستییدا ناسیۆناڵیزم لە هێما و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەمەندی کتێبخانەکان.

  لە وڵاتانی بەڵالێدراوی جیهانی سێهەمدا ئەگەر چالاکییەکی فەرهەنگیش بکرێ، هیچ خشتێک ناکەوێتە سەر دیواری زانست و پێشکەوتن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ناوەڕۆکی باسەکان و نییەتی ئەنجامدانی ڕۆشنبیری، بۆ سڕینەوەی ژێر دەستان و پەرەپێدانی کلتووری هەژارییە.

سەرئەنجام:

لەو بڕگەییەی مێژوودا کە کورد خاوەن هیچ دەسەڵات و زانکۆ و دام و دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەهێز نیە، چ ئەرک و کاروبارێک دەکەوێتە سەرشانی بەرەی ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەم؟

کتێبخانەی کوردی کتێبخانەیەکی گەدا و لاوازە و ئەگەر لەو چەن دەییەی دوایانەدا دەق و نووسراوە و کتێبێک بەرهەم هاتبێت بە زۆری پێوەندی بە پرسی زمان و ئەدەبیات، سیاسەت، مێژوو و پرسگەلی ئایدۆلۆژیک و ،،،تاد بووە. خەسارناسی بەرهەمە فەرهەنگییەکانی کوردستان بریتیین لە:

ــ بەشێکی زۆری بە زمانی غەیرە کوردی نووسراوە.
ــ بەشێکی دیکە ناوەرۆکی بابەتەکان دوپاتە و لێک نزیکن.
ــ بەشی هەرە زۆری ئاکادیمی و زانستی نین.
ــ بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ڕابڕدو دیجیتاڵیزە نەکراوە.
ــ زمانی کوردی بە دو خەتی ئارامی و لاتینە و یەکگرتوویی خەتی و ڕێزمانی تێدا بەدی نەهاتووە.
لەوەیکە زمانی کوردی نەبووە بە زمانی کیمیا، فیزیا و تیکنۆلۆژی، بۆ هیچکەس جێی  ڕەخنە

و سەرسوڕمان نیە و نابێت.  لە لایەکی دیکەشەوە ستەمێکی گەورەیە ئەگەر بە ئاسانی دەستبەرداری نەتەوە و زمانەکەمان بین. زمانی کوردی زمانی نزیک بە پەنجا ملیۆن مرۆڤە و پێوەندی بە سەردەمانی کۆنەوە هەیە. لە ئیستەدا زۆرێک لە سەر ئەو باوڕەن کە ناسیۆناڵیزم و سنوورە سیاسییەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن و بە قەولی ئاپادورای کە دەڵێ " ئێمە دەبێ بیر لە ئەو دیوی نەتەوە بکەینەوە "[٥]. شایەد ئەو وتە بۆ ئەوان کە خاوەن خاک و دەوڵەت و دەسەڵاتن، ڕاست بێ بەڵام بۆ ئێمەی گەلانی بێ دەوڵەت، وتەیەکی ڕاست و جێگیر نیە. بۆ سەلماندنی بوونایەتی خۆمان لەو قۆناخەدا، هەم پوتانسێل هەیە و هەم کات و دەرەتان. بۆ درووستکردنی شوناس و ناسنامەی نوێ و مۆدێڕن، دەتوانین بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە فەرهەنگییەکان، هەنگاوی جیدی هەڵبگرین. لە دنیای ئیمڕۆدا کە کورد ناتوانێ لە باری ئابووری و لە بوارە سەختئامێرەکانی دیکەوە لە گەل نەتەوەکانیتردا، هاوسەنگی درووست بکات، ئەوا دەتوانێ لە بواری نەرمئامێرییدا خۆی لە ئاسمیلە و توانەوە بپارێزێ. دنیای دیجیتاڵی یارمەتیدەری کوردە. یەکەمین و زانستیترین هەنگاو نووسینی ئاینسکلۆپیدیا و فەرهەنگنامەی زانستییە لە هەموو بوارەکاندا. شایەد لە ئیستەدا لە هەموو بوارەکاندا ئیمکانی نووسینی فەرهەنگنامەی زانستی نەبێ، بەڵام بە پێی ڕیزبەندییەکان دەتوانین بەرهەمی بە نرخ بخولقنین. ئاینسکلۆپیدیای زانستی لە بوارەکانی ئەدەبی، سیاسی، فمینیزم، ئابووری، ژینگەناسی و ،،، دەتوانێ زۆر کەلێن و بۆشایی لە زمانی کوردیدا پڕ بکاتەوە و هەروەها وەکوو تاپۆیەکی نەتەوایەتی، ناسنامەیەک بۆ نیشتمان بخولقێنێ." گرنگی ئاینسکلۆپیدیا لە چەن خاڵدایە کە بریتین لە:

یەکەم: هەڵگری زۆرترین زانیارییە لە هەموو بوارەکاندا.
دوهەم: هەر سوژەیەکی بە بێ زیادکردن یا کەموکورتی بە پێی زانیاری ڕۆژ شرۆڤە کردووە.
سێهەم: دەبێتە سەرچاوە بۆ لێکۆڵەران.

چوارەم: لۆژیکی و زانستین و درگای شرۆڤەیان داناخرێت."[٦]. لە دنیای ئیمڕۆدا کە قەیرانی ژینگە لە جیهاندا سەریهەڵداوە و لە بەرامبەریشدا زمانی کوردی زمانی ژینگەیە و دەوڵەمەندە بە وشە و زاراوە ژینگەیی، ئاژەڵداری و کشتوکاڵییەکانەوە، نووسینی ئاینسکلۆپیدیای ژینگەناسی هەم زانیاری ژینگەیی خەڵک دەباتە سەرەوە و هەم زمانەکەش لە فەوتان ڕزگار دەکات. هەر سینف و پیشەیەک دەتوانێ لە بواری خۆیدا دەست بداتە نووسینی فەرهەنگی زانستی. بە دەیان ئەحزابی کوردی هەیە، بەڵام هێشتا کۆمەڵگا لەو زاراواە سیاسییانە بێ خەبەرن کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیمانەوە. بە سەدان چیرۆکنووس و شاعێری پێشکەوتوومان هەیە بەڵام هێشتا ئاینسکلۆپیدیای ئەدەبیاتی کوردی نەنووسراوە. ئاینسکلۆپیدیا بناخەی زمان و ڕۆشنبیرییە و بە هۆی ڕەنگاوڕەنگی ناوەڕۆک و باسەکانەوە زۆرترین خوێنەر ڕووی تێدەکات و سەرچاوەی زانیاری دەبێت. باس و چەمکە زانستییەکان بە پێچەوانەی هەواڵ و ڕوداوەکان تەمەنیان زۆرترە و نەمرترن. ورووژاندن و هێنانە بەر باسی هەر چەمک و بابەتێک چ لە چوارچێوەی وتاردا بێت یا بە ئاخاوتن، کاریگەری راستەوخۆی لە سەرخوێنەر و بەردەنگی خۆی هەیە و بیرۆکەی نوێتر بە شوێنی خۆیدا دێنێ. 

وەک دوا وتە پێویستە گەلێکی وەکوو کورد، بۆ ئەوەی لەو جیهانە ئاڵۆزەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە، دەبێ چەندین هەزاران کەسی پسپۆر و شارەزا لە هەموو ڕەهەندەکانەوە خەریکی بەرهەمهێنانی هزر و بیر، دەق و کتێبی نوێ بێت. کتێب و نووسراوەی نزیک بە واقێعی ڕۆژ و وێژمانی کۆمەڵگا، زیاترین خوێنەر و هۆگری کتێب پەیدا ئەکات. هەتا خولقاندنی بەرهەمی زانستی و خۆماڵی زیاتر بێت، مێشکی کۆمەڵگا بە گشتی، چالاک دەبێتەوە و لە ئاکامدا کردەوە و پراکتیک جێگای بێکاری، کەمتەرخەمی و تەمەڵ پەروەری دەگرێتەوە  .

۱ـ فقر فرهنگی . Alirezasamani.blogfa.com
۲ــ سنگاپور میخواهد بە قطب تجارت الکترونیک ٱسیا تبدیل شود.tahlilbazar.com
۳ـ etemadonlain.com . ۱۳۹۹/۱/۲.کد خبر ۳۹۳٥۹۳
. ۱۳۹٦/۱۰/۲  eghtesadonlain.com - ٤
٥ـ اوموت اوزکریملی. آخرین بحثها در مورد ناسیونالیسم. ترجمە طاهر اصغرپور. نشر نگاە معاصر. ۱۳۹۸. ص ۲٥۹
٦ــ تقریری بر اهداف و کارکردهای دائرەالمعارف.iqna.ir. ۱۳۹۸/۲/۲

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP