دواین هەواڵ

لێکترازانی پارتی سیاسی: پاشەکشێی دیموکراسی

‌لاوک سەلاح

12/02/2024

ئەو کاتە ژیانی سیاسی لە پرۆسەی دیموکراسیدا گەشە دەکات کە پارتی سیاسی توانای هەبێت چالاکانە و کاریگەرانە بەها و کەلتوورێکی سیاسی گەشەسەندوو بەو ژیانە ببەخشێت. ئەم تیۆرە سیاسییە بۆ وڵاتە پێگەیشتوو و تازەپێگەیشتووەکان، وەک یەک، شیاو و گونجاوە. لە راستیدا، دۆخەکە لە واقیعدا بەو جۆرە نییە، کە دەبێت ببێت، لە بەرئەوەی پارتی سیاسی لە قۆناغە جیاجیاکانی کارکردنیدا رووبەرووی دونیایەک ئالەنگەری دەبێتەوە، هەر لە کارامەیی سەرکردایەتی و تەرخانکردنی بودجە و توانای ئەندام و کەسایەتییەکان و ئەو ژینگەیەی کە پارتی سیاسی تێیدا دەژێت و ئەو کەلتوور و ئەفسانە و میراتە سیاسییەی کە دەبێتە ئیلهامی رەفتاری سیاسی. 

پارتی سیاسی لە بری ئەوەی سەرقاڵی پتەوکردنی پەیکەری سیاسی بێت و هەڵسەنگاندنی ئەرێنیانە و بابەتییانە بکات و مانفێستێکی نوێ بنووسێتەوە و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دۆخە سیاسییەکە بکات، دێت خەریکی خۆی دەبێت، لە دۆخێکدا، کە گۆرانکارییە سیاسیە جەرگبڕ و کەمەرشکێنەکان کتوپڕن و خێرا دێنە هەناوی کۆمەڵگەوە، لە دۆخی ئاوادا،  بەداخەوە، بیرکردنەوەی سیاسی هەموولایەک ئیفلیج دەبێت.

ئەمە، لە زۆر لە وڵاتانی جیاوازدا، روویداوە، لە بری پێداچوونەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی بەسوود، پارتی سیاسی دەبێتە لەعنەت بۆ کۆمەڵگە، بەهۆی ئەوەی خەریکی خۆخواردنی خۆیەتی و سەرقاڵی ئاڵۆزکردنی زیاتری ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆیەتی و دەخوازێت شەرعیەتی سیاسی لە نێو خۆیدا بەدەست بێنێت، لە بری ئەوەی لەلای دەنگدەر بەدەستی بێنێت، لەم دۆخەدا، پارتی سیاسی، بێ باکە لەوەی کە ئەو ئیفلیجییە سیاسییە بەرەو کوێی دەبات و رێگەیەک، بێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی دامەزراندنی، دەگرێتە بەر بۆ مانەوە لە پێشبرکێی سیاسیدا و سەرقاڵی تەکتیکی رۆژانە دەبێت، ئەو تەکتیکەی جێی دەستوور و بەرنامەی سیاسی دەگرێتەوە.

دۆخی لەو جۆرە دەلیلی نەبوونی حیکمەتی سیاسیی دەستەجەمعییە لە ئیدارەدانی بەرژوەندییە سیاسییەکان و تەنانەت بەرژوەندییە داراییە شاراوەکان، دەلیلی ئەوەیە کەس خۆی هیلاک ناکات بۆ دەمەزەرکردنەوەی مانفێستە سەرەتاییەکانی پارتی سیاسی و کارکردن لەسەر تەوەرە سیاسییە سەرەکییەکان و ئەو بنەما و کۆڵەکە سەرەکیانەی کە پارتەکە لە پێناویدا دامەزراوە. بەداخەوە، ئەو کاتەی پارتی سیاسی دەکەوێتە راوکردنی کەسەکانی خۆی و بەرجەستەکردنی پرسە نیشتمانی و گشتییەکان لە هەڵوێستی کەسەکاندا، لەو دۆخەدا، چاکترە، بۆ مێژوو و بۆ ئاییندەش، رێ بگیرێت لە توندوتیژی سیاسی و باهۆزی دەستێوەردانی دەرەوەی پارتی سیاسی، بێدەنگی باشترە و کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی خۆپاراستنە لە چەواشەکردنی "عەوام"، ئەم ئەنجامە لەوە تاڵتر نابێت ئەگەر بەو مەنهەجەوە کاری ئاییندە بکرێت و رافتارێکی سیاسی نامۆ بێتە ئاراوە. ئەمە نوقڵانە نییە، ئەوەندەی پێشبینینی سیاسییە بۆ پاراستنی پارتی سیاسی لە رەفتاری نەوەکانی.

راستە، لە دۆخی ئەو جۆرەدا هەندێ کەس هەوڵ دەدەن بۆ رێگرتن لەوەی پارتە سیاسییەکە لەیەک بترازێت، بەڵام، زۆر جار بەرژوەندی دارایی کەسەکان، لە حیکمەتی سیاسی باڵاترە و ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات. هەربۆیە، تەنیا حەقیقەتی مانەوەی پارتی سیاسی، مانەوەیەتی بەیەکگرتووی، ئەوە، فاکتەری سەرەکی بەردەوام بوونێتی و دابین کردنی رەوایەتی پارتەکە خۆیەتی، بە تایبەتی لە وڵاتێکدا کە ژیانی سیاسی بەستراو بێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە.

بەهەمان شێوە، روویداوە کە پارتی سیاسی گرنگی ئەو ئامرازانە نازانێت کە بەهۆیانەوە لە ژیانی سیاسەتدا ماوەتەوە، یاخود لەبەر بەرژوەندی هەندێک لە کەسەکانی، بڕیاری چارەنوساز دەدات و ئاییندەی پارتە سیاسییەکە دەکاتە قوربانی، هەرلەبەرئەوە، گرنگە پارتی سیاسی توانای ئەوەی هەبێت خاڵە بەهێزەکانی خۆی راستگۆیانە بۆ بەهێزکردنی پارتە بەکاربهێنێت، بەو مەرجەی کە پارتەکە بۆ بەرژوەندی گشتی بەکاریان بهێنێت، بۆ نموونە، سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان بوو، پارتی کرێکارانی بریتانی بەرگێکی دیکەی پۆشی کە بە تەواوی مەعریفە و بەرنامەیەکی سیاسی لە پاش رووخاندنی دیواری بەرلین و هەرەسی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو هێنایە بەرهەم، پارتی کرێکاران لەسەر دوو ئاست کاری کرد، فیکرێکی سیاسی نوێی هێنایە گۆڕێ، لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ئەکتەری سیاسی نوێ، بەڵام پرۆسەکە هەڵتەکاندنی پەیکەری پارتەکە نەبوو، بەڵکو “Devolution”  بوو، واتە گەشەپێدانی نەوعی بوو، بەداخەوە، ئەو جۆرە لە پێداچوونەوەی سیاسی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەراست ونە، لەبەر نەبوونی هیچ جۆرێک لە ژیانی دیموکراسی.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر لاوازکردنی پەیکەر و بەرنامە  وهەڵسوکەوتی سیاسی ئەوەیە ئەو کاتەی ململانێ تایبەتەکانی ئەندامان سەردەرهێنن و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەبنە قوربانی رقی کەسایەتییەکان و کاریگەری خراپ دەکەنە سەر کاروباری گشتی، ئەو کات، یەکگرتوویی پارتی سیاسی لەبەردەم دەنگدەرەکانیدا بەر گومان دەکەوێت. ئەو جۆرە ململانێیانە کاریگەری لەسەر سەرتاپا توانای پارتەکە دەردەخات کە ناتوانیت نوێنەرایەتی کێشەکانی دەنگدەر بکات، هەر بۆیە دەبێت ئاگاداری ئەو راستییەبین کە پتەوی پەیکەر و بەرنامەی سیاسی، متمانەی بەردەوامی دەنگدەر دابین دەکات، ئەگەر نا، بە پێچەوانەوە، وردە وردە پارتەکە لاواز دەبێت، ئەمەش ئەوکات زیاتر دەردەکەوێت کە ئەندامانی پارتەکە خۆیان لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو مینبەرەکانەوە، دان بەلاوازی هەموو ئۆرگانەکاندا دەنێن. بەداخەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و لای خۆمان بە تایبەتی ئەوە کەلتووری گشتی باوە، بە مانا فراوانەکەی، ئیدارەی سیاسەت دەدا، لە سیاسەتدا بەرجەستەی شێوازەکانی بیرکردنەوەی خۆمان دەکەین، نەوەک سیاسەت دونیا و دیدمان بۆ کایەکان بگۆڕێت.

پوختەی قسە: ئەم نوسینە زەنگی ویژدان و هۆشمەندی سیاسییە بۆ هەر هەرەشەیەک کە زۆر جار پارتی سیاسی بە پاساوی مانەوەی شەرعیەت و پێگەی سیاسی کردویەتیە سەر ئەندامەکانی. بۆ خۆپاراستن و رێگرتن لە لاوازبوونی پارتی سیاسی و شەقکردنی پرۆسەی سیاسی، متمانەی نێو ئەندامانی پارتی سیاسی گرنگە بۆ پابەندبوون بە بەرنامەی سیاسی، سەنگەر داکوتین میکانیزمی کاری کۆنی پارتی سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و نابێت دووبارە بێتەوە، پارتی سیاسی پێویستی بەوەیە وەک یەک تیم لە پێگەی سیاسیدا کار بکات بۆ ئیدارەدانی پرسە سیاسییە گشتییەکان. ئەگەر پارتی سیاسی لە ماوەی چەند ساڵێکدا درکی بەوە کرد کە ناتوانێت ئەوە بکات، باشترین رێگا پاراستنی ئاشتەوایی پرۆسەی سیاسیە، رەنگە ئەو هەڵبژاردەیە بە قازانجی پارتی سیاسی بکەوێتەوە کە خۆی لە توندوتیژی سیاسی دەپارێزێت و مێژووی خوێناوی پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دووبارە ناکاتەوە و مێژووی پڕ سەروەری سیاسی بۆ خۆی دەنوسێتەوە، بەوەی بواری نەدا ئەندامە سەرکێشەکانی فاشیەت بێننەوە کایەی سیاسی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP