دواین هەواڵ

کەس گوتی موشەکە سەقەتەکە ؟

‌بەختیار تاڵەبانی

21/10/2023

ئەوە دوای راپەرین بوو ، هێشتا بیسمیللا هیچ نەبووە و خێر و شەڕیش دابەش نەکرابوو ، بەشێک لەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ بە جۆر و شێوازی دیکە گوزارشت دەکەن و خۆزگە بۆ نەیارانی کورد دەخوازن ؛ لەبەردەرکی سەرای سلێمانی پڕ بەگەروویان هوتافیان دەکێشا ،" نان و پەنیر و کەرە ، سەدام باشترە لە بەرە " واتا (بەرەی کوردستانی) لە ئێستاشدا ولەناو ئەو جەنجاڵی و کێشمەکێشەی ژیاندا و لە بێسەروبەریەی ئەحزاب و میدیای بێویژداندا ، رووقایمی هەندێکیان تەنها لە دژایەتیکردنی حکومەتەدا نەوەستاوە و زۆر واوەتر ڕۆچووە ،

بگرە داڕماو لە هەموو بەهایەک ، جاڕی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمیش دەدەن و بێ ئەوەی کەسیش بێیان بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە ، لە بەرانبەردا ئەمڕۆ هەموو بەچاوی خۆمان دۆخی فەلەستین و بەدیاریکراوی غەززە دەبینین کەچۆن وا خەریکە داری بەسەر بەرددا نامێنێ ، غەززەیەک جگە لە سەربەخۆیی ، لە هیچ خزمەتگوزارییەک وەک ئاو و کارەبا و نەوت و .. هتد لە پێداویستی ژیانی رۆژانەی خەڵکی کەم نەبوو ، لە شەو و رۆژێکدا بەهۆی هێرشی گروپێک یان حیزبێکی سیاسی فەلەستینی بۆ سەر ئەو وڵاتەی کە بە شریانی ژیانیان دادەنرێ (لای خۆمان پێی دەڵێن قوڵایی ستراتیژی) و ئەوان هەر بە داگیرکەری دەزانن و دەرەنجام ئەم شەڕ و کاولکاری و قات و قڕەیەی لێکەوتۆتەوە ،

فەلەستینیەکمان نەبینی جا ئیسلامی بێت یاخود عیلمانی ، چەپ بێت یان راست و ئەولاتریش بڕۆ تەنانەت سێکچۆڵیشیمان نەبینی ، جگە لە شانازی کردن بەوەی پێی دەڵێن بەرخودان لە دژی داگیرکەر ؛ رەخنەک یاخود سەرزەنشت و سەرکۆنەی ئەو کردەوە سەربازییە بکات و کەسیش ئەو جورئەتە ، تەنانەت نەیارەکانی ئەو هێزە سیاسیەشمان نەبینی پەیامێک لە دژی رەوتی ئەو رووداوە بدات ، ناکا بکەوێتە خزمەتی ئەوەی پێی دەڵێن داگیرکەر ، کەسمان نەبینی بەوپەری بێچاو رووییەوە نەفرەت لە پیرۆزیەکانی خۆی بکات و ئەو موشەکانەشی کە دوژمنی وڵاتەکەیانی پێهەژاند بە سەقەت و فاشیل پێناسە بکات ، ئەمەیە ئەوەی کە ئێمە بە دوایدا وێڵین و هەمیشە گومان لە بوون یاخود نەبوونیدا دەکەین بۆیە سەد ساڵە بە بارتەقای زەبری دوژمن ، گورزی لێداوین .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP