دواین هەواڵ

سەردەمی دزینی مێشکی مرۆڤ

‌د. نەزاكەت حسێن

19/05/2024

مرۆڤ لە سەرەتاكانی مێژووەوە رووبەڕووی جەنگ و ململانێ و ترس و تۆقاندن و دز و بکوژ و و داگیرکار بووەتەوە، هەموو مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە ململانێی نێوان مرۆڤ و جەنگ بۆ مانەوە و خۆپارێزی و ترسی فەوتان. مرۆڤ لە مێژوودا ترساوە قڕ بکرێت، زەویی داگیر بکرێت، قووتی دەست نەکەوێت، گەمارۆی ئابووریی بخرێتە سەر، پەتای کوشندە بێت لەناوی بەرێت، کولتوور و ئایین و خێڵی داگیر بکرێت، لافاو و گڕکان و بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی لەناوی بەرێت. بۆ هەموو ئەم مەترسییانە و رووبەڕووبوونەوەش، چەکی بەرهەم هێناوە، یاخود رێگای خۆپارێزی بۆ هەریەکەیان دۆزیوەتەوە.
هەرگیز خۆی بۆ جەنگێکی دیكەی لەدەرەوەی فیزیکی و شتە بەرچاوبینراو و بیستراوەکان و جەنگی هۆش و مێشک ئامادە نەکردووە و لای بایەخێكی نەبووە و هیچ چەک و رێگەیەکی خۆپارێزیشی بۆ بەرهەم نەهێناوە. ئەگەرچی پێغەمبەران، فەیلەسووفەکان و بیرە سەرهەڵدراوەکان، تەریقەت و رێبازەکان، کاریان لەسەر هۆشی مرۆڤ کردووە، هەوڵیان داوە و ئامانجیان ئەوە بووە باوەڕ بە مرۆڤ بهێنن، بۆ ئەو ئاینەی خۆیان ویستوویانە، یان ئەو بیرەی خۆیان دایانهێناوە.

لە ئاینی ئیسلامەوە بگرە تا هەموو ئاینەکان، پێغەمەبەرەکان ویستوویانە مرۆڤەکان لە ئایینەکانی دیكە، یان بێئاینییەوە راکێشن بۆ لای ئاینەکەی خۆیان. فەلسەفە و بیرەکان، کە مرۆڤ دایانهێناون، لە مێژوودا هەر وایان کردووە، نموونەی بیری کۆمۆنیزم و لیبراڵیزم و فێمێنیزم….هتد، هەموویان جەنگی ئایدیایان لەگەڵ مرۆڤدا کردووە. هەموویان چ ئاینەکان، چ ئەو بیرانە، کاریان بۆ ئەوە کردووە هۆشی مرۆڤ داگیر بکەن و وای لێ بکەن بیر لە شتی دیكە نەکاتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە لای ئەمان پەسەندە، بەڵام هەموو ئەمانە بە چیرۆک و گفتوگۆ ئیشیان لەسەر هۆشی مرۆڤ کردووە و باوەڕیان پێ کردووە.

دواجار کولتوورێکیان بەو چیرۆکانە بۆ بەرهەم هێناوە، ئیتر ئەو مرۆڤە، کە ئەو ئاین یان بیر و فەلسەفە و تەریقەتەت و رێبازەی پەسەند کردووە، هەڵگر و شوێنکەوتووی ئەو کولتوورە بووە. رەنگە بە تێپەڕبوونی کات هەندێک لەو ئاین و تەریقەت و بیرانە لای مرۆڤ کۆن بووبن، یان کاڵ بووبنەوە و مرۆڤ کەمتر پابەندیان بووبێت، یاخود مرۆڤەکان پەشیمان بووبنەوە و بەرەو ئایین، یان تەریقەت، یان بیر و رێبازی دیكە چووبن، واتە کەسێکی دیكە هۆشی بۆ رێگەیەکی دیكە بەكار هێناون، بەتایبەتی کە ئاینێک، یان بیر و فەلسەفە و تەریقەتێکی دیكە بەسەر ئەمدا هاتووە.

ئیتر مرۆڤەکان لە مێژوودا گرووپ گرووپ و تاقم تاقم بەسەر ئەو ئاین و کولتوور و فەلسەفە و بیرە جیاوازانەدا دابەش بوون. هەموو دیکتاتۆرەکانی مێژوو، هەر لە ستالینەوە بگرە تا ئەوانەی ئەمڕۆ هەن، ئیشیان کردووە بۆ ئەوەی هۆشی مرۆڤەکان داگیر بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە وەک ئەوەی ئەمڕۆ، کە مرۆڤ رووبەڕووی بووەتەوە، بەهۆی زیرەکیی دەستکرد کردی، چونکە ئەم لەسەر باوەڕپێهێنان و هۆشیارکردنەوەی هۆشی مرۆڤەکان کاری نەکرد، بەڵکوو توانی مێشک، هەست، کولتوور، بیرکردنەوە و ئایدیای هاك بکات. ئەوەی لە مێشکی مرۆڤدایە و لە هەست و نەستیدایە دزیی و مێشکێکی بۆ بەرهەم هێنا و خستییە جێگای مێشکە راستەقینەکەی خۆی.
ئێستا هەموومان دەترسین و دەڵێین رۆبۆتەکان دێنە ناومان و ژیانمان و شوێن و کارمان لێ داگیر دەکەن. نازانین جەنگەکە لەوە قووڵترە بەوەی هەریەکەمان نەک رۆبۆتێک لە مێشکماندایە ئاراستەمان دەکات، بەڵکوو خۆمان دەبینە رۆبۆت و ئەو کولتوورە پیادە دەکەین، كە ئەوان بۆیان بەرهەم هێناوین، ئەو چیرۆکە لامان پەسەند دەبێت، کە زیرەکیی دەستکرد بۆمان بەرهەم دەهێنێت، ئەو ئاین و ئایدیا و فەلسە و تەریقەت و رێبازە لامان پەسەند دەبێت، كە ئەوان بۆمان بەرهەم دەهێنن.

سەرکەوتنە گەورەکەی زیرەکیی دەستکرد ئەوە بوو مرۆڤەکانی لەیەک دابڕی، کە پێشتر پێکەوە کۆمینیکەیشنیان دەکرد، تاک تاک لەگەڵیان دەئاخافێ. جاران مرۆڤەکان پێویستیان بە یەک بوو بەبێ یەک ژیانیان بەڕێوە نەدەچوو، ئێستا رۆژانە ئێمە لەگەڵ رۆبۆتەکان دەژین و گفتوگۆ دەکەین، رێنماییمان دەکەن، ئاراستەمان دەکەن، سۆزمان پێدەدەن. لەبارەی دینەوە لە زانایەکی ئاینی ناپرسین، بەڵكوو لە گۆگڵ بۆی دەگەڕێین، چەندین زانای ئەڵگۆریزمی ئاینی وەڵامت دەدەنەوە.

تووشی ئازار و نەخۆشییەک دەبین، دەگەڕێین هۆکار و چارەسەرەکانی بە کلیکێک لە مۆبایلەکەمان دەدۆزینەوە، کێشەی یاساییمان هەبێت مۆبایلەکەمان بەخێرایی چەندین رێگەچارەمان پێ دەڵێت، رێگەیەک ون دەکەین، ناپرسین لە مرۆڤێک خاڵە گیان و کاکە گیان و پوورە گیان فڵانە شوێن لە کوێیە، بەڵکوو کلیکێک دەتخاتە سەر رێگاکە، تا ئەو شوێنەی دەتەوێت. قوتابییەک بۆ توێژینەوەکی وانەکەی قوتابخانەی خەریکە بێمنەت دەبێت لە مامۆستای قوتابخانەكەی یان زانکۆكەی. بێمنەتبوون لەمانە واتە بێمنەتبوون لە مرۆڤەکانی هاوڕێت بە هەموو پسپۆڕی و زانستەکەیان بوون بە هاوڕێی رۆبۆتەکان.

ئیتر سەرەتایەکی ژیان لەگەڵ رۆبۆتەکان و ئەڵگۆریزمەکان دەست پێدەکات و دابڕان لە مرۆڤەکان و هەموو ئەو کولتوور و فەرهەنگ و ناسنامە و ئاین و ئایدیا و فەلسەفانەی بەرهەمی هەزاران هەزار ساڵی مرۆڤایەتی بوون، خاپوور دەبن و مرۆڤ پێویستی پێیان نابێت. واتە لە رێگەیەکەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتی داگیر کرا، کە بیرمان لێی نەکردبووەوە، دەرگاکەمان دانەخستبوو، هیچ سەنگەر و رووبەڕووبووەنەوەیەکمان بۆ دانەنابوو، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ چەکێکمان بۆ رووبەڕووبووەنەوەی بەرهەم نەهێناوە، هیچ ئەزموونێکی پێشوەختمان لەگەڵیدا نەبوو، تا داگیری کردین و هاتە ناو مێشکمان.

رەنگە مرۆڤەکان لە زۆر جەنگ و ململانێ لە ژیان رزگاریان بووبێت، بەڵام ئەستەمە لەم جەنگە بیباتەوە، چونکە بەخۆی نەزانی تا داگیر کرا، ئێستاش هیچ رێگەیەکی لەبەردەمدا نییە، جگە لە هۆشیاربوونەوەی مێشکی و داخستنی دەرگاکەی، بەڵام زۆربەی پسپۆڕەکان و شارەزایانی ئەم بوارە رەشبینین، كە جارێکی دیكە مرۆڤ سەر کەوێتەوە، چونکە مێشکی دزراوە و پێویستی بە هێز و بازوو و ئەزموونی نەماوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP