دواین هەواڵ

مەترسی سیاسەت کردن لەناو سۆشیاڵ میدیا

‌د. نەزاكەت حسێن

08/04/2023

سۆشیاڵ میدیا و سەکۆکانی گفتووگۆ ئەگەر سەرەتا وەک ئامرازی پەیوەندی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و دواتر وەک ئامرازی میدیا باس و پێناسەیان چوویە ناو فەرھەنگەوە، ئەمڕۆ پسپۆڕەکان وەک کۆمەڵگەیەکی جێگرەوەو ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆمەڵگە واقعیەکە باسی دەکەن، بە مەترسی بۆ بەگریمانەیی کردنی مرۆڤ و ژیان و کار و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەزانن.

بە تایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە تاک کاتی زۆرەو کاتژمێرەکانی کارکردنی ئەگەر فەرمانبەر یان کرێکار بێت کەمە و کاتی بۆ پشوو بەسەربردن و بێ ئیشی زۆرە، ئەگەر وڵات رێژەی بێکاری زۆر بێت، ئەوە خەڵکێکی زۆر ناچارە کاتەکانی لەناو ئامێرەکەی دەستی و ناو سۆشیاڵ میدیا بەسەر بەرێت.

کاتێکش چالاکیە جۆراوجۆرەکانمان لەوێدا ئەنجام دەدەین، بەتایبەتی چالاکیە سیاسیەکان ئەوە مەترسیەکی فرە ڕەھەند ڕوو دەکاتە کۆمەڵگە، چونکە بەزۆری کاتێک سیاسەت کردن و وەڵامدانەوەو ھەڵوێست لەیەک گرتن زۆرتر گەرم دەبێت لەناو تۆری کۆمەڵایەتی و جیھانە ئۆنلاینەکە، کە لەجیھانە واقعیەکە جۆرێک لەبنبەست و نەمانی گفتوگۆ و دانوستان دروست بووبێت.

تاڕادەیەک دابڕانێکی دروست بووبێت و نائارامیەکەی سایکۆلۆژی ھەبێت، جگە لەوەی پسپۆڕانی بواری سیاسی ڕایان وایە کە سەرکردەو سیاسیەکان نابێت بڕیاری پەلەبدەن، دەبێت بیربکەنەوەو ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن و لە جەدواو دەرھاویشتەی بڕیارەکان بکۆڵنەوە و ڕاوێژ بکەن ئینجا بڕیاربدەن. چونکە بڕیاری سەرکردەو سیاسیەکان بەخێرای ئاسەوارو کاردانەوە بەجێ دەھێڵێت و ئاسان نییە پەشیمان بوونەوە لێی.

سروشتی رەفتار لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی وایە خێرایەو لەژێر کاریگەری سۆزدایە وەک ھۆش، ھاوکات کاردانەوەو کاریگەریشی خێرایەو وەڵامی خێراو ھەڵوێست خێراش بەدوای خۆیدا دەھێنێت، وە پڕۆسەیەکی کۆمینیکەیشنی ناکامڵە، چونکە زمانی جەستەو تۆنی دەنگ کەرێژەی لە %٩٣ پڕۆسەی کۆمینیکەیشن پێک دێنن بەشدارنییە.

کەواتە سیاسەت کردنی گریمانەیی لەجیھانی گریمانەیدا دوورە لەسروشتی سیاسەت کردن، خۆی کەدەبێت بە پڕۆسەی ڕاوێژکردن و دیراسەکردندا بڕوات، سەرباری ئەوەش دەسەڵات لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی دوگمەکانە، نموونە دوگمەی لایک و دیسلایک و دڵ و گوڵ و ئیمۆجی ناردن و بەخێرای ڕەتی شتێک یان ڕازیبوون بەشتێک دەردەبڕێت، کەئەمانە ھەموو دوورن لە پڕۆسەی سیاسەتی حەکیمانەو عەقڵیانە، جگە لەو دەستێوەردان و بەشداری کردنی خەڵکی تر بە کۆمێنت یان شیکار بۆ ھەڵوێستەکان، کەئەمانە ھەموو بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

ئەوەشمان بیرنەچێت کەچاودێران و ئەو وڵات و شوێنانەی دیراسە لەسەر بارودۆخی ئێمە دەکەن چاودێرن بەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئەوەی دەگوزەرێت لەوێدا. بۆیە گەر بمانەوێت ئارامی و سەقامگیری سیاسیی و دەروونی بۆ وڵات بگەڕێنینەوە و گفتوگۆکان بەرینەوە سەرمێزی دانوستان و حەکیمانە دەبێت دوورکەوینەوە لەسیاسەت کردن و ھەڵوێست نواندن و کاردانەوە و وەڵام و وەڵامکاری ناوتۆڕی کۆمەڵایەتی.

ئەگەر وا نەکەیین ئەوە بۆشاییەکان و دووری لەیەکتر زیاتر دەکەین و لەھەمان کاتدا برەو دەدەین بەو شەپۆلە پۆپۆلیستیە کە سەراپای کۆمەڵگەکەمانی تەنیوە، کەخۆشمان دەزانین زۆربوونی گوتارو شەپۆلی پۆپۆلیستی واتە غیابی گوتاری عەقڵانی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP