دواین هەواڵ

ئەنفال: جینۆسایدێک لە نیساندا

‌د.سەردار عەزیز

پێش 3 هەفتە

یەکەم دێڕی قەسیدەی وێرانە خاکی تی ئێس ئیلیوت دەڵێت: نیسان دڵڕەقترین مانگە. ئیلیوت ڕەنگە مەبەستی تری هەبێت، بەڵام لە میانەی ئەنفالدا نیسان ترۆپکی کردە دڕندەکە بوو. چواردەی مانگ، وەک هۆمەر محمد پێی گوتم، ئەو ساتەیە کە زۆرترین خەڵک دەستگیر دەکرێت.

ئەوەی لە یادی ئەمساڵدا زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، چەند ڕەهەندێکی نوێ بوو. ئێستا دوای سەد ساڵ لە بونی دەوڵەتی عێراقی، هەموو پێکهاتەکانی ناو خاکی عێراق ڕوبەڕوی جۆرێک لە گەلە کوشتار و جینوساید بونەتەوە، بەڵام دەوڵتی عێراقی وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە باران. بۆ ئەم مەبەستە هەمیشە ڕژێم و کەسەکان تاوانبار دەکرێن. لە ساڵی ١٩٣٣ کاتێک تەمەنی دەوڵەتی عێراقی یەک ساڵە، بە کوردیەکەی هێشتا ساوایەکی مەمەمژەیە، گەلە کوشتاری ئاشورییەکان لە قەزای سمیل دەکرێت.

ئەم هەوڵی قڕ کردنە بەردەوام دەبێت هەتا، قڕکردنی ئێزیدییەکان لە ٢٠١٤. ئەوانەی کە سیستەم و دۆخ و دەوڵەت و کەلتور و ئاگایی گشتی بێ بەری دەکەن لەم تراژیدیا بەردەوامە هەمیشە پۆزشهێنەوەرەن بۆ قڕکردنەکان.
بۆیە بۆ من دەبێت دەوڵەت بەپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ. دان بە ئەوەدا بنێت، کە بەشداربوە، ئەنجامدەربوە، یان بێتوانابوە لە ڕێگری یان هاندەربوە لە خولقاندنی زەمینە، یان بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە بۆ ڕێگریی.

نەبونی ئەم جۆرە ئاگاییە وەهایکردوە سەرباری بونی ژمارەیەکی زۆر لە قاتوقڕی لە عێراقدا کەلتوری ڕێگری و دژایەتی جینۆساید بونی نیە.

بۆیە بەرپرسیارێتی دەوڵەت، ناچارکردنی دەوڵەت بە بونی یادەوەری، بە ڕێگریکردن لە لەبیرکردن، بەبێ دەنگکردنی بەهانەهێنەرەوەکان بۆ جینۆساید، هەموو کاتێک دەبێت کە دەوڵەت بە هەموو توانا و دەزگا و پرۆسەیەوە کار بۆ ئەم مەبەستە بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP