دواین هەواڵ

بەرێوەبردنی كارەسات(ادارة الكوارث)

‌د. سارە كاكل

12/08/2021

بەرێوەبردنی كارەسات پێناسەی زۆری بۆكراوە، بەڵام. دەتوانین بە كورتی بڵێن ئۆپراسیۆنێكە كەهەڵدەستێت بە پێشبینی كردنی هەر كارەساتێك كە ئەگەری روودانی هەبێت مرۆیی بێت یا سروشتی.

وە مامەڵەکردنە لەگەڵ کارەساتەکان و هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریە نەرێنیەکانی ڕووداوە لەناکاو نەخوازراوەکان دەدات وەک ڕوودانی لافاو ، بومەلەرزە ، ئاگرکەوتنەوە ، جەنگ، تەقینەوە هەر ڕووداوێک کە لەسەرەوەی دەسەڵات و ویستی مرۆڤ بێت.

ئامانج لە مەدا ئیدارەدان بۆ قەیرانەکان و پێشهاتە سروشتیەکانیش ئەوەیە کە ڕێگە بگیرێت لە تەشەنەسەندنی ڕووداوەکان، واتا ڕوبەڕوبوونەوەی کارەساتەکان بە پێی تواناو لێهاتوویی کە پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە بەمەبەستی کەم کردنەوەی زیانی گیانی و مادی واتا وانە وەرگرتن لە کارەساتەکەو پڕکردنەوەی کەمووکوڕی و بۆشاییەکان بەمەبەستی زوو چارەکردنیان.

ئیدارەدانی قەیرانەکان بە ۳ قۆناغدەبێت:

- قۆناغی یەکەم پێی دەڵێن (پێش کارەسات)، لەم قۆناغەدا دەبێت پلان و بەرنامەی پێش وەختە دابندرێت بۆ بۆ پێشبینی کردنی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو وەدانانی سیناریۆ لە کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوانەو گرتنەبەری ڕێکارو ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ڕوداوەکان ئەوەش بە بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری و ڕاهێنان بە هاووڵاتیان و ئامادەکردنی ستافێکی شارەزاو پسپۆر لەو بوارەدا هەروەها بونی ئامێرو کەرەستەی پێویست.

قۆناغی دووەم : چۆنیەتی ڕوبەڕوبوونەوەی کارەساتەکان. ئەمەش لەکاتی ڕوودانی کارەساتەکان دەبێت ئەویش بە جێ بەجێ کردنی پلان و سیناریۆکان دەبێت بۆ ڕێگەگرتن و تەشەنەسەندن و کەم کردنەوەی زیانەکان و پێش کەش کردنی خزمەتگوزاری بەپەلەو لەناکاو هەروەها چاودێری کردن و بەگەڕخستنی گشت ئامێرو هێزی فریاکەوتن و لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە.

قۆناغی سێیەم : هاوسەنگی پێشگرتن لە زیانە مادیەکان و گیانیەکان و دووبارە بنیادنانەوەی شوێنە زیان لێکەوتوەکان هەروەها دابەش کردنی ئەرک و ڕێوشوێن و ڕێکاری پێوویست و پێشنیاری تازەو پلانی تۆکمەو وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو. بێگومان کارەساتە یەک لەدوای یەکەکانی ووڵاتانی جیهان و دراوسێ وەک (تورکیا، لوبنان ، چین)، دڵەڕاوکێی لای گشت ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دروست کرد کە لەوانەیە لەهەر ووڵاتێک ڕووبدات بەڵام بە بێ بوونی بەشێک بەناوی ئیدارەدانی قەیرانەکان و نەبوونی پلان و ئامادەسازی پێش وەختە زیانی زۆری مادی و گیانی لێدەکەوێتەوە هەروەک تەقینەوە گەورەکەی ماوەی ڕابردوو کە لە ووڵاتی لوبنان ڕویدا، کە بێ ئەزموونی و بێ پلانیەکی تەواوی پێوە دیاربوو بەجۆرێک کە زۆرترین زیانی مادی و گیانی لێکەوتەوە،

هەروەها سووتانی دارستانەکانی ووڵاتی تورکیا کە چەندین ڕۆژە بەردەوامەو کۆنتڕۆڵ نەکراوە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پلان و بەرنامەی پێشوەختەی قەیرانە چاوەڕوانکراوەکان بوونی نیە هەروەها نەبوونی ئامێری پێویستیش یەکێکە لە هۆکارەکان.

بۆیە گرنگە لە کاتی قەیرانەکان هاووڵاتی هاوتەریب بێت لەگەڵ حکومەت و هاوکار بێت بۆ لێکەوتەکانی تاوەکو بەهەوڵی هەموو لایەک بتواندرێت بەکەمترین زیان لەقەیران دەربچین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP