دواین هەواڵ

تێنەگەیشتن لە دونیای سۆشیاڵ میدیا

‌ئارام سەعید

30/05/2022

وەزیر گۆرانی قەدەغە دەکات و سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری دەیەوێت کەناڵ دابخات، چ رۆژگارێک تێکەوتوین... لەکاتی شۆڕش لە هەشتاکان خەڵک رادیۆی هەبوو گوێی لێدەگرت و لەرێگەیەوە ئاگاداری هەواڵی شۆڕش و چالاکییەکان بوو، بۆیە رژێمی بەعس تەشویشی بەکاردەهێنا بۆ رادیۆکەو پیشمەرگەش بەو توانا کەمەی خۆیەوە تەکنیکیان دۆزیەوە کە شەپۆلەکەیان ئەگۆڕی و خەڵک هەر دەیزانی هەواڵ چیە...

بۆ سەردەمی ئێستا زۆر هەواڵی ئەوە دەبیستین کە داوای داخستنی کەناڵ یان قەدەغەکردنی گۆرانی یان گرتنی نوسەر دەکرێت، لەهەموو ئەمانە تێنەگەیشتنێک لە دونیای سەردەمی سۆشیال میدیا سمارت فۆن و چەمکی ئازادی هەیە. ئایا دەزانن ئێستا ریژەی چەندی خەڵک سەیری تەلەفزیۆن و کەناڵ دەکات؟ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کوردی هەیە ژمارەیەکمان پێ بڵێ؟ چەندی سەیری سۆشیال میدیا دەکات؟ ئایا داخستنی سۆشیاڵ میدیا لای کێیە؟

بەنمونە یوتیوب بسڕەوە لەسەر ئایپادی مناڵەکەت بزانە پاش ماوەیەک چۆن هەموو ڤیدیۆکان لەریگەی گۆگڵەوە دەدۆزێتەوە، هەربۆیە راستیەک هەیە ئەویش ئێستا کێشە داخستن و قەدەغەکردن نیە بەڵام لیژنەی رۆشنبیری پارلەمان تا چەند دەستی لەدانانی سیاسەتی رۆشنبیری هەیە؟

چونکە مەسەلەکە ئەوەیە ئەو سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە گرنگیدانە بەچی؟ هەربۆیە داخستن و گرتن چارەسەر نیەو کەس ئاقڵ ناکات بەڵکو خەڵکی پێ خۆشەویسترو گرنگتر دەبێت، بینەری زیاتر دەدۆزیتەوە بۆیان بەڵام ئەمجارە لە سۆشیاڵ میدیا کە قوفڵ و داخستنی لای ئەم دەسەڵاتە نیەو لەشوێنی ترە.

کۆمپانیای گەورەی جیهانی هەیە بریار دەدات کە تویتەرو فەیسبوکی ترەمپ دابخات... بۆئەوەی ترەمپ رابگرن بریاریاندا بە داخستنی دەرگای سۆشیاڵ میدیا لێی نەک فۆکسنیوز یان کەناڵی تر..

مەسەلەکە لەدەستی وەزارەتی رۆشنبیری دەرچووەو دانی پێدا نانێن دەنا دەمێکە کەس پێویستی بەمۆڵەت نەماوە... کۆچی گەورەو بەلێشاوی ئەو کەناڵانە بەرەو سۆشیاڵ میدیا دەستی پێکردووەو ئێستا زۆرینەیان لە سۆشیاڵ میدیا بینەریان زیاترە...


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP