دواین هەواڵ

٧٢ کاتژمێری یەکلاکەرەوە ئاماژەکانی شەڕ لە ڕێککەوتن بەهێزترن

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

9 کاتژمێر پێش ئێستا



دۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە شوێنێک کە چیتر کاتی کات کوشتن و یاری سیاسی نەماوە. هەرچەندە شاندەکەی پاکستان لە تاران بوون بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزنەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت دەڵێت شەڕ زۆر لە ڕێککەوتن نزیکترە. تاران نەک هەر لە هێڵە سوورە ئەتۆمییەکانی پاشەکشە ناکات، بەڵکو دەیەوێت هەموو کێشەکان پێکەوە گرێ بدات، ئەمەش وای کردووە ئومێدی ڕێککەوتن بگاتە سفر.

خاڵی سەرەکی کە ئێران وەک گوشار بەکاری دەهێنێت، سەردانەکەی قائانییە بۆ بەغدا. ئێران نەک هەر سڵ لە سەرکێشی ناکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت جارێکی تر حکومەتی عێراق بە ئارەزووی خۆی دابڕێژێتەوە! لە کاتێکدا تەنیا ٧٢ کاتژمێر ماوە بۆ ئەوەی دۆخەکە بتەقێتەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودس خەریکی قایمکردنی پێگەی سیاسییە لە عێراق؛ ئەمە مانای ئەوەیە تاران دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت گوشارەکانتان بێسوودن.

کاتێک ترەمپ جێگرەکەی لە شاندی ئیسلام‌ ئاباد دەکێشێتەوە، ئەمە تەنها گۆڕینی دیپلۆماتێک نییە، بەڵکو ئیعلانی بێ ئومێدییە لە هەر جۆرە سازشێک. ترەمپ نایەوێت ئیدارەکەی بخاتە ناو کۆبوونەوەیەکی بێ ئەنجام کە تێیدا تاران تەنها کاتی پێ بکوژێت. چەند وڵاتێکیش چاوەڕێی درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن، بەڵام ئاسۆکە ڕوون نییە.

گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی ئێران ئەوەیە کە وا دەزانێت کات لای ئەوانە. تاران بەو شێوازە خاوەی خۆی دەیەوێت ترەمپ ماندوو بکات، بەڵام کارەکتەری ترەمپ بەرگەی کات کوشتن ناگرێت. بۆ ترەمپ، یان دەبێت ڕێککەوتنەکە ئێستا بکرێت، یان مێزەکە وەردەگێڕێت. ئەم ناتەباییە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ناوچەکە بەرەو تەقینەوە دەبات.

هەموو نیشانەکان بەرەو ئەوە دەچن، ئەگەر تاران لەم چەند کاتژمێرە کەمەی لەبەردەستیدایە پاشەکشەیەکی گەورە نەکات، ئەمریکا دەست بە بۆردومانەکان دەکاتەوە. ئێستا ئەگەری شەڕ و گۆشەگیرییەکی توندی وەک تاڵیبان زۆر نزیکترە لە ڕێککەوتن؛ چونکە تاران لەجیاتی هێورکردنەوە، خەریکی هەمان یارییە کۆنەکانیەتی بۆ کات کوشتن و قایمکردنی سەنگەرەکانی لە بەغدا و ناوچەکە. ئەمجارە شەڕەکە دەبێتە شەڕێکی یەکلاکەرەوە بۆ خودی ئێران و هەموو گروپ و بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP