دواین هەواڵ

ژینگەی سلێمانی لەبەردەم گەورەترین هەڕەشەی پیسبووندایە

‌ئارام سەعید

19/06/2022

بەداخەوە بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ژینگە ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەی سلێمانی ڕوو لە  پیسبوونی زیاتر دەكات و بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكان زیاد دەبێت كە پیسبوونی ژینگە بە یەكێك لە گرنگترین فاكتەرەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێژە زۆرەیە لە نەخۆشی،  لێرەدا بەكورتی كۆمەڵێك كێشەی سەرەكی تایبەت بە ژینگەی ئەم شارە دەخەینە ڕوو كە كاریگەری خراپیان هەیە لەسەر سەرجەم سێكتەرەكانی ژینگەو تەندرووستی مرۆڤ.

یەكەم: خۆڵ و خاشاك، شاری سلێمانی ڕۆژانە نزیك بە (1200) تۆن پاشماوەی هەیە كە تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت و دەكرێتە ژێر خاكەوە كە گەورەترین مەترسیە بۆ سەر تەندرووستی و پێكهاتەكانی ژینگە. وە بەداخەوە تائێستا كارگەی ڕیسایكڵی سلێمانی بەگەڕ نەخراوە بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنە حكومیەكان.

دووەم:چارەسەرنەكردنی پاشماوەو پزیشكی و دەرمانی بەسەرچووی نەخۆشخانەكان بەتایبەت نەخۆشخانە حكومیەكان.

سێیەم:نەبوونی سیستەمی چارەسەری ئاڕۆ بۆ شاری سلێمانی و  تێكەڵ بوونی هەموو ئەو پێكهاتە كیمیاییانەی لە نەخۆشخانەكان و ناوەندە زانستیەكان و ئاوەڕۆی ماڵان هەیە، بەتایبەت ئەو نەخۆشخانانەی كە  چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەكەن.

چوارەم:سەرەڕای كەمی ڕێژەی سەوزایی ناوشارو وشك بوونی بەردەوامی بلوارەكانی ناوشار ،ڕۆژانە بەهۆی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە بە هەزاران نەمام هەڵدەكێشرێن.

پێنجەم:بوونی ڕێژەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل، لەم شارەدا كە نزیكی (700) هەزارەو  هاوردەكردنی بەردەوامی ئۆتۆمبێل  و بەكارهێنانی بەنزینێكی كوالیتی خراپ.

شەشەم: بوونی ڕێژەیەكی ئێجگار زۆر لە موەلیدەی ئەهلی و كەرتی تایبەت بۆ كارەبا كەبوونەتە هۆی پیسبوونی هەواو ژاوەژاوێكی زۆر لەناو شاردا.

حەوتەم:پابەند نەبوونی كارگەكان بە ڕێنمایە ژینگەیەكان، كە چەندین جۆر دەردراوی پیسیان هەیە بۆ ناو پێكهاتەكانی ژینگە  بەتایبەت هەوا.

هەشتەم:كەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە ژینگەی ئەم شارە لە ڕووی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و زیاتر گرنگیدان بە بواری وەبەرهێنان لەسەر حسابی ژینگەو تەندرووستی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP