دواین هەواڵ

یەک ئامانج و چەندین ئاراستە!

‌مەجید ساڵح

02/06/2022

لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بەهۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان وەک کرمی ئەمیبیا کرایە چەندین لەتەوە و هەر لەتێکیش خۆی بەراست دەزانی و بەنیازی یەکخستنی دەنگەکان لە دەوری خۆی دەستی دایە کارکردن، بەڵام دوای پێنج ساڵ هیچ ئاراستەیەک نەیتوانی ببێتە هێزێکی کاریگەر و جێگەی متمانەی خەڵک، بەپێچەوانەوە تا دێت ئومێدی ئەڵتەرناتیف بۆ دۆخەکە بەرەو پوکانەوە دەچێت.

لەولاشەوە پارتی و یەکێتی و ئەوبەشەی گۆڕان کە هیوایان لە سەرچاکسازی هەڵچنیبوو تا دێت هەرێمەکە و خەڵک بەرەو نائومێدی دەبەن و ئاسۆیەکی روناک بۆ رزگاربوون لەو هەڵدێرە لەودیو تونێلەکە بەدی ناکرێت...

ئەوەشی لەپەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان کاری ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد نەیتوانی قورسایەکی ئەوتۆ لەسەر دەسەڵات دروست بکات و هەندێکیان جگە لەوەی پرۆژەو بەرنامەیەکی رونیان پێ نییە، دووبارەی هەڵەی پۆپۆلیستانەی ھەندێ گۆڕانخواز دەکەنەوە کەبووە خۆراکی مانەوە دەسەڵات و کاتی خۆشی یەکێک بوو لە ھۆکارەکانی لاوازبوونی بزوتنەوەی گۆڕانی، چونکە کۆمەڵێک ئامانجی لە خۆ دەگرت ھێنادییان لە بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە مەحاڵ بوو..

چارچییە؟

لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی بە دۆخێکی هاوشیوەی کوردستاندا تێپەڕیون، هەموو دەنگە ناڕازی و ریفۆرمخوازەکانی کۆمەڵگا، کێشە فکری و مەنهەجی و شەخسیەکانیان وەلا ناوەوە لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ ئەو قۆناغە رێککەوتوون و تا تێپەڕاندنی دۆخەکە و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز کاری هاوبەشیان کردوە و ئومێدیان بۆ خەڵک گەڕاندوەتەوە، ئەم هەنگاوە بۆ سەرکردەو کادیرە دیارەکانی گۆڕان کارێکی قورس نییە، چونکە لە رابردودا لە دۆخە سەخت و رۆژگارە رەشەکاندا براو پشتیوانی یەکتر بوون و خاڵی هاوبەشیان زۆرترە تا ناکۆکی و دڕدۆنگی، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام موستەحیلیش نیە و بەدڵی زۆرینەی خەڵکە، ماوەتەوە هیمەت و ئیرادەی هاوبەش...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP