ئاشكرایه حكوومه‌تی عێراقی له ڕێگه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه به پاساوی جۆراوجۆر كه له ڕاستیدا جێی متمانه و باوه‌ڕنه‌بوون، ده‌یویست به‌هه‌ر شێوازێك بێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان دوابخات كه وه‌ك ده‌ركه‌وت ئامانج له‌مپه‌ر دانان بوو له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمدا، به‌وه‌ش ده‌یانویست به بۆچوونی خۆیان ئه‌و ده‌ستگا شه‌رعیه‌ی كه به خوێن و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان هاتۆته‌كایه‌وه نه‌هێڵن و ئه‌و ده‌ستگا گه‌لێك گرنگ و چاره‌نووسسازه‌ی گه‌له‌كه‌مان په‌ك بخه‌ن.
به‌داخه‌وه ناكۆكی نێوخۆشمان بۆ دیاریكردنی ڕۆژێكی دیاریكراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر نه‌درا كه ئه‌وكاته گه‌ر ئه‌و بڕیار و ڕێككه‌وتنه كرابا ئه‌وا نه حكوومه‌تی عێراق و نه كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه دادگای فیدراڵ نه‌یانده‌توانی ئه‌و بڕیاره ترسناكانه سه‌باره‌ت به هه‌رێم بده‌ن، به‌تایبه‌تی كه بڕیاره‌كانی دادگا بۆنی هه‌وڵی لاوازكردن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌رێمی لێده‌هات، چونكه به ده‌یان پاساوی بێجێ ده‌یانویست ئه‌و پڕۆسه‌یه ئه‌نجام نه‌درێ.
هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چاوپێكه‌وتنه سه‌ركه‌وتووه‌كانی له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و پشتیوانی دۆستانی كورد و كێشه ڕه‌واكه‌ی به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و دیدارانه بوون كه هه‌موو لایه‌ك داوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد و داوایان له هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێم ده‌كرد كه له‌م ساته چاره‌نووسسازه‌دا به پێكه‌وه‌یی ئه‌و ئه‌ركه نیشتمانییه جێ به‌جێ بكه‌ن، هه‌ر بۆیه دوێنێ یه‌كشه‌ممه 3ی ئازاری 2024، رێزدار نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان واژوو كرد، فه‌رمانه‌كه‌ش به پاڵپشتی بڕگه‌ی (دووه‌م) له مادده‌ی (ده‌یه‌م) له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1) ساڵی 2005ی هه‌مواركراو.
سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری داوه رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024 دیاری بكرێ بۆ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان. به پێی فه‌رمانه‌كه، هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به ئه‌نجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێ به‌جێكردنی ئه‌م فه‌رمانه. ئه‌م فه‌رمانه‌ش له رۆژی ده‌رچوونیه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئیتر به هیوای هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردو ئارام و دیموكراتیانه.