دواین هەواڵ

بۆچی ئێران دوو هەفتەیە گڕی گرتووە و فیتنە دروست دەکات؟

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

30/07/2026

ئامانجی سەرەکیی ئێران بۆ جووڵاندنی بریکارەکانی لە عێراقدا، ڕێگریکردنە لە نزیکبوونەوەی بەغدا لە ئەمریکاو تورکیا و وڵاتانی عەرەبی. لە ڕوانگەی تارانەوە، ئەم نزیکبوونەوەیە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر هەژموون و نفوزی لە عێراقدا.

لە واشنتۆن ڕێککەوتنی گەورە کرا بۆ دروستکردنی ڕێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت دوور لە تەنگەی هورمز. 

هاوكات پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بەگەڕخراوەتەوە؛ لە ئەنقەرەش ڕێککەوتن کراوە بۆ درێژکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکووک جیهان و بەستنەوەی بەسڕا بە تورکیا.

بۆچی ئێران نیگەرانە؟

کۆڵەکەی هێزی ئێران لە عێراق لەسەر قۆرخکارییە: قۆرخکردنی بازاڕ، ڕێگەکان و چەک. ئەگەر عێراق ڕێگەی ئابووریی جێگرەوە بدۆزێتەوە، گرنگیی تەنگەی هورمز کە تاران وەک دوا کارتی گوشار بەکاری دەهێنێت، لاواز دەبێت یان بە تەواوی لەدەست دەچێت.

بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان درۆن لە ناو خاکی عێراقەوە بۆ سەر سعودیە، ڕێک لەو ڕۆژەدا بوو کە ڕێککەوتنەکە لە ئەنقەرە ئیمزا کرا؛ ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە تێکدانی ئەم پڕۆژە ئابوورییە ستراتیژییانە بوو.

تێکدانی بڕیاری چەکداماڵین: دروستکردنی ئاڵۆزی و جەنگ وا دەکات بڕیاری چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کە بڕیار بوو تا ٣٠ی ئەیلوول جێبەجێ بکرێت هەڵبوەشێتەوە. 
بریکارەکانی ئێران ئەم داواکارییە پەراوێز دەخەن و جێبەجێی ناکەن.

کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئابوورییەکان: نەخشەی جێگیربوونی گرووپە چەکدارەکان ڕێک دەکەوێتە سەر هەمان ئەو ڕێڕەوانەی کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی پێدا تێپەڕ دەبێت، تا بتوانن کۆنتڕۆڵی تەواوی هاتووچۆی ئابووریی ناوچەکە بکەن.

ئێران دەزانێت عێراق دوا سەنگەریەتی، بۆیە هەموو فیتنەیەک دەکات تا ڕێگری لەم گۆڕانکارییانە بکات یان دوا بخات، هەتا ئەگەر بە هەڵگیرساندنی جەنگیش بێت لە ناو عێراقدا. بڕینی دەستی ئێران و دەرکردنی لە عێراق، بە واتای کۆتایی هەژموونی هەرێمایەتیی تاران دێت؛ لەبەر ئەوە، ئەمریکا هەموو چەک و ئامرازێک بەکاردێنێت تا عێراق بە تەواوی لە فەلەکی ئێران دەربێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP