کێشەکان چی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری یان نەتەوەیی و رەگەزییش بن، ئیتر دەبێت لە سات و وێستگەیەکی مێژووییدا بەرەو چارەسەر بڕۆن لەگەڵ ئەوەی گرفتەکانی بەردەمی چەند گەورەش بن، نموونەی زۆر لەو رووەوە هەیە.
دۆزی کورد لە تورکیا دۆزێکی رەوایە و لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی ١٩٢٣ەوە بوونی هەیە، لەوکاتەوە تائێستا دەسەڵات لەدوای دەسەڵات بوونی کورد و دۆزەکەیان رەتکردووەتەوە و دانیان پێدا نەناوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە و دۆزەکەیش هەر زیندووە و خەباتیش لەپێناویدا برەو دەسێنێ.
تورکی رەگەزپەرست و سیاسەتمەدارەکانیان بە هەموو شێوەیەک خەباتی چەکداریی کورد رەتدەکەنەوە و بە تیرۆر ناوی دەبەن، هەروەها خەباتی مەدەنی کوردیش رەتدەکەنەوە، ئیتر لەگەڵ ئەوەشدا قسە و پێشنیازی وا سەیردەکەن مرۆڤی ژیر تووشی سەرسوڕمان دەکەن و خۆزگە دەخوازێت هەر گوێی لە قسەی واش نەبووایە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە گوتارێکیدا بۆ فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە قسە دەکات و دەڵێت:
• تورکیا کێشەی کوردی نییە، کێشەی جوداخوازی و تیرۆری هەیە.
• ئەوانەی کەلێن لەنێوان تورک و کورد، عەلەوی و سوننە دروستدەکەن، خیانەتکارترینی خیانەتکارانن.
• بە ژن و ژنخوازی چارەسەری لێک دوورکەوتنەوەی تورک و کورد دەکرێت.
لێدانەوەی قەوانە کۆنەکەی سەردەمی ئەتاتورک لە سەدەی بیست و یەکدا، جگە لەوەی مایەی نیگەرانییە، هاوکات دەرخەری ئەوەیشە بوونی پیرە ستاسەتمەداری لەو جۆرە چەند مەترسین لەسەر دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ و برایەتیی گەلان، چەندەش فتیلەی شەڕ بڵێسە دەدەن و مرۆڤ دەکەنە قوربانیی ویستە شەڕەنگێزییەکانی و خۆشیان ژیانێکی خۆش دەژین لە کۆشک و تەلارەکاندا.
باخچەلی نموونەی ئەو سیاسەتمەدارانەیە کە بڕوایان بە مافی مرۆڤ و نەتەوەی جیاواز و ژیانی شایستە بە مرۆڤ نییە، عەقڵیشیان وەکو تەمەن و جەستەیان پیربووە و هیچ هیوایەک نییە بگۆڕێن و چەند جارێکیش وەکو مرۆڤی ژیر و باڵا بیربکەنەوە و قسەبکەن.
ژن و ژنخوازی چارەسەری کێشەی نەتەوە ناکات، بەڵکو ئەوە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و هیچ رەهەندێکی سیاسی و نەتەوەیی نییە، کاتێک ئەوە دەبێتە میکانیزمی سوودبەخش کە لەنێوان نەتەوەی چەوساوە و چەوسێنەردا نەبێت، بەڵکو لەنێوان دوو نەتەوەی ئازاد و پێکەوەژیاودا بێت و لەسەر بنەمایەکی یەکسان بێت نەک بکرێتە هۆکارێک بۆ لەناوچوونی زیاتری نەتەوەی چەوساوە.
هەر ئەوەشە وادەکات بڵێم ئەو سیاسەتمەدارە پیرە هەر قسە نەکات باشترە.