دواین هەواڵ

پۆپۆلیزم بۆ کوێمان پەلکێش دەکات!؟

‌مەجید ساڵح

18/06/2022

یوڤاڵ نوح هەراری، بیرمەندێکی هاوچەرخە لە زۆر ناوندی ئەکادیمی و میدیایی قسەی جیاواز دەکات و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی دنیا گوێ لێگیراوە، ئەو پێی وایە لەم چەند سەدیەی رابردوودا سێ تەوژمی فەلسەفی و فکری هەبوون (ناسیونالیزم، سوسیالیزم و لیبرالیزم)، دوانی یەکەم نەیانتوانی کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر بکەن و دوای کوشتوکوشتارێکی زۆر سەرئەنجام کەنار کەوتن، مایەوە لیبرالیزم،

بەڵام وا ئێستا لیبرالیزمیش تووشی ئاڵنگاری و قەیرانی قووڵ بوەتەوە و ناتوانی خۆی لەبەرامبەر ئەو گۆڕاناریانەی کە تەکنەلۆژیا دروستی کردوون راگرێت وکۆمەڵگاکان وا خەریکە تەسلیمی پۆپۆلیزم و عەوامگەرایی دەبن، مەترسی گەورە ئەوەیە لە هەندێ وڵاتدا پۆپۆلییستەکان هەڵەو کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتەکانیان قۆزتوەتەوە و خۆیان دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست و خەریکی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەقڵ و هۆشی خەڵکی، بەشێوەیەک نەخشە دادەڕێژن بۆ ئەوەی بۆ هەتاهەتایە لەدەسەڵات بمینێتەوە...

پێم وانییە کۆمەڵگای ئێمەش لەم هاوکێشەیە بەدەر بێت... دەسەڵاتی خۆیی نەیتوانی خۆشگوزەرانیەکی باش بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و لەبەرامبەر قەیرانەکاندا کەمتەرخەم و بێ توانایە و دۆش داماوە، لەوەش خراپتر پێی وایە بەم شێوەیە دەتوانێ بەردەوام بێت، ئەمەش رێگەی خۆشکردوە بۆ کۆمەڵێک پۆپۆلیستی خاوەن سەرمایە و میدیا بە دروشمی بێ کردار خەڵک لە خشتەبەرن..

دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخەکە لەسەر ئاستی دنیادا زۆر قورسە، بە تایبەتی بۆ میللەتێکی وەک ئێمە کە نوخبە رۆشنبر و سیاسیەکەی دابڕاوە لە کۆمەڵگا و سەرقاڵی چەلەحانیەیە بە شتگەلێکی دوور لە واقع و دەسەڵتدارانیش یا لێی نازانن یان باکیان نییە لەوەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت...


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP