دواین هەواڵ

كورد و مەراقی گەیشتن بە ئەمریكا

‌هێژا دڵشاد

06/09/2022

چۆن بگەمە ئەمریكا؟ ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەكرێتەوە. یان دەوترێت ئەمریكا وڵاتێكی شاهانەیە بۆ ژیان و تابڵێی بۆ هاوڵاتیانی خۆشگوزەرانییەكی رادەبەدەری هەیە.

زۆرێك دەڵێن چۆن بگەمە ئەمریكا یان دەڵێن هەوڵی وەرگرتنی فیزەی ئەمریكا دەدەم. ئەمە وتەی زۆرێك لە گەنجی كورد و كەسی پێگەیشتووە رۆژانە گوێبیستی دەبم.

كۆچ دیاردەیەكی لەمێژینەی ئێمەی كوردە لە باشووری كوردستان، بەدرێژایی 40 ساڵی رابردوو بەهۆی كێشەی سیاسی و ناسەقامگیریی ئاسایش، دۆخی ئابووری و ژینگەی كۆمەڵاتییەوە كۆچ دەكەن، رێژە زۆرەكەی كۆچبەران روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە.

هاوكاتیش هەندێك هەیە سەرسام بوون بە ئەمریكا، ئەمیریكای مەزن، ئەمریكای هۆڵیوود بە خەیاڵێكی فانتازیاوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئەمریكا، وەك بلێی ژیان لەوێ‌ ئاسانە و داهاتوویەكی باش چاوەڕێی دەكات! رەنگە بۆ هەندێ‌ وڵاتی ئەوروپی دەرفەتی باش بۆ پەنابەر بڕەخسێت و بەهۆی بونی سۆشیالەوە ژیان كەمێ ئاسانتر بێت، بەڵام لە ئەمریكا بەو جۆرە ژیان ئاسان نییە، وەك ئەمریكییەكان خۆیان دەڵێن هەموو شتێك بە پارەیە و ژیان زۆر قورسە.

ماوەی چوار ساڵ لە سەنتەرێكی فێربوونی زمانی ئینگلیزی وانەی ئینگلیزیم دەخوێند. تەواوی مامۆستاكانم ئەمریكی بوون. بەهۆی ئەوەی مامۆستاكانم بیانی بوون، زوو ئاشنای زۆر شت بوین، بۆ نمونە ژیان كردن لە ئەمریكا، فێربونی دیالۆگی ئەمریكی و قسەكردن بە زمانی بازاڕی (سلانگ)، ئاشنابون بە كلتوری ئەمریكی و هتد...

لەماوەی ئەو چوار ساڵە دیارەیەك هەبوو زۆر دووبارە دەبویەوە و من وەك فێرخوازێك شایەتحاڵی ئەو دیاردەیە دەبووم. ئەویش ئەوەبوو كەسانێك دەهاتن بۆ ئەو سەنتەرە پێیان وابوو دەتوانن لەوێوە فیزە وەربگرن و سەفەری ئەمریكا بكەن! باشە چۆن؟ بەدڵنیاییەوە شتی وا نەبوو تەنها لە خەیاڵ پڵاوییەك زیاتر هیچیتر نەبوو.

خوێندكار هەبوو مانگانە پارەی بەشداری كۆرسی زمانی ئینگلیزی دابوو، هەفتانە دەهات و دەچوو بەشداری وانەكانی دەكرد، بەلام شتێكی وا فێرنەدەبوو! چونكە مەراقی ئەوەی هەبوو چۆن بگاتە ئەمریكا! كاتێكیش وەك فێرخوازێكی زمان لەگەڵ مامۆستاكە دەكەوتە قسەكردن،  لەسەر بابەتێكی دیاریكراو قسەی دەكرد، ئەویش چۆنێتی ژیان كردن لە ئەمریكا، دواتر پرسیاری ئەوەی دەكرد كە ئایا دەتوانێت لەرێگەی ئەو سەنتەرەوە یاخود بە بانگهێشتنی یەك لەو هاوڵاتییە ئەمریكییانە فیزەیەك وەربگرێت، یان چۆن و بە چ رێگەیەك ئەوان دەتوانن هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی فیزەی ئەمریكا وەربگرێت؟ 

مامۆستاكانمان كە تەواویان ئەمریكی بوون و ساڵانێكە لە سلێمانی وانە دەڵێنەوە، بێگومان ئاشنای ئەو پرسیارانە بوون دۆخەكەیان باش دەخوێننەوە لە مەبەستی ئەو فێرخوازانەی كە بۆ ئەو مەبەستە دەهاتنە ئەو سەنتەرە و بە كورتی وەڵامیان دەدایەوە و دەیانوت "ئێمە تەنها مامۆستاین و نوێنەری كونسوڵی ئەمریكا نین، تاكوو فیزە لەدەست ئێمەدا بێت".

دەتوانم بڵێم رێژەیەكی كەم لە بەشداربوانی كۆرساتی زمانی ئینگلیزی بە راستی دەهاتن بۆ فێربونی زمانەكە. بەڵگە بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە هەندێكیان لەپاش وەرگرتنی یەك كۆرس نەدەهاتنەوە! لە كاتێكدا فێربونی زمان، نەفەس درێژی دەوێت و پڕۆسەیەكی دورودرێژە و پێویستە بۆ فێربونی زمان، كۆرسەكان و تەواوی قۆناغەكان یەك لە دوای یەك تەواو بكەیت. بەش بە حاڵی خۆم سودێكی زۆرم لە وەرگرتنی تەواوی كۆرسەكان بینی بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی و بە پلەی باش تەواوم كرد، هاوكاتیش بیركردنەوەی تاكی كورد و شتە سەیروسەمەرەم تیا دەبینیی لەو سەنتەرە كە بەشداربوان لە هەردوو رەگەز بەدەر لە فێربونی زمانی ئینگلیزی، بۆ مەبەست و كاریتر دەهاتن!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP