دوو ڕوویی له سیاسه‌تدا، بریتییه له هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر بابه‌تێكی له‌یه‌كچوو به دوو ته‌رازووی جیاواز و دوو ڕه‌فتاری دژ به‌یه‌ك، ئه‌مه‌ی ئێستا رۆژانه له حكوومه‌تی عێراقی و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ده‌بینرێت و به ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت و پراكتیزه ده‌كرێت، ئه‌و دووڕووه سیاسییه كه به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كان ده‌ینوێنێت.
حكوومه‌تی عێراق هه‌رزوو، به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به فڕۆكه‌ی (Rochwell B-1Lancer) كردیه سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه له یاسا ده‌رچووه‌كانی، وه‌ك خۆی ناوزه‌دیان ده‌كات، هه‌ڵوێستێكی ئاشكرای وه‌رگرت و زۆر به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كرد، نه ته‌نیا ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی گه‌یانده نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه ده‌بێ ئه‌وانیش هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و شه‌رمه‌زاری ئه‌و هێرشانه بكه‌ن و نه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش، به‌ڵكو ماته‌مینی سه‌رتاسه‌ری له هه‌موو عێراق راگه‌یاند، به‌ڵام كاتێك به شێكی دیكه‌ی عێراق كه هه‌رێمی كوردستانه و ڕۆژانه به دڕۆن و ڕاكێتی كێشوه‌ربڕو چه‌كی قورس هێرشی ده‌كرێته سه‌ر و ئه‌و لایه‌نانه‌ش خۆیان به روونی دان به‌و هێرشانه‌دا ده‌نێن، كه‌چی هیچ هه‌ڵوێستێك له حكوومه‌تی به‌غداوه وه‌رناگیرێت و شه‌رمه‌زار و سه‌ره‌كۆنه ناكرێت.
له باشترین حاڵه‌تیشدا، لیژنه پێكده‌هێنرێت گوایه بۆ ئه‌وه‌یه ده‌ستنیشانی بكه‌ران بكرێت، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشانه به ئاشكرا‌و به شانازییه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خۆیان به‌وكاره هه‌ڵساون، كه‌چی تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنیمان له حكوومه‌تی عێراقی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه نه‌دی زیاتر له هه‌ندێك لێدوانی شه‌رمنانه نه‌بێت كه له په‌رده‌پۆشی بۆ ئه‌و تاوانانه زیاتر هیچ سوودێكی تری نه‌بوو.
گوته‌یه‌كی سیاسی له فیقهی یاسایی نوێ‌دا هه‌یه ده‌ڵێت: كێشان به دوو ته‌رازووی جیاواز ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر دادپه‌روه‌ری كه بنه‌مایه‌كی ستانده‌ری بێ لایه‌نییه، بۆیه پێویست بوو حكوومه‌تی عێراقی به هه‌مان ته‌رازوو ئه‌و دید و بۆچوونه‌ی سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا نواندی، ئاواش ڕاشكاوانه و بوێرانه هه‌ڵوێست له‌سه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێ، نه‌ك به دوو ته‌رازووی جیاواز بیانكێشێت و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت.