دواین هەواڵ

دوو دیدار ، دوو رێباز ، یەک وانەی تاڵ بۆ کورد ئێمە سیپان حەمۆمان هەیە و ئەوان محەمەد سەمعان !

‌بەختیار تاڵەبانی

19 کاتژمێر پێش ئێستا

سیپان حەمۆ ، سەرکردەی پێشووی قەندیل و یەپەگە و فەرماندەی هەسەدە ، کە دوای کۆتاییهاتنی ئەو ئەزموونەی پێیان دەگوت خۆسەری باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا ، کرایە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری رۆژهەڵات لە بۆدکاستی کەناڵی ئەلشەرق دەڵێت گەنجێکی فەلەستینی دۆزی کوردی پێناساندم کاتێک پێی گوتم (لەبری داکۆکیکردن لە دۆزی ئێمە ، بڕۆ داکۆکی لە دۆزی نەتەوەکەی خۆت بکە !) ئەمە دوای ساڵانێک لە خەبات و قوربانیدانی سەدان کوڕ و کچی گەنجی کورد 
هەر لەهەمان بەرنامە کاتێک پێشکەشکاری بۆدکاستەکە پێی دەڵێت (چاوەڕێم دەکرد مەرجت دانانی ئاڵای کوردستان بێت بەڵام مەرجەکەت دانانی ئاڵای سوریا بوو !)
ئەو ئاڵایەی کە لەسەردەمی خۆسەریەکەیاندا ، هەر کەسێک هەڵیبدایە  زیندانی دەکرا .
لە بەرانبەردا ، محەمەد سەمعان ، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و کەسایەتییەکی توندڕەوی تۆڕانی ؛ کە لایەن یەکێتییەوە و لە ڕێگەی سەفەقەیەکی تەمومژاوی و بۆ موجامەلەی سیاسیی تورکیا ، پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان پێبەخشی ، ئەم زاتە کە حیزبەکەی خاوەنی  دوو کورسی ئەنجومەنە و بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنەکە سەردانی تورکیا دەکات و لەو سەردانەدا کەرکووک دەکاتە بەشێک لە شارەوانیەکانی جیهانی تورکی ! هەروەها دوێنێ لە کەناڵی فەرمی ئەلعێراقییەوە بەراشکاوی دەڵێت : (مادەی 140 گەورەترین هەڵە بوو لەدوای 2003 بەرامبەر کەرکووک کرابێت و ئێستاش کۆتایی هاتووه‌! ).
جا بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر کوردێک هەنگاوێکی لەم شێوەیەی بنابایە ، بزانن چۆن عەرەبی شۆڤێنی و دەسەڵاتدارانی بەغدا قیامەتیان لەسەرماندا دەقەوماند و تۆمەتی خیانەت و پێشێلکردنی سەروەری و ... هتد دەدانە پاڵمان و پەرلەمانتارەکانیان داوای بڕی موچە و سزادانی هەرێمیان دەکرد ، بەڵام بۆ هەنگاوەکانی سەمعان ، هەموو بێدەنگییان هەڵبژاردووە وەک ئەوەی مێشێک میوانیان نەبێت .
ئەوان بە دوو کورسی و ئەجێندایەکی روونی ئەقلیمیەوە دەیانەوێ نەخشەی شارەکە بگۆڕن ، ئێمەش بە مێژوو و جوگرافیا و دەستور ، لێمان قبوڵ ناکەن تەنانەت بڵێین شارێکی کوردستانیە .
 ئێمە پێش ئەوەی یاخەی سەمعان و شۆڤینییەکان بگرین ، دەبێ بزانین دارێک گەر کرمی لەخۆی نەبێت هەزار ساڵ تەمەن دەکات ، ئەوان سەمعان و فەتلاویەکانیان هەیە ، فەتلاوییەک کە دەیگوت بەتەنها خۆم چوار ساڵ رێگریم لە جێبەجێکردنی مادەی 140 کردوە و ئێمەش سیپان حەمۆ و غالب و کوڕەکەی حاجی رەشید و شاسوارەکانمان هەیە ، بۆیە لە 16 ئۆکتۆبەردا کەرکوک لەسەر سینیەکی زێڕ بە حەشد و ئێران دەفرۆشرێت و لە 16ی نیسانیشدا لەپێناو مەرحەبایەکی ئەردۆغاندا ، پیرۆزی تورکیا دەکرێت و دەبەخشرێتە ئەو ئاغایەی کە لە دوا دیداریدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقیەوە ، فاتیحەی لەسەر کوردستانیەتی کەرکوک و مادەی 140 خوێند .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP