دواین هەواڵ

بەبیانووی قسەکانی عەلی حەمە ساڵح... بۆچونێکی دیکە

‌مەجید ساڵح

11/10/2022

بەڕێز عەلی حەمە ساڵح لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە: (لە پێناوی پاراستنی بەها باڵاکانی کۆمەڵگاکەماندا، بەدواداچوونمان کرد و داوامان پیشکەش کرد.. رێگری لە کۆنسێرتی محەمەد رەمەزان دەکرێت...)... دواجاریش حکومەت ملی بۆ بۆچوونەکەی داو کۆنسێرتەکەی قەدەغەکرد.

با بزانین ئەم (محەمەد رەمەزان)ە کێیە، گۆرانیبێژ و ئەکتەرێکی شەعبی میسرییە، هۆکاری ئەوەی هەندێ لە عەرەبەکان رقیان لێیەتی ئەوەیە لەگەڵ هونەرمەندە ئیسرائیلییەکاندا پەیوندی باشی هەیە، لەلایەن هەوادارانی حزبە سیاسییە ئیسلامییەکانیشەوە رەخنەی توندی لێدەگری بەوەی رەفتارەکانی لەگەڵ (بەها باڵاکانی کۆمەڵگا) ناگونجێ!!

نازانم ئەم بۆچوونەی عەلی حەمە ساڵح هەڵقوڵاوی کام لەو هۆکارانەیە، بەڵام پێم خۆشبوو لە روانگەی خۆمەوە هەندێ بۆچوون لەسەر ئەم جۆرە ئاراستەی بیرکردنەوە دەربڕم کە راستەوخۆ لە کۆمەڵگای عەرەبییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێمە؛ بەبێ ئەوەی بزانن کە ئایا لەگەڵ (بەها باڵاکانی کۆمەڵگاکەماندا) دەگونجێ یان ناگونجێ، چونکە کۆمەڵگای عەرەبی لەزۆر رووەوە جیاوازە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێمە.

لە راستیدا لە ئێستادا سپرزەییەکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا روودەدات... بەهۆی غیابی دەوڵەت و نەبوونی دەستورێک کە فەلسەفە و ناسنامەی حوکمڕانی بۆ ئەم هەرێمە دەستنیشان بکات، هەرکەسەو هەڵدەستێ مینەبرێک بۆ خۆی دەکاتەوە و دەبێتە وەسی بەسەر کۆمەڵگا و بە ئارەزووی خۆی (بەهای باڵا)ی بۆ دیاریدەکات و هەوڵدەدا بیسەپێنێت بەسەریدا.. بۆیە لە ئێستادا کۆمەڵێک کولتووری دژ بەیەک لە کوردستاندا لە ململانێدان دەکرێ ئاماژە بە سیانیان بدەین:

یەکەم: کولتوورێک کە هەندێ کەسایەتی بەناو ئاینی و ئیسلامی سیاسی دەیانەوێ بە بیانوو پاراستنی (بەها باڵاکانی کۆمەڵگاکەمان) بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا بیسەپێنن و خەڵک بگەڕێننەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستە مینبەرەکانی مزگەوت و کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان سیخناخ کردوە لەو بۆچوونانە.

دووەم: کولتوورێک کە خەریکی سەرهەڵدانە و دەرهاویشتەی فەرهەنگی بەکاربەری و تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکانە و بە خێرایی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاودەبێتەوە. بە زۆری و بە خێرایی لە ناو لاواندا تەشەنە دەسێنێت و گوێ بە هیچ بەهایەک نادات و بە زۆری ئەو جۆرە فەرهەنگانە دەگوازرێنەوە کە خڵتەی کۆمەڵگاکانی خۆیانن، ئەم "محەمەد رەمەزان"ە و کچە مۆدێلەکان و کۆمەڵێک گۆرانی و میوزیک کە هەلقوڵای زەمین و زەمانێکی دیکەن.

سێیەم: کولتوورێک کە سیاسەتمەدار و بازرگانەکان لە رێگەی میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندنیانەوە پەرەی پێدەدەن و بۆ زۆرکردنی بینەرە و بسیەر و لایک و کۆمێنت جۆرێک لە ئانارشیزمی کولتووری بەرهەم دەهێنن. جارێک مەلا عەلی کەڵک و مەلا مەزهەرت بۆ دەکەن بە پاڵەوانی شاشەکانیان و جارێکی دیکەش سیاسەتەمەدارە پۆپۆلیستەکان!!

ئەوەی لەم ململانێدا غائیبە، حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە سەرگەردانییەکی گەورەدایە و خاوەن هیچ ناسنامەیەک نییە (ئیسلامییە، عەلمانییە، لیبراڵە، سوسیالیستیە) کەس نازانێ!! هەر ئەمەش وای کردوە سیاسەتێکی کولتووری دیاریکراوی نەبێ. گۆڕەپانەکەی بەجێهێشتووە بۆ ئەوانەی کە گەمە بە چارەنووس و ئایندەی خەڵکەوە دەکەن.
پاراستنی (بەها باڵاکانی کۆمەڵگاکەمان) بە مزگەوت کردنی کەناڵەکانی راگەیاندن و قەدەغەکردنی کۆنسێرتی ئەم هونەرمەند و داخستنی ئەو مەلها و یانەی شەوانە ناکرێ، چونکە (خستنە بازاڕ پەیوەندی بە خواستەوە هەیە)، تا ئەو کاتەی خواست لەسەر شتێک هەبێ بە دڵنیاییەوە تۆش قەدەغەی بکەیت گەنجەکان هەزارو یەک رێگەی دیکەیان لەبەردەستدایە بۆ تەماشاکردنیان.

مەسەلەکە پەیوندی بە هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگاوە هەیە لەڕێگەی کولتوور سازییەوە، کلتورێک کە نەتباتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست و لە واقعەکە داتنەبڕێ، لە هەمانکاتدا دەرگا لەبەردەم هەرچی (لۆمپن کولتوورە) نەکاتەوە و کۆمەڵگا تووشی داڕمان نەکات.

لەم مەسەلەیەدا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە سیاسەتێکی کولتووری هەبێ بۆ پاراستنی نەک هەر (بەها باڵاکانی کۆمەڵگاکەمان)، بەڵکو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیای مۆدێرن و پلۆرالیزمی فەرهەنگی و سیاسی و ئاینیدا بگونجێت...


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP