(١)
بەهەر هۆکارێک بێت، پلانی ئەوەی حزبەکانی رۆژهەڵات ببنە بەشێک لە جەنگی ٣٩ رۆژە، تەنها پێش ٦ کاتژمێر لە ماوەی جێبەجێکردنەکەی هەڵوەشایەوە. لەو کاتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران دیدگایەکی تەواو ئەمنی بۆ ئەو حزبانە و بۆ هەرێمی کوردستان هەیە! لەو کاتەوە چ سەرۆکی حکوومەت، چ سەرۆکی هەرێم لەولاشەوە حزبەکان تا دەگاتە بزووتنەوەی ئیسلامی سەرقاڵی ئەوەن ئەو دیدگایە بگۆڕن.
(٢)
هەموو هەوالی هەرێمی کوردستان ئەوەبووە، چارەنووسی ئەو حزبانە بە هەمان چارەنووسی خەمناکی موجاهیدینی خەلق نەبێت، ئەو رێکخراوەی لە عیراق دەریانکردن و لە ئەلبانیا گیرسانەوە.
قسەکانی ئەم دواییەی کاک محەمەدی حاجی مەحمود بەشێک بوون لەو هەوڵانە، کاتێک داوای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی کورد کرد لە ئێران.
(٣)
ئیستا ئێران هاوشێوەی تورکیا لەجیاتی باخچەلییەک دوانی هەیە، باخچەلییەکانی ئێران قالیباڤ و پزیشکیانن. هەردوکیانلەکۆتاییدا دیدگای ئێران کەمێک گۆڕدرا. بەڵام چۆن؟ ئێران بە دەستێکی دار و بەدەستەکەی دیکەی گوێزەری پێیە! هەر بۆیە ئێران ئیستا لەگەڵ سێ حزبی دیموکرات، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پژاک لە گفتوگۆدایە!
(٤)
ئەوەی ئێران تەنها لەگەڵ سێ لایەن قسەدەکات، بە دوو هۆکارە: یەکەمیان، ئەوەی ئێران پێیوایە بەشێکی ئەو حزبانە بڕیاریان لەلای خۆیان نییە، بەڵکو وەک ئێران دەڵێت لە ئیسرائیلە، لەمەشدا بەدیاریکراوی مەبەستی پاک و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە. دووهەمیان، ئەوەیە کە هەندێک لەو حزبانە خۆیان ئامادەی دانیشتن نین، لە نموونەی حزبی کۆمونیستی ئێران!
(٥)
مەرجی ئێران بۆ گفتوگۆ ئەوەیە چەکدانان بەشێکبێت لە ڕەوتی گفتوگۆکە. ئەمە تەنانەت مەرجە بۆ ئەوانەش کە گفتوگۆیان لەگەڵ ناکرێت یان نایانەوێت گفتوگۆ بکەن، چونکە لێرەدا ئەو حزبانە خراونەتە بەردەم دوو بژاردە: یەکەمیان، چەکدانان و مانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی تاکەکەسی و وەک پەنابەری سڤیل. دووهەمیان، چوونە بەرەو وڵاتی سێهەم.
(٦)
ئەوەی وڵاتی سێهەم کوێیە، تاوەکو ئیستا یەکلا نەبووەتەوە، بەڵام ئەلبانیا پێدەچێت بژاردەیەک بێت. هەربۆیە، سەردانی ئەم کۆتاییەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو وڵاتە جۆرێک لە ترسی درووستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ئەم خاڵە دەیانگرێتەوە (کۆمەڵەکان) لەناوچەی یەکێتیدا نیشتەجێن!
(٧)
ئەم هەلومەرجە، تەواوی ئەو حزبانەشی توشی جۆرێک لە ئیحراجی کردووە، بەتایبەتی ئەوەی هەموان بەشداری گفتوگۆ نین، جا بە خواستی خۆیان بێت یان نا! هەر ئەوەش وایکردووە بڕیاردان قورسبێت، بەڕاددەیەک هەندێک لە ڕێبەرانی ئەو حزبانە ئیستا لەناوخۆشیان کەوتوونەتە ناکۆکی، چونکە پێیانوایە هەر بڕیارێک لە درێژ مەودا خراپ لەسەر ناوبانگی بزووتنەوەکە دەکەوێت.