دواین هەواڵ

رەهەندەكانی پرسی ئابووری و پرسی پەنابەران لە توركیا

‌هێژا دڵشاد

27/08/2022

ساڵی 2023، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، بە واتایەكیتر ساڵێكی چارەنوسساز دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. 

توركیا لەگەڵ ئەوەی خاوەن چەندین  پرسی لەمێژینەیە لەوانەش پرسی كورد، هاوكات لە پێنج ساڵی رابردوودا، كۆمەڵێك كێشە و قەیرانی نوێی ناوخۆیشی هاتۆتەسەر.

گرنگترینیان قەیرانی ئابووری و پرسی پەنابەرانە لەو وڵاتە، ئەم دوو پرسە لەلایەن تەواوی پارتە سیاسییەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە خۆی لە نزیكەی 10 پارتی سیاسی دەبینێتەوە، (هەندێك لەم پارتانە نوێن و لە دەرەوەی پارلەمان سیاسەت دەكەن)، ئەم بەرەیە دەربارەی ئەو دوو پرسە تا رادەیەك هەمان تێڕوانینیان هەیە، بۆ نمونە دەڵێن: قەیرانی ئابووری و دارایی وڵات، راستەوخۆ پەیوەندی بە سیاسەتەكانی ئەردۆغان و ئاك پارتییەوە هەیە و پێویستە دەسەڵاتی ئاك پارتی كۆتایی پێبهێنرێت.

دووەم: دەربارەی زۆری رێژەی پەنابەران لە توركیا كۆمەڵێك كێشەی روبەڕووی كۆمەڵگەی توركیا كردۆتەوە، لەوانەش زۆربونی رێژەی بێكاری، گرانبونی كرێی خانوو، زۆربونی دیاردەی دزین و دەستدرێژی سێكسی و هتد... بێگومان لە مەسەلەی پرسی پەنابەراندا رەهەندی سیاسیشی لەپشتە، رەهەندە نێودەوڵەتییەكەی ئەوەیە كە توركیا كەیسی پەنابەران وەك كارتێك بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپا بەكاریدەهێنێت و بەرداوام داوای هاوكاری ماددی دەكات، دوەمیان رەهەندی ناوخۆییە كە بەشێك لە پەنابەران وادەی یاساییان تێپەڕاندووەو ئێستا هاوڵاتی توركیان، ئەمانە سەرجەمیان دەنگدەری رەجەب تەیب ئەردۆغانن، بەوەی كاتێ‌ سەرۆكوەزیران بوو، سیاسەتی واڵاكردنی درگا بە رووی پەنابەران لەسەر بڕیاری ئەو بووە. 

بەپێی نوێترین ئاماری پەنابەرانی سوری لە توركیا لەمانگی ئابی 2022، بەم جۆرەیە:

3,651,683 پەنابەری سوری لە توركیا هەیە. بەشێكی زۆری ئەمانە وەك ئاوارە لە كەمپەكانی توركیا دەژین كە دەكەوێتە چەند شارێكی باكووری كوردستان.
107,517 پەنابەر، (ئیقامە) واتە مافی نیشتەجێ بونیان هەیە.

211,908 پەنابەری سوری بونەتە هاوڵاتی تورك، لەپاش چوار ساڵ لە بونی پێناسی ئیقامە ئەو مافەیان پێدراوە و ئێستا مافی دەنگدانیان هەیە. ئەمەش بەرەی ئۆپۆزسیۆنی توركی توڕە كردووە و دەڵێن توركیا خاكی توركەكانە و شوێنی حەوانەوە نییە، دەشڵێن پێویستە سورییەكان بڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، تەنانەت كەمپینی ( 356 رۆژ) یان راگەیاندووە، واتە تاكوو ساڵێكیتر سورییەكان توركیا بەجێبهێڵن.

هەڵبژاردنی 2023

داتاكانی نوێترین راپرسی كۆمپانیای (میترۆپۆل) لە توركیا، ئەنجامی سەرسوڕهێنەر و تا رەدەیەك چاوەڕوانكراو نیشاندەدات.

لە راپرسییەكەدا هاتووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا، لەنێوان سێ‌ بەربژێردا هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن (شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكە) و هەروەها سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، كە ماوەی پێنج ساڵە لە زیندانی ئێدرنەیە.
دەركەوتووە لە یەكەم خولی دەنگداندا لە 18 ی حوزەیرانی 2023، ئەردۆغان ناتوانێت دەنگی تەواو بەدەستبهێنێت بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی توركیا، واتە 50+1 ی دەنگەكان بەدەستناهێنێت، ئەم ئەنجامە روونە كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێتە خولی دووەمەوە لە بەرواری 2ی تەمموزی 2023 بەڕێوەدەچێت و ركابەری ململانێكان زیاتر دەبن.

شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكە بەربژێری خۆیان دەبێت، رەنگە هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش وەك بەربژێر دیاری بكات، كە لە رابردوودا دووجاریتر دەمیرتاش بەربژێر بووە ركابەری ئەردۆغان بووە. لە ساڵی 2014 و 2018 ، ئەوەشمان بیرنەچێت لە پاش 2016 هەدەپە گورزێكی گەورەی بەركەوت لە دەستگیركردنی ئەندام و سەرۆكشارەوانی و پارلەمانتارانی ئەو پارتە.

شەڕی پەكەكە و توركیا

لەئێستادا شەڕەكە لە باكووری كوردستان و سنوری ناو توركیا وەستاوە لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان درێژەی هەیە. 
وادەبینرێت ئەردۆغان سوود لەم شەڕە وەربگرێت تاكتیكی راكێشانی دەنگدەری نەتەوەپەرست هەروەك لە رابردووشدا ئەم جۆرە تاكتیكەی هەبووە، چونكە لە بەرامبەردا هەدەپە و هەندێك لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بانگەشە بۆ ئاشتەوایی دەكەن بەتایبەت لە مەسەلەی چارەسەری پرسی كورددا، پارتەكەی ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی بابەجان وەك ئۆپۆسیۆنێكی راستڕەوی میانڕەو دەردەكەون، كە لە هەرێمە كوردییەكاندا بەشێك لە دەنگی دەنگدەری كورد دەبەن! 

هەدەپە هەرچەندە لە لێواری داخستندا بێت و رێگریی و فشاری لەسەر بێت و چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی نەبێت، بەڵام دەیەوێت ئەسپی خۆی تاو بدات لە دژی نەیارانی سیاسی و دەسەڵاتی ئەردۆغان، هەدەپە دەتوانێت كۆتایی بە خەونی ئەردۆغان بهێنێت بۆ كورسی دەسەڵات، لەكاتێكدا ئەگەر رێككەوتنێك لەنێوان هەدەپە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بێتەئاراوە، بۆچونەكان لەسەر ئەوە دەوەستنەوە كە هەڵبژاردنی ساڵی 2023، لە ئەگەری سەركەوتن یان دۆڕاندنی هەڵبژاردن، ئەگەری كۆتایی رژێمی ئەردۆغان زیاترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP