دواین هەواڵ

مناڵان، نەوجەوانان، خێزان و شاشەكان

‌ئارام سەعید

04/05/2022

هەر ماڵێک بگەڕێیت زیاتر لە ٥٠ ئامیری کارەبایی و میکانیکی و ئەلکترۆنی تێدایە، ژیانمان تێکھەڵکێشی ناویان بووە، رۆژانە چەندەھا ڤیدیۆ و ریکلام دێنە بەرچاومان، هەموو ئەمانە کارێکی کردووە ئەرکی ئەو تەکنەلۆژیایانە زیاد بکات و کاریگەری ڕاستەوخۆ و قوڵ لەژیانمان بکات ئەگەر لە رابردوودا فۆڕمێک لە کۆیلەداربوون خزمەتی کردبێت ئێستا فۆڕمێکی تر ھەیە کە ئەویش ڕۆبۆتە،

کەواتە ئەوەی گۆڕاوە پەیوەندی ئێمەیە بە ئامێرەکانەوە لە ئاستە جیاوازەکانی بەکارھێنانی لە فەزای چواردەورمان، ئەو جیاوازیەی لەنێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا هەیە لەئاستی مەتریاڵی و تەکنەلۆژییەوە ئەوەیە رەنگە ئامێرەکانیان لەڕووی کوالیتییەوە جیاواز بێت، دەنا لە ئاستە مەتریاڵییەکەیەوە ھەمووان خاوەنی تەکنەلۆژیای زیرەکن، ئەوەی ناتوانین لێی رابکەین تەکنەلۆژیایە لەجیاتی راکردن لێی دەبێت بەوریاییەوە مامەڵەی بکەین و دەرگیر ببین لەگەڵیدا..

تازە گەڕانەوە نیە بۆئەو جیهانەی رابردوو (ناتوانین جیھانی پێش تەکنەلۆژیا دوبارە بکەینەوە)، دەورەدراوین بە تەکنەلۆژیاو زانیاری بەردەوام، شاشەکان لێوان لێون لە ھەواڵ و مەسرەفکردنی بەردەوامی زانیاری.. لە ئاستێکدا ئاسانکاری زۆریان بۆ کردوین، بەردەوام ژیانمان لە ھەندێک ڕووەوە ئاسانتر دەکەن.. لەسەردەمێکدا دەژین شۆڕشەکان بە درۆن کۆتاییان پێ دەهێنرێت و دەتوانن لەڕێگەی ئامێرەکانەوەو لە دورەوە کوشتاری گەورە بکەن.. خۆپیشاندانەکان بە دیجیتاڵ میدیا سەرکوت دەکرێن سەرەڕای کاری راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان.

بەگوێرەی ئامارێک کە ماڵپەری ستاتیستای فەرەنسی ساڵی ٢٠١٩ لە فەرەنسا ئەنجامداراوەو ئەو بەشداربوانە تەئکیدیان کردوه‌تەوەو کە ئەو سەعاتانە بەدیار تەلەفونی سمارت یان کۆمپیوتەر یان ئایپادەکانیانەوەن.

بەکارهێنانی شاشە بەپیی سەعاتەکان بەم شێوەیە:
* %8 یەک سەعات و کەمتر
* %55 دوو سەعات بۆ ٤ سەعات
* %21 پێنج سەعات بۆ ٧ سەعات
* %16 هەشت سەعات و زیاتر

بۆ روبەرووبونەوەی کاریگەریەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە ٩-٣-٢٠١٩ هەرسێ ئەکادیمیای زانست و پزیشکیی و تەکنەلۆژیا لە فەرەنسا لە راپۆرتێکی دورودرێژدا کە ٢٧ لاپەرەیە بەناوی (مناڵان، هەرزەکاران، خێزانەکان و شاشەکان) چەند بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەر مامۆستایان و دایکان و باوکان بەرامبەر مناڵەکانیان کە تیایدا سەرەڕای باسکردنی لایەنە خراپەکانی زۆربەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە، باس لەلایەنە باشەکانیشی دەکات. هەربۆیە گرنگە ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و پزیشکیەکانی کوردستان گرنگی و بایەخ بەو راپۆرتە بدەن و رێنمایی و پەیڕەو لێکۆڵینەوەی گرنگ بکەن لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ شاشەکان.

لەو راپۆرتە فەرەنسییەدا لەڕووی تەندروستییەوە باسی کاریگەری روناکی و تیشکی شاشەکان کراوە بۆ مناڵان و ئەو دابڕانەی دروستی دەکات لەلای مناڵ، هەروەها دواکەوتنی لە خوێندن بەهۆی یارییەکانەوە، پاشان چۆنیەتی مامەڵەی خێزان بۆ مناڵانی بەر لە ٣ ساڵ و دواتر ٣ ساڵ تا ١٠ سال و بەشی سێهەم لە ١٠ ساڵانەوە تا ١٧ ساڵ کە چۆن و بە چ ریسایەک مامەلە لەگەڵ شاشەکاندا بکەن، لەکۆتاییدا بۆ گەورەساڵان.

لەراپۆرتەکەداو دوای ئەو رێنماییانەی باسکراون نوسراوە" راستە زۆر لایەنی نەرێنی هەیە کە پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان ئاگاداری بن بەڵام ئامانج ئەوە نیە گەیشتن بەشاشەکان سنورداربکرێت، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر گرنگە بۆ مناڵانی بچوک لەگەڵیان بین چونکە بەکارهێنانی ئەو شاشانە بەشێوەیەکی گونجاو کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە بۆ مناڵان و توانای بیرکردنەوەو گەشەی کۆمەڵایەتییان زیاد دەکات. کەواتە لەجیاتی ئەوەی شتێکیان لێ بشارینەوە کە راکردن لێی مەحاڵە باشتر وایە هاوەڵیان بین لە بەکارهێنانەکاندا تا زامنی ئەوە بکەین لەدۆخێکدا بژین لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایە کە تەندروستیان پارێزراو بێت". 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP