دواین هەواڵ

چارەسەرە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و سزادانی گەندەڵکاران

‌نەوزاد هێتوتی

05/07/2024

ھەموو كاتێك گوتوومانە ھەڵبژاردن باشترین چارەسەر بۆ ئالۆگۆڕی دەسەڵات وسزادانی گەندەڵکاران و ئەوانەی بەڵێنی پرۆپوچ دەدەن و ھیچ شتێك  بۆ گەل وڵاتەكەیان ناكەن . 

‎بەڵێ خەڵك سزای ئەوانە دەدات كە سەروەت و سامانی وڵات بۆ بەرژەوەندی كەسی و شەخسی خۆیان و دەوروبەریان بەكار دەھێنن، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەو وڵاتانە راستە كە خەڵك ھۆشیارن، خەڵك ھەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن، خەڵك ھەست بەوە دەكەن بەرپرسیارن لەو دەنگەی دەیدەن. 

‎بۆیە ھیچ كات ئەو خەڵکە لەسەر بنەمای ھەست و سووز دەنگ نادەن، بەڵكوو دەزانن بۆچی دەنگ دەدەن و بۆچی دەنگ نادەن. بەڵێ ئەم ھەڵبژاردنە بەریتانیا خەڵك سزایی پارتی پارێزگارانیدا چونكە راستگۆنەبوو لە گەڵ دروشمەكانی خۆی و زۆربەی بەلێنەكانی جێبەجێ نەكرد. 

‎بۆیە خەڵك لێ ھەڵگەرانەوە و دەنگیان بە پارتی كرێكاراندا. 

‎ھەموو ئەمانە ئەوە دەسەڵمێنیێت خەڵك لێرە چەند ھۆشیارە و چەند ھەست بە بەرپرسیارێتی دەكات وولاتەكەی خۆش دەوێت. 

‎لێرە نە ئاغا ھەیە، نە كورە بەرپرسی گەندەڵ، نە بازرگانی مەسلەحەتچی ھەیە. 

‎ئەمانە ھەرگیز ناتوانن كەس ئیستغلال بكەن یان فێلیان لێ بكەن یان بە زەبری پارە بکڕێن. لێرەدا خەڵک دەنگ نادەن بە كەسێك لەبەر ئەوەی ئاغاییەكی نە خۆیندەوار لە پشتە، كەس دەنگ بە كەسیك نادەن كە خەریکی دەعوەت و دەعوەتكاری بێت و خەڵك لەو ریستورانتە بۆ ئەو ریستورانتە ببات.

‎خەڵك دەنگ نادەن بە كوری بەرپرسێكی گەندەڵ چونكە دەسڵاتی ھەیە. 

‎لێرە مەلاق، پێیاهەلدان و ماستاچێتی فلسێک ناهێنێت. 

‎بۆیە، لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا نە ئاغاگەری، نە ناوچەگەری عەشیرەتگەری ھیچ ڕۆڵێکی نییە. 

‎ئەوەی  خەڵك دەنگی پێدەدات ئەوەیە چەند دڵسۆزە بۆ ولاتەكەی، چەند دەتوانێت خزمەتی ولاتەكەی بكات، چەند دەتوانیت دژایەتی گەندەڵی بكات چەند بێروکە باشی هەیە بۆ پێشخستنی ولاتەکەی.

‎چەند شارەزایی، پسپوری ولێھاتوویی ھەیە. بە كورتی لێرە پێوەر ھەیە نەك وەک بەناو   بەرپرسەکانی خۆمان جیاوازی نەكەن لە نێوان  گاڤانێك و دكتورێك .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP