چونکە نازانێ ڕق چیە، ئیتر ئەوەی خۆی لە بەرد پێ ڕەقترە، لە نێوان دوو ئیختیاردا ئەمێنێ کە زەحمەتە سێیەمی هەبێ: یان نەرمبوون و ڕێکردن لەگەڵیدا، یان شکانێک کە چاکبوونەوەی نیە!
لە ترازاندا، دەست بە تاڵە دەزووەکەی سازانەوە ئەگرێ و هێواش هێواش بەڕەیەکی ڕەنگینی لێ ئەچنێ و لە مەجلیسی بەرەیەکی کوردستانیدا ڕای ئەخا!
لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کە هەمووان تا ئەیانگرێ و هەیانە هەند گرژە شت نامێنێ نەیشکێنێ، دەم بە خەندە و بە ئەعصابێکی ساردەوە دێتە مەیدان و مامەعنا ئەڵێ: لەسەرخۆ بن وا نابێ!
هەر ئەوە، کە لە قەیرانی توندا هێمن ڕەفتار و لە بەیەکدادانی تیژدا شیرین گوفتارە و بە دوو قسە و جووڵەیەک، نەفسە هەڵچووەکان هێور ئەکاتەوە و پەنجە ڕاوەشێنراوەکان دائەگرێ!
تەنها ئەوە، کە لە گێڕانەوەی مێژووی تێکۆشانی بنەماڵەکەی و خەباتی حیزبەکەیدا، تێکۆشانی جێی تر و خەباتی خەڵکی تریش ئەگێڕێتەوە و نادیدەیان ناگرێ!
ئەو نەبێ، کەس نیە کە بۆ دەستکەوتەکانی خۆیشی، شەریک بدۆزێتەوە و هەمووان لە هاوشانی خۆیدا دابنێ!
ئەوەی ئەم پیاوە ئەیکا (موجامەلات) نیە، بەڵکوو هەم خوێندنەوەی خەڵکی ترە، هەمیش تێگەیشتنە لە موعادەلات.