دواین هەواڵ

جیوپۆلەتیکی کۆن

‌د.سەردار عەزیز

پێش 3 هەفتە

دوێنێ ڕۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی کە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، پەیوەندییان پێوەکردم بۆ دیدارێک، دەربارەی واژۆکردنی ڕێکەوتنێک لە نێوان عێراق و کوێتدا بۆ دروستکردنی کەیبڵی پەیوەندی لە نێوان کوێت و ئەوروپا، کە بە عێراق و تورکیادا تێدەپەڕێت.

پرۆژەکە جۆرێک لە هاوتەریبی هەیە لە گەڵ پرۆژەی گەشەی نێوان عێراق و تورکیا.

وەک دەزانن لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر پرۆژە لە ئارادایە لە ناوچەکە، کە لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەیی هەیە لە گەڵ پرۆژەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست.

لە ساڵی ١٩٢٣ کەسێ بە ناوی ئەدوارد مید ئێرل کتێبێک دەنوسێت بە ناوی تورکیا و زلهێزەکان و هێڵی شەمەندەفەری بەغدا: لێکۆڵینەوە لە ئیمپریالیزم. Edward Mead Earle
Turkey, the Great Powers and the Baghdad Railway: A Study on Imperialism

تێزی کتێبەکەی ئێرل ئەوەیە کە ئەم پرۆژانە، کە دەکرا ببونایەتە هۆکاری ئاشتی پەیوەندی و تێکەڵیی، بەڵام بونە هۆکاری ترس و ڕکەبەری و پاشان شەڕی جیهانی یەکەم.

ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسێکی تورک لە لێداوانیدا دەربارەی پرۆژەی ڕێگای گەشە، ئەم پاشخانە مێژوییەی هەڵدایەوە کاتێک گوتی یەکێک لە هۆکارەکانی کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەوەبوو کە تورکیا کەنارگیرکرا لە سیستەمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی پاش کردنەوەی کەناڵی سوێس.

ئێستا بە هەمانشێوە، بە تایبەتی داڕشتنی پلانی ڕێگای هیند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوروپا، بە پشتیوانی ئەمریکا، تورکیا وەها هەست دەکەن، جارێکی تر لە سیستەمی گواستنەوەی جیهانیدا کەنارگیر دەکرێن، بۆیە لە ؛ێراق زیاتر جەخت لە پرۆژەی گەشە دەکەنەوە.

لێرەدا ئێمە سەرەتای گۆڕانی پرۆژەکان گەیاندن و گواستنەوە دەبینین بۆ ململانێ و ترس و ئەگەری شەڕ. هەمان ئەو دۆخەی کە پێش سەدەیەک ڕویدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP