دواین هەواڵ

سەرنج دەربارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا

‌د.سەردار عەزیز

پێش 4 هەفتە

وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن، دۆخی ناو ئاکەپە شلۆقە، چاوەڕوانی ئەمەیان نەدەکرد. ئەردۆگان ناڕازییانی هەموو بە خەڵکی بەرەی ئۆپۆزسیون دەبینی، بەڵام دەرکەوت وەها نیە. شانزە ملیون خانەنشین لە تورکیا بونیان هەیە کە لە دۆخێکی سەختی برسێتیدا دەژین.

لە ناوەوەی ئاکەپە دۆخەکە بە تسونامی ناودەبرێت.

پێش ئەم دەرئەنجامە، بیرێکی وەها هەبوو لە ناو پارتی داد و گەشەپێداندا کە دەستور بقۆڕێنن و ئەردۆگان بۆی هەبێت بۆ سێیەم جار لە ساڵی ٢٠٢٨ خۆی کاندید بکات. بەڵام دوای ئەم دەرئەنجامانە، ئەو بیرۆکەیە بوو بە هەڵم.
لە دۆخی سەختی ئابوریی و بێتوانایی چارەسەر، شارەوانییەکان ڕۆڵی زۆر دەبینین لە هاوکاری خەڵکدا، وەک هەردوو شارەوانی ئەستەنبول و ئەنکەرە دەریانخست. بۆیە لە هەر هەڵبژاردنێکی تردا ئەگەر ئابوری وەها بە خراپی بمێنێتەوە دۆخی ئەکەپە زۆر خراپ دەبێت.

کورد باش یارییەکەیان کرد. لەو جێگایانەی کە ناتوانن بیبەنەوە، دەنگەکانیان تەکنیکیانە بەکارهێنا بۆ یەکلاییکردنەوەی براوە، بە تایبەتی کاتێک دوو بەرەی نزیک لە یەک هەیە، بە تایبەتی لە ئیستەنبول.

لەو ڕۆژەوە لە پرسیاردام، کە ئایا ئەم ئەنجامانە چۆن کاریگەریی دەبێت لە سەر ئەگەری ئۆپەراسیونەکان، لە ئەنکەرە و ئامەد و جێگاکانی تر پێم دەڵێن دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن زیاتر ئەردۆگان سور دەکات لە سەر هێرشەکەی. بەڵام دوای پوچەڵکردنەوەی کودەتاکەی وان ڕەنگە دۆخەکە جیاوازبێت.

لە سبەینێوە کار لە سەر ئەگەر هێرشەکە و هەڵوێستی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی بارزانی دەکەم بۆ خانەیەکی بیر.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP